Smiley face
Smiley face
Smiley face

چین و توێژە جیاوازەکان باسی کاریگەریی خراپی دراما تورکییەکان دەکەن

2017-05-19 17:59:15



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار

 

چین و توێژەكان نیگەرانن لەبەردەوامیدان بە پەخشكردنی دراما توركییەكان لەلایەن كەناڵە كوردییەكانەوە و ئاماژە بەوەش دەكەن، پێشاندانی ئەو درامایانە بوەتە هۆی زیادبوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و پێویستیشە سنورێك بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو درامایانە لە كەناڵە كوردییەكان دابنرێت.

زۆریی بڵاوبوونەوەی درامای دۆبلاژکراو لە کەناڵە کوردییەکان، بەتایبەتیش درامای تورکی، کاردانەوەی جیاوازی لەلایەن چین وتوێژەکانەوە لێ کەوتوەتەوە.

 

هاوكار عوسمان گەنجێكی شارەدێی رزگارییە و سەبارەت درامای توركییەكان بۆ ڕۆژنیوز وتی : پەخشكردنی ئەو دراما توركییانەی، كە دۆبلاژکراون كارێكی هەڵەیە، پێویستە ڕێگیری لە پەخشكردنی بکرێت، چونكە بوونەتە هۆی زۆربونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، پێویستە هەوڵ بدرێت فیلمی كوردی پیشان بدرێت، چونكە سەر لەبەری ئەو فیلمانە زیان بەژیانی هاوڵاتیانی كورد دەگەیەنێت و بە ئاشكرا سوكایەتی بە گەلی كورد دەكرێت تییاندا.

 

 

هاوكار عوسمان وتیشی: بەپێی ئەو بەرنامە کۆمەڵایەتیانەی کە لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەیانبینین، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو دراما توركییانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خێزانیش هەبووە، کاریگەرییان لەسەر تێکچوونی شیرازەی خێزان هەبووە لەوە کە هاوسەران لێك جیادەبنەوە، هاوکات دەروونناسانیش پێیوانوایە کە زۆرجار گەنجانی تازە پێگەیشتوو و هەرزەکاری كوڕ و كچ لاسایی ئەو درامایانە دەکەنەوە و دوای شکستێهنانیان لە خۆشەویستی هەرزەکارییدا پەنا بۆ خۆكوشتن و کردەوەی دیکەی نابەجێ دەبەن، ئەمە جگەلەوەی کە كۆی ئەم دراما توركییانە سیاسەتێكی تری ڕژێمی توركیا دژ بە گەلی كورد و گەلانی تر.

 

گەنجێكی تر بە ناوی جەبار ساڵەیی  شانۆكار،  بە ڕۆژنیوزی وت: وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تاوانبار ئەزانم لە ڕێگەدان بە نمایشكردنی ئەم دراما توركییانە, چونكە پێش ئەوەی تێیان پەڕێنێت بە فلتەرێكی خویدا ڕاستەوخۆ ڕیگەی بڵاوكردنەوەیان پێ دەدات, بیر لەوە ناكاتەوە ئەم درامایانە لەلایەن وڵاتێكەوە بەرهەم دەهێندرێن و بە چ مەبەستێکەوە بەرەهەم دەهێندرێن.

 

 

محەمەد نەجیب توێژەری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە كاریگەرییی دراماتوركییەكان بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی وت : بێگوومان لاساییكردنەوەی هەر كلتورێك و داب و نەریتیی وڵات و كۆمەڵگایەكی تر كاریگەری و كاردانەوە و دەرئەنجامی تایبەتی خۆی هەیە, بەداخەوە لە كۆمەڵگای كوردیش دیاردەی چاولێكردنەوە ئێستا یەكێكە لەدیاردە زەقەكان، لێرە ئێمە مەبەستمان كاریگەری دراما توركیەكانە لەسەر كۆمەڵگای كوردی، ئەم كاریگەرییە لە ڕێگەی چاولێكەری و لاساییكردنەوە ڕوو دەدات, بە هۆی ئەوەی كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكە زۆربەی دانیشتوانی موسڵمانن بۆیە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەو خێزانانەی،  كە زۆر داخراون كاریگەری ئەم جۆرە درامانە زیاتر پێیانەوە دیار بێ.

 

 

محەمەد نەجیب وتیشی : بێگومان كێشە و گرفتی زۆر بۆ خێزانەكان ڕووی داوە, بۆ نمونە بۆتە هۆی ئەنجامدانی چەندین كردەی دەست درێژی و توندوتیژی لەناو خێزانەكان، یەكێک‌ لە دەرئەنجامە ترسناكەكانیش خۆ كوشتن و خنكاندنە، بەداخەوە ئەو ڕێگاو شێوازانەی لە دراماكان بە كاردێ‌ بۆ خۆكوشتن ڕێگا خۆشكەر و ئاسانكارییە بۆ زۆربونی كێشەی كۆمەڵامەیەتی وتوندوتیژی و خۆكوشتن.

 

محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، بۆیە بەڕاستی دەبێت دەزگاكانی ڕاگەیاندن زۆر بە بەرپرسانە ڕەچاوی ئەم دیاردەیە بكەن و زۆر گرنگی پێبدرێ‌، چونكە دیاردە كارەسات بارەكان زیاتر دەبن.

 

لە باشوری كوردستان بێ گوێدانە خراپی لایەنی كۆمەڵامەیەتی و سوكایەتیكردن بە نەتەوەیەك، بەشێك لە كەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەكان، بەشێكی زۆری بەخشی كەناڵەكانیان تەرخان كردووە بۆ پیشاندانی دراما توركییەكان، ئەمەش  هاوڵاتیانی باشوری نیگەران كردووە، چونكە بە هۆی ئەو درامایانەوە تا دێت كێشە كۆمەڵایەتییەكان زیاد دەبن.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin