Smiley face
Smiley face
Smiley face

جێگری هاوسەرۆكانی هەدەپە: پارتی و ئاكەپە دوو حزبن یەك بەڕێوبەرایەتییان هەیە

2017-05-29 09:08:44



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

جێگری هاوسەرۆكانی هەدەپە ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی ئاكەپە لە ڕوخاندایە و ئەگەر تێكۆشانێكی بەهێز هەبێت لە دژی، لەماوەی شەش مانگدا دەكەوێت، لەبارەی پەیوەندیەكانی ئاكەپە و پارتی- یشەوە دەڵێت: ئاكەپە و پارتی دوو حزبن یەك بەڕێوبەرایەتییان هەیە.

 

نادر یڵدرم، جێگری هاوسەرۆكانی هەدەپە، لە چاوپێكەوتێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، وەڵامی چەند پرسێكی گرنگ لە بارەی دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی توركیا و باوردۆخی گەلی كورد لە باكورو پەیوەندی نێوان ئاكەپە و پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق، و چەندین پرسی گرنگی تر دەداتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا بووە بە دەوڵەتی حزب و ئەردۆغانیش بە سەردانەکەی بۆلای ترامپ نەک هیچی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو خۆی و تورکیاشی شەرمەزارکردووە.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

- لەئێستادا دۆخی ناوخۆی توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 

"گەشتوەتە ئاستی شۆڕش و كودەتا"

 

نادر یڵدرم: ئەوەی زۆر گرنگ بێت لەبارەی توركیاوە بیڵێین ئەوەیە، كە توركیا لە قەیراندا دەژی، قەیرانی سیستم هەیە،  قەیرانی ئابوری هەیە، قەیرانی سیاسی هەیە، قەیرانی دبلۆماتی هەیە، قەیرانی یاسا هەیە، لەبەر ئەوە ڕەوشی توركیا خراپە، لەهێڵی سیاسییەوە دەسەڵاتی ئاكەپە گەشتۆتە ئاستێك كە ئیتر ناتوانێت كۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت، لەبەرامبەردا كۆمەڵگا لەهەر كات زیاتر تێكۆشان دەكات، ئیتر كۆمەڵگاش ژیان لەناو قەیراندا قبوڵ ناكات، بەتایبەتی دەتوانم بڵێم كە رەوشی توركیا لە ئێستادا بۆ گۆڕانكاری نوێ‌ زۆر كراوەتەوە، پێشبینی ئەوە دەكەین لەهەر كاتێكدا ئەگەر هەیە شت ڕووبدات، چونكە دەسەڵاتی ئاكەپە، كۆمەڵگای هێناوەتە ئاستێك كە كۆمەڵگا باوەڕی بە گۆڕانكاری دیموكراتی نەماوە، بۆیە گەشتۆتە ئاستی شۆڕش و كودەتا.

 

- دوای ڕیفراندۆم لە توركیادا چی گۆڕاوە؟

 

"دەرکەوت کۆمەڵگا لە ئەنجامی ڕیفراندۆمدا دەتوانێت ئەو فاشسیتییە تێكبشکێنێت"

 

نادر یڵدرم: پێش ڕیفراندۆم ڕەوشێكی بێباوەڕی هەبوو لە توركیادا، خەڵك باوەڕی بە گۆڕانكاری نەمابوو، كۆمەڵگای توركیا هیوای شكابوو، بەڵام ڕیفراندۆم ئەو دۆخەی چارەسەركرد، كۆمەڵگای توركیا زیاتر تێكۆشان دەكات و پێكەوە هەوڵدەدەن، چونكە ئەنجامی ڕیفراندۆم ئەوەی دەرخست كە ئەو فاشیستییەی كە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، دەیانەوێت پەیڕەوی بکەن لە توركیادا ڕێگە پێدراونییە، كۆمەڵگا لە ئەنجامی ڕیفراندۆمدا بۆی دەركەوت كە دەتوانێت ئەو فاشسیتییە تێكبشکێنێت، گۆڕانكاری هەرە گرنگ لە ڕیفراندۆمدا ئەوەبوو كە ئەو هیوایە لای كۆمەڵگا دروستبویەوە، هەروەها ئەردۆغان زیاتر ناسرا لە لەلایەن خەڵكەوە، چونكە لە ٢١ی ئەم مانگەدا ئاكەپە كۆنگرەی سازدا و سەرۆكی خۆیان گۆڕی و ئەردۆغان بویەوە سەرۆكی ئاكەپە، ئەمە دەریخست كە ئەوكەسانەی دەنگی بەڵًێ-شیان دابوو، دەوڵەت بوو بە دەوڵەتی حزب، لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم توركیا لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكی بنەڕەتیداین، چونكە قەیرانەكان بنەڕەتین، لەوانەیە بە شێوەیەكی ڕادیكاڵانە گۆڕانكاری دروست ببێت.

 

 

-بارودۆخی كورد و ئازادی و فشارەكانی سەر پارتە كوردییەكان لە ئێستادا چۆنە؟

 

"لەناو كۆمەڵگای توركیادا خەباتی گەلی كورد و هەدەپە قبوڵ كرا"

 

نادر یڵدرم: ئەو دەسەڵاتەی ئەردۆغان و باخچەلی، ویستیان لەسەر بنەمای فاشیزم دروستی بكەن، بێجگە لەكورد هیچ بەربەستێكی تریان لەبەردەم خۆیاندا نەبینی، تەنها ئەوەی كە بەرهەڵستی دەكردن، تێكۆشانی ئازادانەی گەلی كورد بوو، كورد لەبەرامبەر فاشیزما، تێكۆشانی دەكرد، فاشیزمی ڕەت كردەوە، هەدەپە-ش خەتێكی ئەو تێكۆشانە بوو، بۆئەوەی كێشەی كورد بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت پڕۆژەی هەبوو، لە توركیا بە گشتی هەموو هێزە دیموكراتەكان لەلایەن فاشیزمەوە كرانە ئامانج، بەڵام ئەوەی زیاتر زوڵمی لێكراو زیانی بەركەوت، هەدەپە بوو، هاوسەرۆك و پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانیەكانی ئێمەیان گرت، زیاتر لە ١٠هەزار ئەندامی ئێمەیان خستوەتە زیندانەوە، نزیكەی ٥٠ هەزار ئەندام و كادرو دۆستی ئێمە، لەژێر چاودێریدان، ئەم بابەتە ئەوەی هێنایە ئاراوە كە لەناو كۆمەڵگای توركیادا خەباتی گەلی كورد و هەدەپە قبوڵ كرا، واتە فشارەكان وەك هەلێك وابوون بۆ ئێمە، بۆنمونە، عەلەوییەكان لە توركیادا دەڵێن بۆ ئەوەی كە خەباتی گەلی كورد تێك نەچێت ئەوەی لەدەستمان بێت دەبێت بیكەین، لەبەر ئەوەی كە خەباتی گەلی كورد تێك بچێت هێرش دەچێتە سەر ئەوان، دەتوانم بڵێم لەمێژووی توركیادا هیچ كات ئەوەندە خاوەنداری لە كێشەی كورد نەكراوە لە سەر ئاستی كۆمەڵگادا.

 

- ئامانجی بەردەوامبوونی هێرشەکان چییە؟

 

"هەركەس ترسی لەناوچوونی هەبێت  زیاتر هێرش دەكات"

 

نادر یڵدرم: هەموو كەس دەزانێت كە ئاكەپە لە ڕیفراندۆمدا شكستی هێنا، بەو هەموو فێڵ و ساختەكارییەوە كە بانگەشەی ئەوە دەكات كە سەركەوتووە، بەڵام خۆیان و گەل و ئێمەش دەزانین كە سەرنەكەوتوون، ئەو ترسە بۆ داهاتوو ئەوان دەخاتە بارودۆخێكی هەڵەشەییەوە، ئەوان بینیان ٥٥-تا ٦٠%ی خەڵك لە دژیانە، ئەوان ئەوە پەسەند ناكەن، هەركەس ترسی لەناوچوونی هەبێت زیاتر هێرش دەكات، لەبەر ئەوە ئەو هەموو كەسەیان كوشت، ئەو هەموو كەسەیان گرت، بەڵام گەلی كورد سەری شۆڕ نەكرد، لە ڕیفراندۆمدا ٦٠ بۆ ٧٠%ی گەلی كورد دەنگی نەخێری دا، گەلی كورد بەو هەڵوێستەی وتی ئێمە لەبەرامبەر فاشیزم و دیكتاتۆریەت سەر نەوی ناكەین، وە وتی ئێمە بۆ هەموو گەلانی توركیاش تاكە هیواین، لەبەر ئەوە هێرشەكانیان بەردەوامە بۆ سەر گەلی كورد، ئەگەر هەیە هێرشی فراوانتریش بكەن.

 

-لە ئێستادا حکومەت گەڕەكی سووری ئامەد دەڕوخێنێت، ئەمەیان هۆکاری چیە؟

 

"دەیەوێت یادەوەری گەلی كورد لەناو بەرێت"

 

نادر یڵدرم: ئەو هێرشانە هەمووی پێكەوە گرێدراوە، حکومەت دەیەوێت مێژوو خەباتی گەلی كورد تێك بدات، دەیەوێت یادەوەری گەلی كورد لەناو بەرێت، لەبەر ئەوەی كە لە بنەڕەتدا گەلی كورد قبوڵ ناكەن، هەمان ئەو فەلسەفەیەی كە كۆماری توركیا  هەیبوو، ئێستا ئاكەپە جێبەجێی دەكات بە شێوەیەكی توندتر.

 

-بۆچی ئاكەپە سیاسەتی خۆی گۆڕی، لە ٢٠١١ ئەردۆغان دەیوت كێشەی كورد كێشەی منە؟

 

"تێكۆشانی گەل ئەو ماسكەی لەسەر دەموچاوی ئەردۆغان لابرد"

 

نادر یڵدرم: ئەو قسانەیان كرد، بەس ئەو قسانە بۆ فریودان بوون، وە گەلی كوردیش بڕوای پێنەكردن، بۆنمونە ڕێبەری گەلی كورد ڕێبەر ئۆجالان، ئەوكاتە دەیوت پێویستە ئێمە هەوڵبدەین كە زهنیەتی دەوڵەت بگۆڕین، ئەوان زیهنیەتی خۆیان نەگۆڕی، بۆیە ئەو ماسكەی لەسەر دەموچاوی ئەوان بوو لادرا، لەبەر ئەوە ئەردۆغان ئێستا بەو ئاستە مەترسیدارنییە بۆ گەلی كورد، ئەوكاتە هەم گەلی كوردو هەمیش كۆمەلًگای توركیا باش زیهنیەتی ئەردۆغان- یان نەدەناسی، بەڵا تێكۆشانی گەل ئەو ماسكەی لەسەر دەموچاوی ئەردۆغان لابرد، بۆیە  هیچ كات هێندەی ئێستا ئەردۆغان لاوازو تەنگاو نەبووە، هاتووەتە ئاستی لەناوچوون، ئەگەر هەوڵدانێكی بەهێز هەبێت لەسەر بنەمای دیموكراتی لەگەڵ پێكهاتەكانی تری توركیادا، ئەوا ئەردۆغان شەش مانگی ماوە لەناوچێت.

 

-پاشەڕۆژی توركیا لەژێر ئەم سیاسەتی بەرەو دیكتاتۆر بردنەی ئەردۆغاندا بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟

 

"ئەم شێوە بەڕێوەبردنە تەمەنێکی کورتی هەیە"

 

نادر یڵدرم: پاشەڕۆژی توركیا بۆ كۆمەڵگای توركیا پڕ هیوایە، ڕوناكە، بەڵام بۆ ئەردۆغان و باخچەلی هیچ باش نییە، لەبەرئەوەی كە وتم بەوشێوەیەی كە ئەوان كاردەكەن هاتوونەتە ئاستی لەناوچوون، باخچەڵی و ئاكەپە تەنها بە ڕێبازی زۆرداری دەتوانن كۆمەڵگا بەڕێوەببەن، لەبەرئەوەی كە بە زۆرداری بەردەوام بن ڕێبازی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن، هەموو بڵاًوكراوە ئازادەكانی توركیا-یان داخست، بە سەدان كەناڵیان داخست، بەمە دەیانەوێت بڵێن ئێمە هێشتا لەسەر پێین و هێزمان هەیە، بەڵام ئەو شێوە بەڕێوەبرنە تەمەنێكی هەیە، لەبەر ئەوە بەئاسانی دەتوانم بڵێت تەمەنی ئاكەپە شەش مانگی ماوە.

 

-ئامانجی بەستنی كۆنگرەی هەدەپە چیبوو، لەو كۆنگرەیەدا چی گۆڕدرا؟

 

"ئەم كۆنگرەیە بۆ ئێمە كۆنگرەی سەركەوتن بوو"

 

نادر یڵدرم: كۆنگرەی سێهەمی نائاسایی ئێمە كۆنگرەیەكی ناچاری بوو، لەبەر ئەوەی هاوسەرۆك و بەڕێوبەری و ئەندام پەرلەمانەكانی ئێمەیان هەمووی دەستگیركرد، ئەگەر ئێمە كۆنگرەمان نەكردایە ئەگەری زۆر بوو كە هێرشێكی سیاسی-یاسای-یان بكردایەتە سەرمان، بۆئەوەی پێش بە هێرشی ئەوان بگرین ئێمە كۆنگرەمان بەست، بەڵام كۆنگرەكەمان لەكاتێكی زۆر باشدابوو، لەسەر ئەو ئەساسە ئێمە ویستمان ئەم كۆنگرەیە وەك كۆنگرەی سەركەوتن ئەنجام بدەین، ئەم كۆنگرەیە بۆ ئێمە كۆنگرەی سەركەوتنبوو، لەبەر ئەوەی ئێمە بەڕێوبەرایەتی خۆمانمان ڕێكخستەوە، گەنجی زیاترمان هەڵبژارد، ئاكەپە لە لەناوچوون نزیك بوەتەوە، كۆنگرەی سێیەمی ئێمەش ڕۆڵێكی سەرەكی دەبێت لەو لەناوچوونەدا.

 

 

-ئێستا پەیوەندیەكی بەهێز لەنێوان پارتی و ئاكەپەدا هەیە، ئێوە ئەو پەیوەندییە چۆن دەبینن؟

 

"دەتوانین بڵێین دوو حزب-ن بەڵام یەك بەڕێوبەراتییان هەیە"

 

نادر یڵدرم: ئێمە ئەو پەیوەندییە بە خراپ دەبینین، لە ١٠٠% لەوە دڵنیاین كە بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد نییە، ئەوە چەند ڕۆژە ئێمە لە باشوورین، لەگەڵ گەلێك لایەن پەیوەندیمان كردووە، ئەوەی دەردەكەوێت ئەو سیاسەتەی كە پارتی لە باشوور پەیڕەوی دەكات هەمان سیاسەتی ئاكەپەیە، دەتوانین بڵێین دوو حزب-ن بەڵام یەك بەڕێوبەراتییان هەیە، سیاسەتی ئاكەپەش، لە بەرامبەر گەلی كورد یەك شتە، لە ماوەی ڕابردوودا وتبوویان ئەو هەڵەیەی كە لە باشوور كردمان لە ڕۆژئاوا نایكەینەوە، واتە ئاكەپە و دەوڵەتی تورك، باشوور وەك هەڵەیەك دەبینن بۆخۆیان، لەسەر ئەو بنەمایە پارتی-ش، بۆ ئەوان هەڵەیە، ئازادی باشووریش بۆ ئەوان هەڵەیە، ئێمە ئەو پەیوەندیە بەهەڵە دەزانین، دەمانەوێت بڵێین ئەو دەرفەتەی كە مێژوو هێناویەتە بەردەممان پێویستە لەدەستی نەدەین، بۆ ئەوەی كە ئازادی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان پێك بێت، بۆیە پێویستە  هیچ حزبێك پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی كورد گرێ‌ نەدات.

 

-گوشاری پارتی لەسەر ئەندامەكانی ئێوە لە هەولێر هەیە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە لەگەڵ پارتی کۆنابنەوە؟

 

"ئەوان لەسەر بنەمای نەتەوەیی هەنگاو نانێن"

 

نادر یڵدرم: ئێمە بۆ ئەو بابەتە زۆرمان هەوڵدا، چاوپێكەوتنمان كرد، ڕەخنەمان كرد، پڕۆژەیەكیشمان دانێ‌ بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نەتەوایەتی كار بكەین، بەڵام وەك دەبینین ئەوان لەسەر بنەمای نەتەوەیی هەنگاو نانێن، ئەو هێرشانەی كە دەكرێتە سەر ئێمەش بە بڕیاری ئاكەپە-یە، لەبەر ئەوە ئێمە زیاتر لەڕێگەی ڕاگەیاندن و ڕای گشتیەوە ڕاستیەكان بڵاودەكەینەوە، ئێمە بەگەلی خۆمان دەڵێین ئەوانە هەن، ویژدان و ئەخلاق و ڕای گشتی ئەوانە پەسەند دەكەن، ئەگەر پەسەندی كرد ئەوە ئەو كاتە ئێمەش دەڵێین ئەوە ڕاستە، بەڵام ڕای گشتی ئەوە پەسەند ناكات، چونكە هەموو گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان یەكڕیزی دەوێت، بە زۆرداری و دیكتاتۆری هیچ كەس سەر نەكەوتووە، لەبەر ئەوە ئێمە بانگ لە هەموو لایەك دەكەین با چارەنوسی خۆیان بە چارەنووسی دوژمنانی كوردەوە گرێ‌ نەدەن.

 

-سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەچ بارودۆخێكدایە؟

 

"هیچ دۆستێکی لە دەرەوە نەماوە"

 

نادر یڵدرم: توركیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا شكستی هێناوە، هیچ دۆستێكی لە دەرەوە نەماوە، هەموو هیوای خۆیان بەوەوە گرێدابوو كە ئەردۆغان بچێتە ئەمریكا و لەگەڵ ترامپ چاوپێكەوتن بكات، بەڵام ئەردۆغان هیچی بەدەست نەهێنا، خۆیی و توركیا-شی شەرمەزار كرد، بەتایبەت بەو هێرشەی كە پاسەوانەكانی كردیانە سەر چالاكوانە كوردەكان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شەرمەزار بوو.

 

-دەوترێت ئەردۆغان بە هاوكاری پارتی دەیەوێت هێرش بكاتە سەر شەنگال؟

 

"ئەمە جاری یەكەمە كە ئێزدیەكان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن"

 

نادر یڵدرم: شەنگال واتایەكی تایبەتی هەیە لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، ئەمە جاری یەكەمە كە ئێزدییەكان خۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن، و خۆیان دەپارێزن، ئەویش بە هاوكاری تەڤگەری ئازادی گەلی كوردو هێزەكانی هەپەگە و پەكەكە، لەڕوی جوگرافی-شەوە شەنگال پێگەیەكی گرنگی هەیە بۆ باشوور و ڕۆژئاوا، لەلایەكی ترەوە شەنگال شەرمێكی مێژووییە كەوتوەتە سەر چاوی پارتی، خاڵێكی تریش ئەوەیە نەك لەشەنگال بگرە لە ئەفریقاش شتێكی باش بۆ كورد دروست ببێت دەوڵەتی تورك هێرش دەكاتە سەری، ئەوەی بەهاوكاری پارتی دەیانەوێت بیكەن، ئەویش شەرمێكی تری گەورەیە بۆیان.

 

-ئامانجی سەردانەكەتان بۆ پرسە بوو، ئێوە نەوشیروان مستەفا چۆن دەبینن؟

 

"پێویستە ئەو خەت و هێڵە بەردەوام بێت"

 

نادر یڵدرم: هەركەسێك تێكۆشانی بۆ گەلی كورد كردبێت و خۆی نەفرۆشتبێت بە دوژمنان، لای ئێمە جێگەی ڕێزە، نەوشیروان مستەفا كەسێكی وا بوو، بێجگە لەوە لەم ساڵانەی دوایدا، وەك دەنگێگی ڕەخنەگر دەركەوت، ئەوەش جێگەی پێزانینە بۆ پاشەڕۆژی سیاسەت لە باشور، لە بەرامبەر ئەو تێكچونە سیاسییەی كە لە باشوری كوردستاندا هەیە، خەباتی كاك نەوشیروان جێگەی ڕێزە، لەلایەكی ترەوە ئێمە تێكەڵی دۆستانەوە نەتەوەیمان هەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پێویستە ئەو خەت و هێڵە بەردەوام بێت، ئێمە وەك هەدەپە دەبینە خاوەنی ئەو هێڵە و نرخی دەزانین، پێوسیتە هەموو هەڤاڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نرخی ئەو مێژووە بزانن، پێویستە لەسەر هێڵی دیموكراتی و پاراستنی كۆمەڵگا بەردەوام بن.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin