Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان: دەیانەوێت پەرلەمان کارابکەنەوە بۆ بەیاساییکردنی ڕیفراندۆم

2017-06-21 09:11:51



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کە 'بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردان و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕانە'، ڕایدەگەیەنێت، ئێستا کە باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت تەنها ئامانجیان ئەوەیە ڕیفراندۆم بە یاسایی بکەن، دەشڵێت: سەدام کە گەورەترین دوژمنی کورد بووە، بەڵام بەقەدەر ئەمانە زیانی لە گەلی کورد نەداوە.

 

گوڵستان سەعید، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، نوێترین هەڵوێستی بزوتنەوەکەیان دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێم و دواکەوتنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕیفراندۆم دەخاتەڕوو، هەروەها باس لە هۆکارەکانی دۆخی پڕ قەیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و پارتی و یەکێتی تۆمەتباردەکات بەدۆخەکەو لایەنەکانی دیکەش بە کەمتەرخەم دەزانێت، باسیش لە هەبوونی هەزاران سەربازی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا دەکات، وەک خۆشی دەڵێت داواکارە چیتر کلک لەگەڵ هیچ دەولەتێکدا گرێ نەدرێت و سوپاسی کەنەکەش دەکات بۆ هەوڵدانی نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەکتر.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:


پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەو پێشنیارێکیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد، گۆڕان بۆچی ڕەتیکردەوە؟

 

"بۆ بەیاساییکردنی ڕیفراندۆم دەیانەوێت پەرلەمان کارابکەنەوە"

 

گوڵستان سەعید: ئێمە هەر پرۆسەیەک کە ئاشتەوایی بۆ کۆمەڵگا بهێنێت لەگەڵیدان، بەڵام هەر پرۆسەیەک پێشێلکاریی یاسایی تێدابێت و دژی دامودەزگا شەرعییەکان بێت و پێچەوانەی یاسابێت ئێمە ناتوانین لەگەڵیدابین، چونکە بەرنامەی ڕوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەسیستماتیک کردنی دەزگاکانی دەوڵەتە، کە مەرجەعێک هەبێت بڕیار لەسەر داهات و پرۆسەی سیاسی و ژیانی خەڵک بدات، بەڵام ئەوان دەیانەوێت هەموو پرۆسەکان بە حزبی بکەن، ئێمە ناتوانین لەگەڵیدابین.

 

 

وتیشی: ئەمە پەیوەندی بەوەوەنییە کە سەرۆکی پەرلەمان لە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوەنەی هەوڵدەدرێت جۆرێک لە حیلە 'شەرعییەتدان' لەسایەتدا بەکاربهێندرێت ئەوەنە هەوڵنادرێت پرۆسە سیاسییەکە بەرەو ئاڕاستەی ئومێد بەخشین بۆ خەڵکی کوردستان بچێت، ئەوان باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن، تەنها بۆ ئەوەیانە پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن بە پرۆسەیەکی یاسایی.

 

-کەوایە بەبڕوای گۆڕان ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولدا نایاساییە؟

 

"ڕیفراندۆم نایاساییە"

 

گوڵستان سەعید: بەڵێ نایاساییە، ناکرێت و نابێت پەرلەمان وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت کارابکرێتەوە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان دووجار دەنگی بەدەستهێناوە، جارێکیان لەلایەن خەڵکەوە، جارێکیش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، بۆیە وەک وتم ئەوەناکرێت کە بیانەوێت سەرۆکی پەرلەمان ببەنەوە بۆ یەک دانیشتن و دواتر خۆیان چۆنیان ویست وای لێبکەن.

 

وتیشی: ئێمە خۆمان لەسەرەتای درووستبوونی گۆڕانەوە مافی ڕەوا و چارەنووسمان بە مافی ڕەوای هەموو گەلێکیتریش زانیوە، ڕیکخەری گشتی بزوتنەوەکەمان 'نەوشیروان مستەفا' هەموو خەباتی لەو پێناوەدا بووە، لەبەرئەوە دەبێت هەموو لایەک ئەوەبزانن ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە دژی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمبین، ئێمە ئەوەمان پێقبوڵناکرێت کەسێک یان حزبێک بێت و بیەوێت سەربەخۆییمان پێبفرۆشێتەوە، کە لە درووستبوونیەوە هیچ کارێکی بۆنەکردووە.

 

گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەکرێت چارەسەریی ناوێت ، بۆیە لەکۆبوونەوەی بارزانی و چەند حزبێکیشدا بەشداری نەکرد؟

 

"ئەوانەی لەگەڵ پارتی کۆبوونەوە تەنها بەیعەتیان نوێکردەوە"

 

گوڵستان سەعید: بەبڕوای ئێمە ئەو لایەنانەی لەگەڵ پارتیدا دانیشتبوون جۆرێک بوو لە بەیعەتدان، ئەگینا لەناو خودی ئەو لایەنانەشدا چەندین سەرکردە هەبوون بەوە ڕازی نەبوون کە حزبەکانیان بەشدارییان کردووە، بەبڕوای ئێمە ئەوەی قسەیان لەسەرکرد کە ڕیفراندۆم بکرێت، هیچ زەمینەیەکی بۆ نەڕەخساوە، هیچ پایەیەکی بۆ دانەنراوە و نەچەسپاوە تابتوانین داوای دەوڵەت بکەین، دەوڵەت دەبێت لەشکرێکی نیشتیمانیت هەبێت کە ئێمە نیمانە و تا ئێستا هێزەکان هێزی پارتی و یەکێتی و حەفتاو هەشتان، دەوڵەت دەبێت ئابووری سەربەخۆی هەبێت، ئێمە وڵات کەوتووەتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، جگە لەوانە، هەموو دەزگاکان توشی فەشەل بوون، دەزگای پەروەردە، دەزگای تەندروستی، سەربازی و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانمان، کە نیمانە لە هەرێمی کوردستاندا و هەموو پەیوەندییەکانمان پەیوەندی حزبین.

 

"بە ڕیفراندۆم هێندەیتر خەڵکی توشی نەهامەتی دەبێت و برسی دەکرێت"

 

وتیشی: گوڵستان سەعید: تا ئێستا ئەوەی ئێمە بیزانین، نەحکومەتی عێراق، نە یەکێتی ئەوروپا، نە نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەنین پشتیوانی لەڕیفراندۆم بکەن، کەواتە ئەمە چ کارەساتێک دەقەومێنێت، ئێمە پێمانوایە بەئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە هێندەیتر خەڵکی کوردستان برسی دەکرێن و تووشی نەهامەتی دەبن، چونکە هیچ دەستکەوت و مێژوویەکی جوانیان نییە، دەیانەوێت ئەمە بکەنە دەستکەوت بۆخۆیان و بڵێن ئێمە ڕیفراندۆممان کرد، کە هیچ ئەنجامێکیشی نابێت، ئەگەر مەبەستیان سەربەخۆییە ئەوە بزوتنەوەی سەربەخۆیی لە ٢٠٠٥دا هەبوو لە دەنگدانیشدا ٩٥%ی هێنا، دەتوانن ئەوە بەکاربێنن.

 

-بۆچی ڕیفراندۆم خرایە پێش هەڵبژرادنەوە، بەبڕوای ئێوە هەڵبژاردن گرنگتر نەبوو لە کاتی خۆیدا جێبەجێبکرێت؟

 

"ئەمانە دەیانەوێت هەر خۆیان بمێننەوە"

 

گوڵستان سەعید: لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی یاسایی گەورەدایە و سەرۆکی هەرێم شەرعییەتی لەدەستداوە، بۆیە دەکرا پێش ڕیفراندۆم هەڵبژاردن بکرایە، لێرە کەس نایەوێت دەستاودەستی دەسەڵات بکات، ئەوەش پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، ئەمانە دەیانەوێت هەر خۆیان بمێننەوە و خۆیان بە خاوەن دەسەڵاتی یەکەم بزانن، لە ١٩٩٢ هەڵبژاردن کرا پارتی ٥١ کورسی هێنا، ئێستا ٣٨ی هەیە بەو هەموو تەزویراتەوە کە کراوە، ڕەنگە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو ڕێژەیەش بگۆڕێت، بۆیە لەهیچ وڵاتێکی دونیادا شتی وانییە، دەبێت حساب بۆ بۆچوون و دەنگی هاوڵاتییەکەت بکەیت مافیان پێبدەیت و بزانیت تاچەند خەڵک لە تۆ و ئەزموون و کارەکانت ڕازیبووە.

 

-ئایا بە هەبوونی هەزاران سەربازی تورکیاوە لەهەرێم دەکرێت ڕیفراندۆم بەڕێوەببرێت؟

 

"لەکوێی دونیایا بووە وڵاتێک خاکت ببەزێنێت کە هەمیشە لەمپەربووە لەبەرامبەر ئازادی و سەربەخۆیی تۆدا"

 

گوڵستان سەعید: هەموو پەیوەندییەکان لەڕێگەی حزبەوەیە، پارتی کە لە هەرێمی کوردستان خۆی بە حزبی باڵا دەزانێت هەموو پەیوەندییەکانی کردووە بە حزبی، تەنانەت پەیوەندییەکانیان بۆ بنەماڵە و خیزان و خودی شەخس بەکارهێناوە، ئەگەر پەیوەندییەکان باش بوایە دەبوو ئێستا چەند وڵاتێک پشتیوانی ڕیفراندۆمەکەشیان بکردایە، ئەوەتا دەبینین لەشکرکێشی دەکرێت سەر هەرێمی کوردستان، کێ لە ئێمە هەر بۆ ماڵەکەشمان پێی خۆشە دراوسێکەی بێتە ماڵەکەمانەوە، یانی ئەمە سەروەریبوونی خۆمانە.

 

وتیشی: لەکوێی دونیایا بووە کە سەروەری خاکەکەت ببەزێندرێت لەلایەن وڵاتێکەوە کە لەوەتەی هەبووە لەمپەربووە لەبەرامبەر ئازادی و سەربەخۆیی تۆدا، هەر ئەو وڵاتە کە تورکیایە بەردەوام سەرکردە قارەمانەکانی کوردی لەسێدارە داوە و زیندانی کردووە، ئێمە چۆن دەکرێت لەشکرەکەی پەلکێشی وڵاتەکەمان بکەین و دەستبخەینە دەستیانەوە بۆ لەناوبردنی گەلی خۆمان.

 

-ڕوونە و پارتی تۆمەتباردەکرێت، بەڵام لەئاست ئەو لەشکرکێشیانەدا لایەنەکانی دیکەش بیدەنگن، ئەمە بۆ؟

 

"چیتر کلک لەگەڵ هیچ دەولەتێکدا گرێ نەدرێت"

 

گوڵستان سەعید: هەمیشە دەیڵێم کە تەنها پارتی نییە ئەمانە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو بە پشتیوانی و بێدەنگبوونی حزب و لایەنیتر ئەمە دەکات، ئەوەش بەهۆی هەبوونی پەیوەندی بازرگانی زۆر قوڵەوە لەگەڵ تورکیادا و دەیانەوێت تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنەوە، قەت بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو هەموو شەهیدە بۆ خوێنی خۆیان بەخشی، گەلی کورد لە پێناو چیدا شۆڕشیکرد، ئایا لەپێناو بازرگانی ئەوان بووە کە خوێنی شەهیدان بفرۆشن بەو وڵاتانەی کە نەیانهێشتووە ئێمە بەهیچ بگەین و بەردەوام لەمپەربوون لەبەردەمماندا، بۆیە پارتی چەند تاوانباربێت هەندێک حزبی دیکەش بەهەمان شێوە، بۆیە پێویستە بەرەیەک دروستبێت لە دژی ئەمە، هاوڵاتیانی دەنگی ناڕەزاییان بەرزبکەنەوە و چیتر لەشکرکێشی قبوڵنەکرێت و چیتر کلک گرێ نەدرێت لەگەڵ هیچ دەولەتێکدا.

 

"سەدام هێندەی ئەمانەی بەکورد نەکرد"

 

گوڵستان سەعید بەنیگەرانییەوە وتی:"سەدام کە گەورەترین دوژمنی کورد بووە، بەڵام بەقەدەر ئەمانە زیانی لە گەلی کورد نەداوە، بەقەدەر ئەمانە دەستی نەچوەتەسەر سەروەت و سامانی سروشتی ئەم وڵاتە و بەهەدەری بدات، بەقەدەر ئەمانە نەیتوانیوە وڵاتەکی وێرانتر و خەڵک نائومێدتر بکات".

 

-لەلیدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز وتەبێژی پارتی دەڵێت ئێمە دەنگەکانی خۆمان لە سەرۆکی پەرلەمان وەرگرتەوەو شەرعییەتی نەماوە، وەڵامی ئیوە چییە؟

 

" لێرەوە با پارتی دەڵێم با لەو خەو و خەیاڵە خۆی ڕزگاربکات"

 

گوڵستان سەعید: ئێستا خۆی حکومەتەکە فەشەلی هێناوە، لەهەر رووەیەکەوە تەماشای بکەیت وەک ئاشی نەزانی لێهاتووە و خوا دەیبات بەڕێوە، کەس نازانێت ئەم حکومەتە چۆن بەڕێوە دەڕوات، هەموو دەزگاکان وێرانبوون و مووچەخۆر مووچەی بەنیوە پێدەدرێت و نیوە دەوام دەکرێت و شەقام و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری بۆ جوتیاران و هتد..وێران بوون ، بۆیە دەبوو حکومەت خۆی خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان لەپەرلەمانەوە دەنگی بۆدراوە ئەوە ڕاستە، پارتی دەڵێت ئێمە دەنگمان بۆدا، باشە بۆ دەنگیان بە حزبێکیتر نەدا کە کورسییەکانی لە گۆڕان کەمتربێت؟، گۆڕان ئەمڕۆ هەیە و ئەگەر دیموکراسییانە بوایە و تەزویر لە دەنگدانەکاندا نەکرێت دەبێتە حزبی یەکەمیش، بە هێزی خۆی بووە، بۆیە من لێرەوە با پارتی دەڵێم با لەو خەو و خەیاڵە خۆی ڕزگاربکات کە بییەوێت گۆڕان بچوکبکاتەوە.

 

سەرەنجی ئێوە لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم چییە؟

 

"نەوت تەنها هی ئەم نەوە نییە و بۆ نەوەکانی داهاتووشە"

 

گوڵستان سەعید: سامانی سروشتی هی نەوەکانی داهاتووشە، تەنها هی ئەم نەوە نییە، ناکرێت ئەوەی لەسەر زەوی و لەژێر زەوییە بیفرۆشین، ئەی نەوەی داهاتوو بێتە سەر چی، ئێمە ئێستا لێرە و لەوێ دەیبینین کە چەندە نەوت دەفرۆشرێت بەبێ ئەوەی بزانین داهاتەکەی لە کوێیە و بۆ کوێ دەچێت، لەکاتێکدا دەقاتی جاران هاوڵاتیان لە هەژاریدان، ئێمە دەڵێین سامانی سروشتی بەشێوەیەک دەربێنن کە پێویستە و داهاتی تاکی لەسەر دیاری بکەین، ئێستا خەڵک هەیە منداڵەکی دەفرشێت.

 

ئەم هەموو ڕەخنانە لەسەرکێیە، بەدیاری کراوی کێ بە بەرپرسن دەزانن؟

 

"پارتی و یەکێتی"

 

گوڵستان سەعید: بێگومان دیارەو دەتوانم بڵێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیارە، لە فرۆشتنی نەوت بە ناشەفافی و واژۆکردنی گرێبەستەکاندا بە راشکاوانە دەیڵێم کە لەگەڵ یەکێتیدا بەشدارن لە هەمووی، گەلیش بێخەبەر لەهەمووی، تا دێت زیاتر ژیانی خەڵک زیاتر ڕوو لە نەهامەتی دەکات.

 

 ئەی لایەنەکانیتر بۆ بیدەنگن کە تەنها پارتی و یەکێتی تۆمەتباربن؟

 

"هەموو حزبەکان بەرپرسیارییەتیان دەکەوێتەسەر"

 

گوڵستان سەعید: هەموو حزبەکان بەرپرسیاریەتیان دەکەوێتەسەر، تەنانەت ئەو حزبانەشی لە پارتی و یەکێتییەوە دوورن، دەبێت هەموومان فشاربکەین، فشار بە ئاڕاستەیەکدا کە کۆتایی بەم قەیرانە بێت.

 

ڕێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بەکوێ گەیشتووە؟

 

"لە هەنگاوناندا یەکێتی ساردە"

 

گوڵستان سەعید: ئێمە لە مانگی ٥ی ساڵی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی مام جەلال و کاک نەوشیروان بەڕەحمەتبێت ڕێکەوتنمان واژۆکرد، ئەوەی لەسەری ڕێککەوتن نە بۆ پۆستبوو نە بۆ پێشکەوتنی گۆڕان بوو، تەنها بۆ چارەسەری گرفتەکان بوو، ئەو گرفتانەی باسمانکرد، بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی جدی لەلایەن یەكێتییەوە نییە، بەڵام بەڕاستی ئەوان ساردن تێیدا، ئەوەش ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی کێشەکانی ناو یەکێتی بێت، چونبکە ئەمە خواستی هاوڵاتیانیشە، بۆیە گۆڕان هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات.

 

-ئێوە تاکەی چاوەڕێی یەکێتی دەکەن، چارەنووسی ڕێککەوتنەکە تاکەی بەمشێوەیە دەمێنێتەوە؟

 

"هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی نییە"

 

گوڵستان سەعید: تابتوانین دەستی پێوەدەگرین و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە نییە و تەنها فشارێکە بۆ سەرکردایەتی هاوبەش کە کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە.

 

 

شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، سەردانی لایەنەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی لایەنە کوردییەکانی چوار بەشی کوردستان، گۆڕان لەوبارەیەوە سەرەنجی چییە؟

 

"بەگرنگی دەزانین و پشتیوانیشی دەکەین"

 

گوڵستان سەعید: گۆڕان گرنگی بە هەموو ئەو خەباتانە دەدات کە ئومێدێک بۆخەڵک بگەڕێنێتەوە و هەوڵێک بێت بۆچارەسەرکردنی کێشەکان، لەبەرئەوە ئێمە ئەو پێشنیارەی کەنەکە بەباش دەزانین و هیچ لارییەکمان نییە لەسەری و سوپاسیشیان دەکەین.

 

گۆڕان لە چ کاتێکدایە ئامادەیە لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە؟

 

"بەمیوانداری لەخزمەتیانداین"

 

گوڵستان سەعید: گۆڕان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسایەتییەکی کوردستاندا نییە، ئەوەی کێشەیە لە هەرێمی کوردستاندا سیستمی بەڕێوەبردنە و پەکخستنی پەرلەمانە، ئێمە بەڕێوەبردنی هەموو جومگەکان وادەبینین لە پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت و پەرلەمان کارابکرێتەوە و هەموو پرسەکان لە پەرلەماندا چارەسەربکرێن، بۆ میوانداریبێت هەموویان دەخەینە سەرچاومان، بەڵام هیچ پێویست ناکات بۆ چارەسەری سیاسی حزبەکان بڕیاربدەن، حزبێک پەرلەمانی بەبڕیارێک داخست، دەتوانێت بەیەک بڕیاریش کارای بکاتەوە.

 

کەوایە چارەسەر چییە؟

 

گوڵستان سەعید: وەک وتم چارەسەرکردنی دۆخی پەرلەمان و کاراکردنەوەی بۆ دۆخی جارانی، دەبێتەوە هەنگاوێک و دەرگا کردنەوەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان.

 

ئەم هەموو قەیرانانە تەنها بەکارابوونەوەی پەرلەمان چارەسەر دەکرێن؟

 

گوڵستان سەعید: لەدوای داخستنی پەرلەمان هەموو قەیرانەکان دوای داخستنی پەرلەمان قوڵتربوونەوە، دەکرێت دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دۆخەکە باشبێت و لە پەرلەمانەوە چاودێری لە حکومەت بکات و لە داهاتەکان بکۆڵێتەوە، ئەوکاتە حزبیش دەستی بچوک دەبێتم، چونکە لە هیچ وڵاتێکدا نەبووە حزب بتوانێت دەرگای پەرلەمان دابخات، دواتر دەبێتەهۆی ئەوەی حکومەت بە ئارەزووی خۆی کاربکات.

 

ئایا باوەڕتان بەوەهەیە کە خەڵک هەر ئاوا بێدەنگ بێت لە بەرامبەر حزبەکاندا؟

 

"هیوادارین نەگاتە توندوتیژی"

 

گوڵستان سەعید: بێگومان خەڵک بێدەنگ  نابێت، هیوادارین بەوە نەگات کە توندوتیژی لێبکەوێتەوە، بۆیە گرنگە دەسەڵاتی بەزووترین کاتدا بەهەموو کارەکانیدا بچێتەوە، چونکە هاوڵاتیش دەبێت گوێی لێبگیرێت و دەستهەڵبگرن لە دەست خستنە دەستی دوژمنان و لەشکرکێشی بۆ سەرهەرێم و لەناوبردنی داهاتی ئەم وڵات.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin