Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرهاد سەنگاوی: پارتی و یەکێتی چی لە بەرژەوەندی خۆیانبێت دەیکەن

2017-05-22 09:50:22



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

لە چاوپێکەوتنێکدا، پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، بەپێی یاسا بۆ هەموو پرسەکان پەرلەمان تاكە مەرجەعە، حکومداری ڕۆژئاوای کوردستانیش بە باشترین پێناسەدەکات و لەسەر یەکێتی و پارتیش دەڵێت: چی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت ئەوەدەکەن.

 

فەرهاد سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەوەی ڕۆژنیوزدا، وەڵامی چەند پرسێكی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەداتەوەو لەسەر پرسەکانی ڕفراندۆم و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی ئەمریكییەكان بۆ عێراق و بەڕێوەبردنی حکومەت لە ڕۆژئاوای كوردستان قسە دەکات و ئاماژە بەوەشدەکات کە بانگەشەی ڕیفراندۆم تەنها بۆ کاتکوشتنە.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

-پێتوایە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە؟

 

"هیچ زەمینەیەك لەبار نییە بۆ ڕیفراندۆم"

 

فەرهاد سەنگاوی: پێموایە ڕیفراندۆم بۆ كات كوشتن و سەرقاڵكردنی خەڵكە بۆ ماوەیەك، چونكە تا ئێستا ڕیفراندۆم زەمینەی ناوخۆیی و دەرەكی نییە، دەوڵەتی كوردستان زەمینەی ناوخۆیی و دەرەكی نییە، ڕیفراندۆمی كوردستان، لە هەموو ڕیفراندۆمی وڵاًتانی تر جیاوازترە، لەبەر ئەوەی ٤٥%ی خاك و خەڵكی كوردستان لە كەركوك و خانەقین و شەنگال-ن، تاوەكو ئێستا لەڕووی یاساییەوە سەر بە حكومەتی عێراق-ن، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زوو زوو ڕایدەگەیەنن كە بڕوایان بە عێراقێكی یەكگرتوو هەیە.

 

وتیشی: هەلومەرجی ناوخۆیی و نایەكبوونی كۆمەڵگا و نایەكبوونی هێز پێشمەرگە و پارچە پارچەبوونی كۆمەڵگا بەدەست حزبەوە، هەمووی ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە ناوخۆدا هیچ ئامادەكارییەك نییە بۆ ڕیفراندۆم.

 

-کەوایە لە ئەمساڵدا ئەنجام نادرێت، وەک بانگەشەی بۆ دەدەکرێت؟
 

"تەنها چاو و ڕاوە"

 

فەرهاد سەنگاوی: پێناچێت ئەنجام بدرێت، چونكە وەكو باسمكرد هیچ زەمینەیەك نییە، ئیتر ئەوان لە دەرەوەی زانست و عەقڵ و لۆجیك، شتێك دەكەن نازانم، چونكە لۆژیك و زانست بە ئێمە دەڵێت كە هیچ زەمینەیەك لەبارنییەو ئەوانە تەنها چاو و ڕاوە.

 

-بۆ وەها پرسێک تا چەند پەرلەمان پێویستە؟

 

"پەرلەمان تاكە مەرجەعە"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەم كوردستانە لە ساڵی ١٩٩١وە بە بڕیاری دوو مەكتەب سیاسی بەڕێوە چووە، بۆیە تا ئێستا خراپ بەڕێوەچووە، بەپێی یاساكانی پەرلەمان، بڕیاری یەكی ساڵی ٢٠٠٥ دەڵێت، بۆ هەموو پرسە چارەنووسسازە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعە، وە سەركردە سیاسیەكانیش هەموویان ئەمانەیان وتووە، لە دەرەوەی ئەمەو لەسەروی یاسا-وە چی ئەكەن ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، چونكە من پێموایە ئەمانە لەدەرەوەی یاسا و لۆژیك شت ئەكەن.

 
-چی لەسەر ئەو سیناریۆیانە دەڵێیت کە باس دەکرێت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە؟
 

"سەیری بەرژەوەندی خۆیان دەکەن"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەتوانن ٥٦ كورسی زیاتریش پەیدا بكەن، بەڵام ئەوە ئەكەوێتە سەر خۆیان، ئەم كارە ئەكەن پێیان باشە، سەركەوتوو ئەبن تێیدا، ئەوە ئەكەوێتەوە سەر خۆیان، ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆیان باش بێت بێگومان ئەیكەن، ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خۆیان باش نەبێت ئەوا نایكەن.

 

-وەك پەرلەمانتارێکی یەکێتی پێتوایە حزبەکەت بەوشێوەیە پەرلەمان کارابکاتەوە؟

 

"باسی حزب بۆ من مەکەن"

 

فەرهاد سەنگاوی: ببورە باسی حزب و شت بۆمن مەكە، من مەبەرەوە سەر فراكسیۆنی یەكێتی، من وەك فەرهاد سەنگاوی قسە دەكەم، بۆ وەڵامی پرسیارەكەت من نازانم، ئەوانە چ شتێك لە بەرژەوەندی خۆیان بێت ئەوە دەكەن، چیش لە بەرژەوەندیان نەبێت  نایكەن.

 
-باشە، وەک ئەوەی ساڵانێک لەناو یەکێتیدا کارتکردووە، پێتوایە بەوشێوازە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە چ دیوێکدا بۆ یەکێتی دەشکێتەوە؟
 
"پێشی ڕووداوەکان ناکەوم"
 
فەرهاد سەنگاوی: ئەوان بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەلاوە گرنگە، من لێكدانەوەم بۆ ئەوە هەیە، بەڵام نامەوێت پێش ڕووداوەكان بكەوم، من بەناوی خۆمەوە قسە دەكەم، من كابرایەكم بڕوام بە خەبات و تێكۆشانێكی پاك هەیە بۆ گەلەكەم، هەرچیشم كردووە لە ڕابردوودا لەو دیدەوە كردوومە، لەوانەش هەمووی پەشیمانم كە بووەتە قازنج بۆ گیرفان كەسەكان.
 
-دۆخی هەرێم بۆچی بەمڕۆ گەیشت؟
 
"قەیرانەکان دەستکردن"
 

فەرهاد سەنگاوی: دوو هۆكاری هەیە، یەكەم نەزانی لە ئیدارەكردن بەڕێوەبردن، دووەمیش بێباكی بۆ دەستكەوتی شەخسی، هەموو قەیرانەكان وادەستی پێكردووە، بۆیە هەموو قەیرانەكان بە دەستكرد دەزانم، ئامانج لە دروستكردنیان ئەوەیە كە خەڵك نەیپەرژێتە سەر پرسە گشتییەكان، ئەگەر كار هەبێت و بەنزین و كارەبا هەبێت، ئەوكاتە خەڵك بیر لە جۆری حكومڕانی ئەوان دەكاتەوە.

 

-وەك بە ئەزمونێك سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 

"لەشەستەکانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەگەر كەسێك لە ساڵی ١٩٦٠ دا مردبێت و ئێستا زیندوی كەیتەوە هیچ پێویستی بە تێگەیاندن نییە، هەموو شتەكان وەك خۆیەتی، لە پەنجاكان و لە شەستەكان و تادوایی، هەموو شتەكان وەك خۆیەتی، هەمان كارەكتەرو هەمان ڕووداوەكانن، ئێستا خەڵكی كوردستان كاغەزی سپی دەخوێنێتەوە، جاران خەڵك بە سۆز و هەست لایەنگری لەم و لەو دەكرد، ئێستا خەڵك لە هەر كەس و لایەنێك دەیان ئەزمونی بینی، خەڵك نان بڕینی بینی، خەڵك برسیكردن و فێڵكردن و شەڕی بینی، لەبەر ئەوە خەڵكی كوردستان هەموو شتێك دەخوێنێتەوە، كەس هەیە پێویستی بەوە بێت پێی بڵێیت توركیا دۆستی كوردە یان دوژمنی كوردە، هەموو كەس دەزانێت كە توركیا داگیركەری پارچەیەكی گەورەی كوردستانە، ئەگەر پەیوەندیەكیشی هەبێت لەگەڵ باشووری كوردستاندا، ئەوا بێگوومان بە قازانجی توركیا دەشكێتەوە. چونكە ئەمە ڕاكێشانی گوریسە لە بەینی كەسێكی لاواز و كەسێكی بەهێز.

 

-دۆخی ناوخۆی یەكێتی چۆن هەڵدەسەنگێنێیت؟

 

فەرهاد سەنگاوە: نازانم، ئەوە لەخۆیان بپرسە.

 

-وەك چاودێرێكیش هیچ هەڵسەنگاندنت بۆی نییە؟

 

"مافی خۆمە قسەبکەم"

 

فەرهاد سەنگاوی: وەك كوردێك  وەك چاودێرێك، هەموو كەس بۆی هەیە باسی هەموو حزب و سەركردەیەك بكات، چونكە حزب و سەركردە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، لەو دیدەوە من مافی خۆمە قسەبكەم، لەودیدەشەوە كە جەنابی ناموبارەكم ٣٠ – ٤٠ ساڵی ژیانم لەناو ئەو لایەنانەدا بەڕێكردووە مافی خۆمە قسە بكەم، بەڵام نامەوێت بچمە سەر ئەو بابەتە ناشیرین و بچوكانە.
 

-پارتی و چەند لایەنێک بوونی شەڕڤان و گەریلا لە شەنگال بە کێشە دەزانن، سەرەنجتان لەو ڕووەوە؟

 

"هەموو کەس مافی خەباتی هەیە"

 

فەرهاد سەنگاوی: من پێموایە هەر هێزێكی كوردستانی مافی خۆیەتی لەهەر شوێنێكی كوردستان خەبات بۆ گەل و نیشتیمان بكات، تەنانەت مافی كەسێكی بیانیشە خەبات بۆ نەتەوەیەك بكات، یەعنی ئەگەر حزبێكی چینی یان ئەمریكی بێت لە كوردستان، خەبات بۆ كورد بكات مافی خۆیەتی و دەستی خۆش بێت، ئەوەتا كۆرییەكان و رێكخراوەكانی تر دێن لێرە خزمەت دەكەن دەستیان خۆش بێت.

 

-پێتوایە ئەمساڵ لە هەرێم لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت؟

 

"ئەمریکا دەزانێت"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەگەر ئەمریكا پێی باش بێت ئەوە دەكرێت، ئەگەر ئەمریكا پێی باش نەبێت ئەوە ناكرێت.

 

-باسی ئەوەتکردووە كە ئەمریكا دەگەڕێتەوە و حوكمی عێراق و كوردستان دەكات، ئەمە لێكدانەوەی خۆتە یان لەسەرچاوەیەكەوە پێت گەشتووە؟

 

"ئەمریكا بۆ ماوەیەكی كاتی پاشەكشەی كرد"
 
فەرهاد سەنگاوی: یەكەم جار لێكدانەوەی خۆم بوو، سەرەتا لەساڵی ٢٠٠٢ دا پێموابوو كە ئەمریكا دێتوو حوكمی ئەم ناوچەیە دەكات، بەڵام كە ئەمریكا هات بینی سوونە وا پەروەردە كراوە كە ئەوان دەتوانن هەموو دنیا بگۆڕن و خاوەنی شارستانیەتی هەموو دنیان، شیعەش وا پەروەردە كرابوو كە مەهدی دێت و هەموو دنیایان بۆ چاك دەكات، ئەمریكیەكان كەهاتن دوو ترلیۆن دۆلار و پێنج هەزار كوژراویان دا بۆ ڕوخانی سەدام، ئەم شیعەو سونەیە تێنەگەیشتن لەو گۆڕانكاریە گەورەیە، ئەمریكیەكان كاتێك تێگەیشت بەم تێگەیشتنەی شیعە و سونە، ئەستەمە تێگەیشتن لەنێوان ئەوان و شیعەو سونەدا دروست بێت، بۆیە بەكاتی پاشەكشەی كرد، بۆئەوەی شیعەو سونە بە چاكی حكومی خۆیان بكەن و تێربن لە كوشتن و بڕین، تا ئەوكاتەی خەڵكی عێراق لەڕووی دەرونیەوە ئەمریكا قبوڵ بكەن، ئێستا ئەو زەمینەیە لەبارە.

 

-ئەمریكا لەژێر چ یاسایەكدا دەگەرێێتەوە؟
 
"ڕوون نییە"
 
فەرهاد سەنگاوی: پێموایە ئەمریكیەكان ڕێككەوتنی نهێنی ئەبێت لەگەڵ ڕوسیا و چین و ئەو وڵاتانە، وەكو داشی دامە تۆ لە ویێ و من لەوێ‌، دوای ئەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان خۆیان چی بۆ ئەكەن ڕوون نیە.
 
-ئەمریكییەكان چۆن كاردەكەن لە عێراق؟
 

"بۆ نەهێشتی گەندەڵی"

 

لە ئێستادا ٧٥ ڕاوێژكار، لەناویاندا دەیڤت پاتریۆس، كە بەدڵنیاییەوە ئەو سەرپەرشتی لایەنی سەربازی دەكات، هەروەها كریستۆفەرهێڵ لەگەڵ ڕایەن كروكەر، كە ئەوانە سێ‌ كەسایەتی بەناوبانگی ئەمریكین، ئەوانی تریش ڕەنگە لە پلەی ئەوان بن یان تۆزێك كەمتر، هەندێك كورد و عەرەبیان تێدایە، لە یەكی حوزەیراندا دەستبەكار دەبن لە وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقدا، هەریەك لە وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقی نزیكەی دە ئەمریكی سەرپەرشتی دەكات، بۆ نەهێشتی گەندەڵی و نەهێشتنی ڕۆتین و سەرپەرشتی كردنی كار.

 

-ڕێكخستنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەدایە؟

 

"پێموایە"

 

فەرهاد سەنگاوی: هەر لەو چوارچێوەدایە پێم وایە ڕۆشتوونەتە وەزارەتی دارایش.

 

-ئەو حكومەی لە سوریا بە پێشەنگی كورد بەڕێوە دەچێت ڕای تۆ چییە لەسەری؟

 

"ئەمریكی و ئەوروپیەكان پێی سەرسامن"

 

فەرهاد سەنگاوی: ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەكرێت، باشترین و جوانترین جۆری حوكمڕانییە، ئەوەی تا ئێستا كرابێت، باشتر بكرێت نازانین، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەكرێت جوانترینە، ئەمریكی و ئەوروپیەكان پێی سەرسامن، بەتایبەتی بە دەست پاكیان، بیستومە ١٥ ملیۆن دۆلاریان داوە بە كوردەكان كە بچن بەنداوێك چاك بكەن، ١٢ ملیۆنیان سەرف كردووەو سێ ملیۆنیان بۆ بردونەتەوە، ئەوكاتە ئەمریكییەكان زیاتر ڕێزیان دەگرن، ١٢ ملیۆن دار زەیتوون-یان چاندووە، كە ئەگەر لێرە بێت هەر تاقەتی بژار دارەكانیشیان نییە، پێموایە جۆری حكومڕِانی و سەربازیان باشە، دەكرێت هەندێك كەموكورتی هەبێت بەڵام باشترین جۆری حوكمڕانی ئەوەیە كە پەیەدە لە رٍۆژئاوای كوردستان دەیكات.

 

تێبینی؛ 'ئەم چاوپێکەوتنە هەفتەی ڕابردوو تۆمارکراوە'

 
س.ح


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin