Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئارارات: پێشمەرگە دژی گەریلا شەڕ ناکات مەگەر هیزەکانی بنەماڵەی بارزانی

2017-05-24 09:46:27



ڕۆژنیوز - ته‌وار محه‌مه‌د

 

ئه‌ندامێکی كۆردیناسیونی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كوردستان- كه‌ژه‌كه‌، ڕایدەگەیەنێت بۆ مەسەلەی ڕیفراندۆم بارزانی پشتی بەتورکیا گەرمکردووە، تورکیاش هەرگیز دراوسێیەتی دەوڵەتێکی کوردی قبوڵ ناکات، دەشڵێت: باوەڕمان بەوەنییە پێشمەرگە هاوبەشی هیچ هێزێکی تورکیا بکات لە ئۆپراسیۆندا بۆسەر گەریلا، مەگەر هیزەتایبەتەکانی بنەماڵەی بارزانی.

 

ئه‌ویندار ئارارات، ئه‌ندامی كوردیناسیونی كه‌ژه‌كه‌، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوز-دا، باس لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان دەکات و تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی پارتی و بەکارهێنانیان لەلایەن تورکیاوە، هەروەها باس لە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دەکات و ژیان و تەندرووستی ئەو بە هەستیار بۆ گەلی کوردو گەریلا لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، کە چالاکی گەریلاییش پێش دەخەین بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، وەڵامی ئەو قسانەش دەداتەوە کە دەڵێن گەریلا لە باشوری کوردستان میوانە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-بۆچوونتان له‌ سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تی كوردستان چییه‌؟

 

"كورد وه‌ك ئاكته‌رێكی سه‌ره‌كی رۆڵی لە سەدەی ٢١دا جیاوازه"

 

ئه‌ویندار ئارارات: به‌ ناوه‌ندی عێراق و سوریاوه‌ شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م به‌رده‌وامه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ ته‌نیا له‌لایه‌نی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، شه‌ڕێكی سیاسی، سه‌ربازی، ئیدیۆلۆژی، ئابووری به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ نێوان هه‌موو هێزه‌كاندا باڵانس و پەیوه‌ندییه‌كی نوێ پێشبخەن، ئه‌ویش به‌ ناوه‌ندییه‌تی كوردستان، چونكه‌ كوردستان به‌ مێژوو، ئاسه‌واره‌كانی و هه‌روه‌ها به‌رخودانی و رێكخستنی گه‌لی كورد له‌ ناوه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جێگا ده‌گرێت، بۆیه‌ له‌ شه‌ڕی جیهانی سێیەمدا و له‌ ته‌وازۆن و دیزاینی نوێدا، كورد وه‌ك ئاكته‌رێكی سه‌ره‌كی رۆڵی لە سەدەی ٢١دا جیاوازه، له‌ باكوری كوردستان به‌ پێشه‌نگایه‌تی رامانی رێبه‌ر ئاپۆ و گه‌ریلا، كورد بوون به‌ خاوه‌ن ناسنامه‌ی ئازاد و له‌م پێناوه‌شدا قوربانی زۆر به‌ به‌هایان دا.

 

 

وتیشی:"له‌ رۆژهه‌ڵاتیش دا له‌ دوای كۆماری مه‌هاباد كه‌س نه‌یتوانی پێشه‌نگایه‌تی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان بكات، هه‌تا ئێستا پارچه‌ پارچه‌ بوون له‌م به‌شه‌دا زاڵه‌، نه‌یانتوانیوه‌ هه‌تا ئێستا سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئه‌مڕۆش به‌ پێشه‌نگایه‌تی پژاك، كودار، هه‌په‌ژه‌ و یه‌ره‌كه‌ و كه‌ژار له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هه‌وڵدانێكی هه‌یه‌، به‌ڵام زه‌ختی سیسته‌می فاشیستی ئێرانیش به‌رده‌وامه، له‌ باشوری كوردستاندا توانیمان ستاتویه‌ك قازانج بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ به‌شێكی له‌ كوردستانه‌ نه‌ك هه‌موو كوردستان، چونکە له‌ باشور سیاسه‌تی عه‌شیرته‌ و بنه‌ماڵه‌ زاڵه، ئه‌مه‌ ماوه‌ی چه‌ن ساڵه‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعود بارزانی له‌ پەرلەمان كۆتایی پێهاتووهو پێویسته‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن بڕۆن، جیاواز له‌وه‌ش پەرلەمان كه‌ هه‌ڵبژێردراوی گه‌له‌، په‌كی كه‌وتووه‌ و له‌ دۆخی ئێستا بێ رۆڵه‌".

 

-له‌م دۆخەی تۆ باسی دەکەیت، باس لە ڕیفراندۆم دەکرێت هەڵوێستتان لەو بارەیەوە چییە؟

 

"بارزانی کۆپی سیاسەتی ئەردۆغان دەکات"

 

ئه‌ویندار ئارارات: هه‌م ریفراندۆم بۆ باشور و هه‌م بابه‌تی ئاڵای هه‌رێم له‌ كه‌ركوك كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كرد، له‌ دۆخێكی وه‌ك ئێستا له‌ باشوری كوردستان كه‌‌ ئاڵوزی و قه‌یران قووڵه‌‌، ئه‌وه‌نده‌ سیاسه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ و نكۆڵی له‌ ئیراده‌ی گه‌لی كورد هه‌یه‌، هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌ گژ كوردی دیكه‌دا بده‌ن، سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی نێونه‌ته‌وه‌یی و وڵاتانی دراوسێ نموونه‌ی ئێران، عێراق، توركیا، ئامریكا و روسیا، له‌ سه‌ر سیاسه‌تی باشور كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ چون ده‌توانن له‌ دۆخێكی وه‌ها له‌ باشوری كوردستاندا سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌ێنن، بابه‌تی سه‌رنج راكێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ی له‌ باشوری كوردستاندا ناكۆكی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی قوڵ هەیەو بارزانی باسی سه‌ربه‌خۆبوونی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌م ره‌نگه‌ ئاسته‌نگ بێت به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل، ئەو سیاسەتەی کە بارزانی لە باشور بەڕێوەی دەبات، کۆپی هەمان سیاسەتی ئەردۆغانە لە تورکیا، چۆن ئەوان ئەیانەوێ سیستمێکی یەک لایەنە، تاکە کەسی و یەک حیزبی بسەپێنن.

 

-کەوایە بارزانی پشتیوان بەچی ئەم ڕیفراندۆمە دەکات؟

 

"بارزانی پشتی به‌ دژبه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ گه‌رم كردووه‌"

 

ئه‌ویندار ئارارات: ‌بارزانی ئه‌وه‌نده‌ش پشتی گه‌رم نییه، باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات، له‌ كاتێكدا هه‌موو باشوری كوردستان له‌ ژێر چه‌تری داگیركاری توركیا دایه‌، ئه‌وه‌نده‌ باره‌گای سه‌ربازی، تانك و توپ و سه‌ربازی دوژمن له‌ باشوری كوردستاندا جێگایان خۆش كردووەو هه‌ر ڕۆژ روو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن، له‌ باشیکه‌، بامه‌ڕنێ‌، ئامه‌دیه‌و له‌ زۆرینه‌ی شاره‌كانی باشوری كوردستان ئیستخباراتی توركیا به‌ جێ بوون‌‌ و زۆر به‌ ئاشكرایی ده‌گه‌ڕێن، ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه، مه‌سعود بارزانی پشتی به‌ دژبه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ گه‌رم كردووه، ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ پشتی پارتی و بارزانی گه‌رم ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئێوه‌ دژ به‌ په‌كه‌كه‌ راوه‌ستن و له‌م شه‌ڕه‌دا یارمه‌تیمان بده‌ن، په‌كه‌كه‌ له‌ باشور و رۆژئاوادا لاواز بكه‌ن، له‌ داهاتوودا یارمه‌تیتان ده‌ده‌ین بۆ پێشخستنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی چیرۆكه‌، چونکە بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا و ئاكه‌په‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌ناو بردنی گه‌لی كورد دامه‌زراوه‌.

 

ئارات وتیشی:"ئه‌م قۆناغه‌ مه‌سعود بارزانی پێویستی بە تورکیایە‌، بۆیه‌ یارمه‌تی توركیا ده‌دات، بازرگانی ئابووری و سیاسی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ توركیا قه‌ت بۆ دراوسێه‌كه‌ی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی قبووڵ ناكات، توركیا قه‌ت دان به‌ مافی كورددا نانێت، له‌ ڕۆژئاوادا ئه‌وه‌نده‌ هێرش ده‌باته‌ سه‌ر گه‌لی كورد، له‌ باكوریش به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵكوژی و زه‌خت له‌ سه‌ر گه‌ل به‌ڕێوه‌ ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌و شۆڕشی رۆژئاوا لاواز بكات، كورد به‌ كارده‌هێن، ئینجا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییەكی توركیا له‌وه‌یدا كه‌  دراوسێ خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی كوردی قبووڵ بكات، سیاسه‌تی ئاكه‌په سیاسه‌تێكی ‌هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رە، ساخته‌كارەو له‌ پشته‌وه‌ لێ ده‌دات، تا ئێستا چه‌ندین جار مه‌سعود بارزانی بانگی كردووه‌ كه‌ براكوژی ناكه‌ین، گوایه‌ بۆ خۆی نایكات، به‌ڵام به‌ ده‌ستی دوژمنی كورد شه‌ڕی براكوژی به‌ڕێوه ده‌بات.

 

-کەوایە هێرشەکانی سەر شەنگال لە هەمان چوارچێوەدابوو؟

 

"هێرشەکان هەڵەبوون و ئامانج لێی گەریلابوو نەک پێشمەرگە"

 

ئه‌ویندار ئارارات: حكومه‌تی هه‌رێم ئاگای له‌ هێرشی سه‌ر شه‌نگال هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ته‌ ناتوانین بڵێین حكومه‌تی هه‌رێم، چون حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئارادا نه‌ماوه‌، بنه‌ماڵه‌ی بارزانییە، ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵكوژی هه‌م له‌ شه‌نگال و هه‌م باكوری كوردستان پێشكه‌وت، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ به‌ تاوانبار ده‌زانن، هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌ده‌په‌ بۆ ته‌سلیم گرتنی ئیراده‌ی سیاسی، هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ و به‌ده‌په‌ ده‌ستگیركران، به‌ڵام هه‌تا ئێستا سیاسه‌تێكی دژ به‌م ره‌شكوژیه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌. ته‌نانه‌ت شه‌رمه‌زاریشی ناكه‌ن‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌نگال شه‌هید بوون، به‌ جێگای ئه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌م هێرشه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست نه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لێدوان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێ به‌ هه‌ڵه‌ بووه‌، راسته‌ به‌ هه‌ڵه‌ بوو، ئامانج گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ و یه‌ژاستار بوو، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون،‌ دوای ئه‌وه‌ش نێچیرڤان بارزانی رویشت بۆ سه‌ردانی ئه‌ردۆغان له‌ توركیا، جارێكیتر ویستی له‌ سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ بازرگانی بكات، له‌ سه‌ر زه‌مینی ئابووری و سیاسی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی به‌هێز بكات، جا ئایا ئه‌مه‌ش براكوژی نییه!، به‌ هاوپه‌یمانی چه‌په‌ڵه‌كانیان بازرگانی سیاسی له‌ سه‌ر گیانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن.

 

-تورکیا هەڕەشە دەکات لە باشورەوە هێرش بکاتە سەر قەندیل، شرۆڤەتان بۆ ئەو هەڕەشانە چییە؟

 

"لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە"

 

ئه‌ویندار ئارارات: ئەو هەڕەشە بەردەوام هەیە، بەر لە ڕیفراندۆمیش تورکیا دەیوت کە ئێمە بەجۆرێک تێدەکۆشین کە هەتا مانگی نیسان ناوی پەکەکە لە مێژووشدا نەمێنێ، ئەوان هێزی ئەوەیان نییە کە پەکەکە لەناو بەرن، لە هەموو شوێنێک هێرشی سەر گەل، گەریلا، لە زیندانەکاندا هێرشی گەورە لەسەر سەرۆک ئاپۆ هەیە، لە هەموو لایەکەوە هێرشی سیاسی، ئیدیۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و کەلتوری، لەسەر گەلەکەمان هەیەو ئەمەش بابەتێکی تازە نییە، بەڵام بەتایبەت لەدوای ڕیفراندۆم دەیانەوێ هێرش و پەلامارەکان بەگوڕتر بکەن، چونکە ئەردۆغان دەیەوێ ڕژێمێکی فاشیست لەتورکیا دابمەزرێنێت و هەموو ناڕەزایەتیەکان لەناوبەرێت، دیارە ئەوەشی کە ناڕەزایەتی هەرە ئەساسی بەڕێوە دەبات پەکەکەو گەلی کوردە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی قەندیل و هەرێمی پاراستنی مەدیا بکەن، لەوەشدا هەموو شێوەکانی هاوکاری لەپارتی وەردەگرن، بەڵام من باوەڕناکەم هێزی گشتی پێشمەرگە ببنە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی بەوشێوە دژی گەریلا، بەڵام دەبێت هێزی تایبەتی گرێدراوی ماڵی بارزانی هەبن و بەشداربن، ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام هەرچەندەش ڕێکەوتن، بەشداربوون و هاوکاریەکی پەدەکەش هەبێت، هەرچەندەش شاراوە بێت، مەترسیەکی گەورە بۆ ماڵی بارزانی و پارتی دێنێتە ئاراوە، چونکە ئەوە دژایەتی گەلی کوردە.

 

-پارتی بۆ گەریلاو شەڕڤانان هەمیشە دەڵێت لە باشور میوانن و کارتان تەواو بووە، وەڵامی ئێوە لەوڕووەوە؟

 

"نەک کورد، پەکەکە بۆ هەموو گەلانە"

 

ئەویندر ئارارات: ڕاستە پەکەکە لە باکوری کوردستان دامەزرا، پێشکەوتن و گەورەبوونی پەکەکە لە باکور بووە، بەڵام لە دامەزراندنی پەکەکەوە تاکو ئێستا، لە پارادیگمای پەکەکەدا هێڵێک کە لە بواری (سیاسی- سەربازی- کۆمەڵایەتی) -ەوە بۆخۆمان دەستنیشنمان کردووە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانە، بزاڤێکی کوردستانییەو لەوەش زیاتر ئیتر بووەتە بزاڤێکی گەلان و تەنها بۆ گەلی کورد تێناکۆشێت، ئێستا بۆ گەلانی عەرەب، تورکمان، فارس، ئەرمەنی، ئازەری و ئاسوری تێدەکۆشێت، چونکە کوردستان بەتەنها هی کوردان نییە لە کوردستاندا، گەلی جیاواز هەیە، باوەڕی و کەلتوری جیاواز هەیە، بۆیە پەکەکە لەپێناو ئەوانیشدا تێدەکۆشێت، ئێستا هەبوونی پەکەکە لە کەرکوک تەنها لەپێناو کوردان نییە، بەڵکو پەکەکە ئەرکی پاراستنی گەلانی کەرکوکی گرتوەتە ئەستۆ، لە شەنگالیش بەهەمان شێوەیە، ڕاستە لە شەنگال گەلی ئێزدی ڕوو بەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا لە شەنگال پێکهاتەی تریش هەن، بۆیە پەکەکە بۆ پاراستنی هەموو گەلی شەنگال لەوێیە، لەبەر ئەوە ئەو قسانەی پێشوو حیزبی بوون و دژی پەکەکە بوون، لەکاتێکدا هەر ئەو کەسانەی ئەو قسانە دەکەن ئەوە دەزانن کە پەکەکە حەرەکەتێک نییە تەنها بۆ باکور بێت، ئەوانەی ئەو پڕوپاگەندایە بۆ ڕەشکردن دەکەن دەزانن کە پەکەکە تەڤگەرێکی کوردستانییەو لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەناسرێت و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا پەکەکە ناسراوە.

 

وتیشی: لەسەر ئەو بنەمایانە پەکەکە وەک هیوایەک دەبینرێت، بۆیەش بەو ئەندازەیە بەشداری پەکەکە دەبن، لە نەتەوەکانی تری وەکو عەرەب، تورکمان، کەسانی ئەوروپی و ئەنتەرناسیۆنالیست، ئەمریکی، کەنەدی، تەنها بەشداری یەپەگە/یەپەژە نابن، بەڵکو لە بنەڕەتدا بەشداری پەکەکە دەبن، هەربۆیە پەکەکە بزوتنەوەیەکی فراوانە، سروشتییە کە ئازادکردنی کوردو کوردستان بنەماو ئامانجە، بەڵام حەرەکەتێکی مرۆڤایەتییە، بۆیە ئەو قسانە پوچن و  مێژووی ئەو ئاخاوتنانە بەسەر چووەو کەسیش باوەڕ ناکات، پراکتیکی پەکەکە، هەبوون و تێکۆشانی گەریلا، بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە، ئەو سیاسەتەی کە بەڕێوەدەچێت وەک نەتەوەی دیموکراتیک، وەک کۆنفیدرالیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەسەند دەکات، هەرکەس ئەوە دەخوێنێتەوەو دەیبینێ و دەیناسێ، یانی ئەوانە لەخۆیانەوە قسە دەکەن و جێی باوەڕی نین بۆ خەڵک، پڕوپاگەندەیەکی بێ بنەماو پوچەو پراکتیکی پەکەکەش هەموو ئەوانەی بەتاڵ کردوەتەوە.

 

-لە ئێستادا تاچەند ئاگاداری دۆخی بەڕێز ئۆجالانن؟

 

"چالاکییەکانی گەل و گەریلا لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆدایە"

 

ئەویندار ئارارات: دوو ساڵ زیاترە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکایەتی نییە، هیچ هەواڵێکمان لێی نییە، هەندێ جار چاپەمەنیەکانی تورکیا وەکو پڕوپاگەندە دەڵێن دەوڵەتی تورک لەگەڵ سەرۆکایەتی چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات، لە ڕاستیدا شتێکی وا نییەو درۆیە، دەیانەوێت لە دەرونی گەلی کورد دا ئاڵۆزی دروست بکەن و ڕۆژەڤەکە بشێوێنن، چونکە گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەت ژنان و گەنجان، بەرامبەر ڕەوشی سەرۆکایەتی، گۆشەگیری و شکەنجەی سەر سەرۆک ئاپۆ هۆشیارو هەستیارن، بێگومان ڕەوشێکی مەترسیدارە، تێکۆشانێک کە لەلایەن گەل و هەروەها لەلایەن گەریلاشەوە چالاکی پێش دەخەین لەهەمانکاتدا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە، خاوەنداری کردن لە هێڵی سەرۆکایەتییە، لە ئاستی گشتیشدا وەک چاپەمەنی، دیپلۆماسی، پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا هەموو لە ڕۆژەڤی ئێمەدایە، چونکە گۆشەگیریەکی بێ یاساو هێرشێکی نامرۆڤانەیە، بێویژدانی و بێ ئەخلاقانەیە لەسەر سەرۆکایەتی و هەڤاڵانی زیندانی ئیمرالی بەتایبەتی و زیندانەکانی تورکیا بەگشتی خۆی لە هەموو زیندانەکانی تورکیادا بێ یاساییەکی گەورە هەیە.


س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin