Smiley face
Smiley face
Smiley face

تەرمی خاڵۆزایەکی مەسعود بارزانی بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

2017-06-23 11:55:14



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

تەرمی خاڵۆزایەکی مەسعود بارزانی کە هاوکات برازای هۆشیاری زێبارییە لە ماڵەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ئێوارەی دوێنێ، تەرمی عەقید دلگەش عەبدولجەبار طیب محمد زێباری لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی شەرمنی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ دۆزرایەوە.

 

دڵگەش کە خاڵۆزای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاوکات برازای هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وەزیری لەسەرکار لادراوی عێراق و نەوەی مەحمود ئاغای زێبارییە کە دەکاتە باوکی حەمایلی دایکی مەسعود بارزانی.

 

بەپێی وتەی شایەتحاڵێکی گوندی شەرمن کە بۆ ڕۆژنیوز دواوە: عەقید دڵگەش تەمەنی 40 بۆ 45 ساڵ دەبوو، پاشنیوەڕۆی دوێنێ دەوروبەری کاتژمێر ٤ بۆ ٥ی دوای نیوەڕۆ، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی، دەنگی تەقینی فیشەکێک لە ماڵەکەی بیستراوە، دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکە چوونەتە ماڵەکەی، بە مردویی دۆزیویانەتەوە، کە دیارە دەستبەجێ گیان لەدەست داوە.

 

ئەو شایەتحاڵەی گوندی شەرمن کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، وتیشی: سەرەتا تەرمەکەی دڵگەشیان بۆ نەخۆشخانەی ئاکرێ بەڕێکرد، پاشان گەڕاندیانەوە بۆ ئەوەی بینێژن، بەڵام پوڵیس ڕێگری لێکرد و وتیان دەبێ بەرەو پزیشکی دادوەری ببرێت.

ڕۆژنیوز چەندین جار پەیوەندی بە پولیسی پارێزگای دهۆکەوە کرد بۆ ئەوەی لێدوانی پێویست لەوبارەوەیەوە بدات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکان نەدرایەوە.

 

ئەوە جاری یەکەم نییە کە بەرپرس و کاربەدەستانی وەزارەتی پێشمەرگە و زێڕەڤانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕووداوی گوماناوی دەکوژرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ دادگایەک بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەیسانە بەڕێوە نەچووە.

 

د.خ
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin