Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی؛ خوێندکاران سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکرد

2017-06-19 12:11:21



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆ لە دژی وەرگرتنی ١٠٠ هەزار دینار لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان یاداشتێکیان ئاڕاستەی داواکاری گشتی کرد و سکاڵایان لەسەر حکومەت تۆمار کرد.

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆ لە شاری سلێمانی، چونە دادگای سلێمانی و سکاڵایان لەسەر حکومەت تۆمارکرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەکەی خوێندەوە.

 

هێمن ئەنوەر، نوێنەری خوێندکارانی زانکۆ، بەیاننامەکەی خوێندەو کەتێیدا هاتبوو:"ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە ڕوانگەی گرفتاربوونمان بە بڕیارە بازرگانی و نائیداری و نادادپەروەری و نازانستی و نایاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سکاڵای دەردەداری و بێدادی خۆمان دەردەبڕین لەسەر پابەندکردنی خوێندکارانمان بە پێدانی ١٠٠ هەزار دیناری عێراقی بە حکومەت".

 

 

هەروەها هاتبوو:"ئەم بڕیارە تەواو بازرگانی و نایاساییە و بەو پێیەی پێچەوانەی ماددەی ٣٤ بڕگەی دووە لە دەستوری عێراقی فیدراڵ، وە پێچەوانەی یاسایی ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠١٢ یە، کە باس لە دانانی سندوقێک بۆ هاوکاریکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەکات، کە ئەمە نەک خوێندکار ناچار دەکات بە دانی پارە، بەڵکو پێچەوانەی هاوکاری خوێندکارانە بە یاسای واجب کراو لەسەر حکومەت".

 

لەو بەیاننامەدا خوێندکاران ئاماژەیان بەوەشداوە:"ئێمەی نوینەرانی خوێندکارانی زانکۆ ڕێگەنادەین کە خوێندکارانی ئەمڕۆ باجی بێبەرنامەیی و بێپلانی دوێنێی حکومەت بدات، وە خەزێنەی بەتاڵکراوی حکومەت بە گیرفانی بە تاڵی خوێندکاران پڕناکرێتەوە".

 

خوێندکاران لە کۆتاییشدا، داوایەکی لەم شێوەیە دەکەن:" داوا لە دواکاری گشتی دەکەین کە ئەو بڕیارە هەبڵوەشێنێتەوە کە بەهۆی ئەم بڕیارە نایاساییەوە لەم دۆخە پڕ لە قەیراناوییەدا بە دەیان خوێندکاری زانکۆ وازیان لە خوێندن هێناوە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin