Smiley face
Smiley face
Smiley face

ته‌ندروستى هه‌ولێر داوای قەرەبوو لە ڕێکخراوە قەتەرییەکە دەکات

2017-06-19 11:32:40



ڕۆژنیوز - قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر

 

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، کە لە ڕووداوی ژەهراویبوونی ئاوارەکانی کامپەکانی خازر-دا زیاتر لە ٩٥ ملیۆن و ١٤٤ هه‌زار دینار خه‌رج کراوه‌ و بەرێوبەری تەندروستی هەولێر-یش دەڵێت:لایەنی کەمتەرخەم رێکخراوە قەتەرییەکە بووە بۆیە داوای قەرەبووی لێدەکەین.

 

دواى ئه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو له‌حاڵه‌تێکى کتوپڕد١ ٨٢٥ که‌س له‌کامپه‌کانى حه‌سه‌ن شام و U2 ژه‌هراوى بوون و به‌م هۆیه‌وه‌ش حەوت که‌س ده‌ستگیرکران، ئه‌مرۆ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا پارێزگارى هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر هۆکارى رووداوه‌که‌یان ئاشکرا کرد.

 

 نه‌وزاد هادى، پارێزگارى هه‌ولێر له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامەنووسییەکەدا‌ ڕایگه‌یاند: هۆکاری ژەهراوییبوونەکە مانه‌وه‌ى زۆرى خواردنه‌که‌ و به‌رزى پله‌ى گه‌رمابووه‌، که‌ جۆره‌ به‌کتریایه‌کى تێدا دروست بووه‌ به‌هۆى گه‌رمى خواردنه‌که ‌و شێوازى هه‌ڵگرتن وگواستنه‌وه‌که‌ى.

 

نەوزاد هادی، وتیشى: له‌کاتى ڕووداوه‌که‌ ٤٢ ئه‌مبوڵانس توانیان توشبوان بگوازننه‌وه ‌و سه‌رجه‌میان چاره‌سه‌ریان بۆکرا و گیانیان له‌مه‌ترسى ڕزگار کرا، له‌م ڕووداوه‌شدا له ‌نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌ولێر بڕى زیاتر له‌ ٩٥ ملیۆن و ١٤٤ هه‌زار دینار خه‌رج کراوه‌.

 

لاى خۆشییه‌وه‌ سامان به‌رزنجى، بەڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند:لایه‌نى که‌مته‌رخه‌م لەم ڕووداوەدا ڕێکخراوه‌که‌ بووه‌ و پێنچ ڕاپۆرتیش دواى لێکۆڵینه‌وه‌کان ئاماده‌کراوه‌، بۆیه‌ داواى قه‌ره‌بوو له‌م لایه‌نه‌ که‌مته‌رخه‌ ده‌کرێت، چونکه‌ له‌مشه‌وه‌دا ٢١ ئایتمى پێداویستى پزیشکى به‌کارهات جگه‌ له‌ماندوبونى وگواستنه‌وه‌.

 

به‌رزنجى، ڕاشیگه‌یاند، کە وه‌زاره‌تى ته‌نردوستى عێراق هیچ هاوکارێکى نه‌کردون له‌م ڕووداوه‌ و داواى کرد، ەکە به‌رپرسیارێتی کا‌مپه‌کان وه‌ربگرن و پێداویستى پزیشکى دابین بکه‌ن.

 

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە ڕێکخراوی عەین موحتاجین-ی قەتەری، خوانێکی بۆ ئاواره‌کانى کا‌مپى حه‌سه‌ن شام و  u2 (کامپەکانی خازر) رێکخست، کە ئاوارەکانی موسڵ-ی تێدا دەژی و بەهۆی ئەو خواردنەوە ٨٢٥ کەس ژەهراویی بوون.

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin