Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاڵدار خەلیل: پارتی سیاسەتی ئەردۆغان لە دژمان پەیڕەودەکات و بە قاچاغ دێینە ئێرە

2017-06-07 08:59:59



ڕۆژنیوز - دانا عومەر


ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری جڤاكی دیموكراتی- تەڤدەم، ڕایدەگەیەنێت، كە كورد تاكە هێزە لە سوریادا خاوەنی سیاسەتی خۆیەتی و هێڵی سێهەمی لە سیاسەتدا گرتوەتەبەر، سەردەمی ئەوە بەسەر چووە كە كورد خەمی ئەوە بخوات نەچەوسێندرێتەوە، دەشڵێت: پارتی سیاسەتی ئەردۆغان لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەودەکات و ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە قاچاغ دێینە ئێرە.

 

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری جڤاتی دیموكراتی، تەڤدەم، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا، وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگ لەبارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان و باکوری سوریا و پەیوەندی ئەوان لەگەڵ وڵاتاندا دەداتەوە، باسیش لە سیاسەتی تورکیا و قەتەر لە سوریادا دەکات و دەبارەی کۆبوونەوەکانی جنێڤ و ئاستاناش دەدوێت.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

-ڕەوشی سیاسی لە سوریا ئێستا لەچ دۆخێكدایە، بەتایبەت پەیوەست بە كورد؟

 

"جەنگی جیهانیی سێهەم بەڕێوە دەچێت لە سوریا"

 

ئاڵدار خەلیل: لە ئێستادا جەنگی جیهانیی سێهەم بەڕێوە دەچێت لە سوریا، هەوڵەكانی چارەسەری بەردەوامە، دانیشتنەكانی جنێڤ و ئاستانە بەردەوامن، لەوانەیە ١٠ ڕۆژی تر دانیشتنی ئەستانە بەڕێوە بچێت.

 

-كورد بەشدار دەبێت لەو دانیشتنەدا؟

 

"توركیا و ئێران و سوریا پێكەوە پلانێكی هاوبەش بەڕێوە دەبەن"

 

ئاڵدار خەلیل: نا، دەمەوێت شتێك لەسەر ئەو دانیشتنانە بڵێم، بەگشتی ئەو دانیشتنانە بۆ چارەسەری نییە، لەبەر ئەوەی ڕەوشی سوریا لەبارودۆخی چارەسەریدا نییە، نزیكبوونەوەی هێزەكان لە سوریادا بۆ ئاشتی نییە، ئەو هەوڵانەی دەدرێت كێشەی سوریا قوڵتر دەكاتەوە، ڕاستە لە ڕووی شكڵیدا خەریكن دانیشتنی جنێڤ و ئاستانە بەڕێوە دەبەن، بەڵام لە ڕووی كردارییەوە ئەو خەباتەی دەكرێت وادەكات مەترسی گەورە لەسوریا دروست بێت، ئێستا لەسوریا مەترسی ئەوە هەیە كە شیعەو سووننە لەگەڵ یەك بەشەڕ بێن، مەترسی ئەوە هەیە كە پێكهاتە  نەتەوەییەكان لەگەڵ یەك بەشەڕبێن، سوریا توركیا هەستاون بە دورخستەنەوەی ئەو گروپانەی كە بە ئۆپۆزیسۆن ناودەبرێن لەو ناوچانەی كە ڕژێمی سوریای تێدایە بۆ باكوری سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و ئێران و سوریا پێكەوە پیلانێكی هاوبەش بەڕێوە دەبەن، ئەمریكا وهاوپەیمانەكانی دەیانەوێت بەهاوكاری سعودیە و ئوردن و هەندێن وڵاتی تری عەرەبی دژ بەو پلانەی تر كار بكەن، لێرەوە دیارە كە كاریگەری توركیا كەم دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی توركیا لەحەب ئۆپۆزیسیۆنی سوریای فرۆشت، لەگەڵ ناتۆ ووڵاتانی تر بۆشایی كەوتۆتە نێوانیان، خۆی سپاردۆتە جەبهەی سوریا وئێران و ڕوسیا، قەتەر لە ئێستادا خۆی بە خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا دەزانێت، بەڵام ڕەنگە ئەویش ئۆپۆزسیۆنی سوریا بفرۆشێت.

 

 

-ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە كێ‌ پێكهاتوون؟

 

"قەتەر و توركیا ویستیان ئەم گروپانە بكەنە نوێنەری گەلی سوریا"

 

ئاڵدار خەلیل: هەندێك گروپی گرێدراوی توركیا و ئیخوان موسلمینن، هەندێك كەسی ڕۆشنبیرو دیموكراتی سوری تێدایە، بەڵام ژمارەیان كەمە، قەتەر و توركیا لەچەند ساڵی ڕابردوودا ویستیان ئەم گروپانە بخەنە پێش و بیانكەنە نوێنەری گەلی سوریا، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە، لەبەر ئەوەی لە ئاستاناو جنێڤ هیچ بەوان نەدرا، توركەكانیش ئەوانیان فرۆشت، قەتەریش خەریكە دەیانفرۆشێت، بۆیە ناچارن پلانی ڕژێمی سوریا جێبەجێ‌ بكەن، بەڵام بارودۆخی ئێمە وەك ڕۆژئاوا جیاوازە، لەبەر ئەوەی ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەسەر هێڵی سێهەم كارمان دەكرد، خۆمان بەهیچ لایەكەوە گرێ‌ نەدەدا، خۆمان سپارد بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموكراتی، ئەوە هێزی دابە ئێمە، لەداهاتووشدا ئەگەر جەنگی ناوخۆیی لەسوریا دروست بێت، دیسان ڕەوشی ئێمە هەر جیاواز دەبێت، هەروەها دانیشتنەكانی جنێڤ و ئاستاناش كاریگەری لەسەر ئێمە نابێت، لەبەر ئەوەی ئەوشتانەی كە دەیكەین ئێمە خۆمان دەیكەین لەدەرەوەی ئەوان، ئێستا ڕەوشی ئێمە باشە، ڕۆژئاوای کوردستان بوویە ڕاستی، هەمووكەس ئەوەی قبوڵكرد، ئێستا ئێمە لەهەوڵی ئەوەداین باكوری سوریاش بكەینە ڕاستی و بەشێوەیەكی دیموكراتی بەرێوەی بەرین.

 

-ئەو سیستمەی ئێوە دروستان كردووە لە باكوری سوریا، كەی ئەبێت بە فەرمی؟

 

"چیمان بوێت دەیکەین و چاوەڕێی کەس ناکەین"

 

ئاڵدار خەلیل: تێكەڵی خۆسەری ڕۆژئاوا و فیدڕاڵی باكوری سوریا لەگەڵ هەموو وڵاتاندا هەیە، بەڵام وەك ئەوەی ئێوە دەیڵێن بەشێوەیەكی فەرمی ئەوان نەك تەنها بۆ باكوری سوریا بەهەستیارییەوە هەنگاو هەڵدەگرن، بەڵكو بۆ هەموو سوریا بەوشێوەیەن، لەبەر ئەوە هەتا ئێستا هیچ نەخشەیەك نییە بۆ داهاتووی سوریا، بەڵام ئێمە جیاوازین، ئەوەی خۆمان دەمانەوێت جێبەجێی دەكەین، چاوەڕێی ئەوە ناكەین بڵێین با ئەوان دان بە فەرمیەتی ئێمەدا بنێن ئەوكاتە سیستم ئاوا دەكەین، نا، ئێمە واناكەین، خۆمان چیمان دەوێت ئیرادەی ئەو گەلانەی لەو ناوچانەدا نیشتەجێن چی دەوێت ئەوە دەكەین، سیستمی خۆمان دادەمەزرێنین، ئەگەر توانیمان ڕەزامەنی جێگاكانی تری سوریای بۆ بەدەست بهێنین ئەوە هەنگاوێكمان بۆ پێشەوە ناوە، توانیمان ڕەزامەندی وڵاتانی تری دونیای بۆ بەدەست بهێنین ئەوا هەنگاوێكی ترمان ناوە، بەڵام پێش ئەوەپێویستە ئێمە خۆمان قبوڵی بكەین و دروستی بكەین، لەبەر ئەوەی لە سوریادا ساڵێكی تر بێت و دەساڵی تربێت هەموو كەس دەبێت ئەوسیستمە قبوڵ بكات، سەردەمی حوكمی ناوەندی لە سوریا بەسەر چووە.

 

-داهاتووی ڕەقە چی لێدێت دوای ئازادكردنی، ئەویش دێتە سەر فیدڕاڵیەتی باكوری سوریا؟

 

"گەلی ڕەقە چ بڕیارێك بدات وادەكرێت"

 

ئاڵدار خەلیل: لە ئێستادا گرنگ ئەوەیە كە ڕزگار بێت، چونكە داعش مەترسییە لەسەر هەرێمەكە، دواتر ئەو مەجلیسەی كە هەیانە و گەلی ڕەقە چ بڕیارێك بدات وادەكرێت، ئێمە لەئێستاوە ناتوانین بڵێین پێویستە ڕەقە وای لێبكرێت.

 

-بەپێی ئەو ئەزمونی ڕابردوو، بە بۆچوونی ئێوە ڕزگاركردنی ڕەقە چەندی پێدەچێت؟

 

"شەڕی ڕەقە شەڕێكی درێژخایەن دەبێت"

 

ئاڵدار خەلیل: ئەوە فەرماندارە سەربازیەكان دەزانن، بەڵام بەگوێرەی لێكدانەوەی من شەڕی ڕەقە شەڕێكی درێژخایەن دەبێت، لەبەر ئەوەی داعش ڕەقەی وەك پایتەختی خۆی ڕاگەیاند، هەموو كەسە باڵاكان و هێزی خۆی لەوێ‌ كۆكردوەتەوە

 

-توركیا بەردەوام هەڕەشە لە دەسەڵات و بەرەوپێشچونی كورد دەكات لە سوریا، ئێستا مەترسی توركیا چییە لەسەر ئێوە؟

 

"ئەگەر توانای هەبێت لە ٢٤ كاتژمێردا ڕۆژئاوای كوردستان لەناودەبات"

 

ئاڵدار خەلیل: ئێستا كە دەڵێین توركیا، وەك ئەوە وایە بڵێین ئەردۆغان، میللەتی توركیا ئیرادەی نەماوە، هەمووی بووەتە ئەردۆغان، بۆ ئەوەی سیاسەتەكانی ئەردۆغان لەبەرامبەر ڕۆژئاوا ببینن، دەتوانین سەیری سیاسەتی بكەین لە باكوری كوردستان، ئەو لەهیچ شوێنێك سیاسەتی دیموكراتی پەسەند ناكات، ئەگەر لەدەستی بێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕۆژئاوای كوردستان لەناودەبات، ئێستا هەموو ڕۆژێك هێرش دەكاتە سەر عەفرین، زۆرجار گرێ‌ سپی تەهدید دەكات، ئەوەی لەدەستی بێت دەیكات، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزەكانی یەپەگە و یەپەژەو هێزەكانی سوریای دیموكرات هەیە، ناتوانێت هێرش بكاتە سەرمان، لەلایەكی ترەوە دبلۆماسیەتی ڕۆژئاوا سەركەوت لەبەرامبەر دبلۆماسیەتی توركەكاندا، توركەكان هاوپەیمانە مێژوویەكانیان لەدەستدا، بۆیە هێزی پێشوویان نەماوە.

 

-دەوترێت بۆ یەکەم جارە لە ناوچەکەدا ئەمریکا و ڕوسیا لەگەڵ لایەنێکدا کۆکبن، ئەویش ڕۆژئاوای کوردستان باکوری سوریایە، ئەمە تاچەند ڕاستە و چۆن پێکهاتووە؟

 

"سیاسەتی ئێمە سیاسەتێكی كلاسیك نەبوو"

 

-لە ڕاستیدا لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوە جاری یەكەمە كە شتێكی وا ڕووبدات، ئەوەش لەبەرئەوەیە كە سیاسەتی ڕۆژئاوای كوردستان سیاستەتی هێڵی سێهەمە و خۆی سپاردووە بە باوەڕی نەتەوەی دیموكرات، سیاسەتی ئێمە سیاسەتێكی كلاسیك نەبوو، یەك لایەنی نەگرت، لەبەر ئەوە ئێستا پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ڕوسەكان و ئەمریكیەكان و ئەوروپیەكانیش باشە، پەیوەندیمان لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەكانیش باشە.

 

-ڕەوشی ئابوری ڕۆژئاوای کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟

 

"پشت بەدەرەوە نابەستین، پلانی ئابوری سەربەخۆمان هەیە"

 

ئاڵدار خەلیل: شتێكی ئاساییە، لەكاتی شۆڕشكردندا دۆخی ئابوری تێك دەچێت، گەلی ئێمە ڕاستە لەناو ناڕەحەتیدان، بەڵام لەناو ئیرادەیەكی بەهێزدا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی ئابوریمان هەیە، پلانی ئابوری ئێمە پلانی ئابوری سەربەخۆیە، پشت بەدەرەوە نابەستین، لەبەر ئەوەی كە ئێمە گەمارۆ دراوین لەدەرەوە، باشوری كوردستان و توركیا و داعش و ڕژێمی سوریا، ئێمەیان گەمارۆ داوە، بۆیە خۆمان ئاو كارەبا و سوتەمەنی و خۆراكی خۆمان دروست دەكەین، چاوەڕێی ئەوە ناكەین لەدەرەوە شتمان بۆبێت.

 

-لە ئیستادا لە ڕۆژئاوای كوردستان، خزمەتگوزراییەکان لە چ ئاستێکدایە؟

 

"کێشەی ئاومان نییە و کارەباش بەپێی شوێنەکانە"

 

ئاڵدار خەلیل: كێشەی ئاو-مان نییە، هەموو سیستمێكی ئاو دروستكراوە، بەڵام كارەبا جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمەكاندا، بۆنمونە لە كۆبانی لەبەر ئەوەی كە بەنداوی لێ نزیكە ٢٠-٢٤ كاتژمێر كارەبا هەیە، تەنها كاتێك دەبڕێت كە توركیا ئاوی فورات دەبڕێت، لە هەرێمی جزیرە، بە سیستمی مۆلیدە ڕۆژانە ١٢كاتژمێر كارەبا دەدرێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەنداوی تەبقە ئازادكراوە، دوای نۆژەن كردنەوەی ئەگەر ئەو بەنداوە بكەوێتە كار كارەبای ڕۆژئاوای كوردستان دەبێتە ٢٤ كاتژمێر.

 

-پەیوەندی ئێوە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا چۆنە؟

 

"گەل پشتیوانییەکی باشی لە ڕۆژئاواکرد"

 

ئاڵدار خەلیل: هەڵوێستێكی نەتەوایەتیمان لە خەڵكی باشوری كوردستان و ڕۆشنبیری باشور و ڕێكخراوەكان بینی، پشتگیریەكی زۆریان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا نیشاندا، بەڵام بەداخەوە لەباشوری كوردستان ئیرادەی گشتی نییە، ئیرادەی باشوری كوردستان كەوتووەتە دەست پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق.

 

-شرۆڤەتان بۆ سیاسەتی پارتی چییە؟

 

"هەڵوێستیان هەڵوێستی ئەردۆغانە"

 

ئاڵدار خەلیل: ئەگەر سەیری ئەنەكەسە و دەرگای سنور بكەیت سیاسەتی پارتی دەردەكەوێت بەرامبەر بە ئێمە، ئێستا لە ڕۆژئاوا پێویستمان بەوە هەیە خەڵك بێت و ئەو شتانە ببینێت كە لەڕۆژئاوا دەكرێت، یاخود شاندی ئێمە بچێتە دەرەوە، بەڵام پارتی ناهێڵێت، ئەوەی كە دێن بە قاچاخی دێن، ئێمەیان گەمارۆداوە، ئەو هەڵوێستانە هەڵوێستی برایەتی و نەتەوایەتی نییە، ئەوە هەڵوێستی ئەردۆغانە، دەبوو خەڵك هەڵوێستی هەبوایە، بیانوتایە بە پارتی تۆ بۆ سیاسەتێكی وا دەكەیت بەرامبەر ڕۆژئاوا، بەڵام خەڵك بێدەنگن، تابلۆیەكی ناخۆش لەباشور بەرچاو دەكەوێت، پەرلەمان پەك خراوە، حكومەت ڕۆڵی نییە، خەڵك بێدەنگە، ئەوە واتای ئەوەیە سیستمێكی دیموكراتی نییە لە باشوری كوردستان.

 

هاوڵاتیەكی زۆر لە ڕۆژئاوا ئاوارەبوون لە ماوەی شەڕدا، ئێستا گەڕانەوەی ئاوارەكان لە چ ئاستێكدایە؟

 

"سەرەڕای ئاستەنگەكان خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە"

 

ئاڵدار خەلیل: ئێستا خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی بۆیان دروست دەكرێت لەلایەن توركیاوە و دیوار لەسەر سنور دروست دەكات، بەڵام كەسێكی زۆر دەگەڕێنەوە، هەتا زۆر خەڵكی ئێمە لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە، وە دەمەوێت لێرەوە بانگ لەهەموو لایەك بكەم بڵێم ماوەی حەوت ساڵە شۆڕشێك لە ڕۆژئاوادا بەڕێوە دەچێت و دەستكەوتی گەورە بەدەست هاتووە، پێیان دەڵێم بگەڕێنەوە ڕۆژئاوا و شۆڕشی خۆتان بكەن، ڕاست نییە من بڵێم ئازادم بەڕومەت دەژیم و خاوەنی شۆڕشێكم بەڵام لە دەرەوەی وڵات بژیم، یان بەشێوەیەكی تر بڵێم ئێمە شۆڕش بۆكێ‌ دەكەین، بۆ گەلی ناكەین؟، بۆیە دەبێت گەل لەناویدابێت.

 

 س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin