Smiley face
Smiley face
Smiley face

کچانى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوو له‌ وه‌رزشى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین ده‌که‌ن

2017-05-16 11:30:11



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى


کچانی شاری هەڵەبجە وەک خولیایەک و بۆ دەرخستنی توانا جەستییەکانیشیان، ڕوو لە وەرزشی ووشۆ کۆنگ فۆشاولین دەکەن.


 
نزیکەی سێ مانگ دەبێت لە شاری هەڵەبجە فێرگه‌ى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین کراوەتەوە، کە هەردوو بەسی کوڕان و کچانی تێدایە.

 

که‌وسه‌ر ته‌ها، ڕاهێنه‌رى به‌شى کچانى فێرگه‌ى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین به‌ ڕۆژنیوزى وت:"ماوه‌ى نزیکه‌ى چوار ساڵ هاوسه‌ره‌که‌م ‌ لە وه‌رزشى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین ڕاهێنانم پێکردم، ئێستا گەشتوومەتە ئاستێک، کە منیش به‌شى کچانم کردووتەوە و دەستمکردووە به‌ڕاهێنان به‌ ژماره‌یه‌ک له ‌کچی قۆناغی سه‌ره‌تایى تاوه‌کو زانکۆ".

 

که‌وسه‌ر ته‌ها

 

کەوسەر، وتیشی:"من توانیم ئه‌و به‌ربه‌سته‌ بشکێنم، که‌ پێشتر ته‌نها کوڕان به‌شداربووى ئه‌م وه‌رزشه‌ بوون، بۆیه‌ داواش له‌و کچانه‌ ده‌که‌م که ‌خولیاى ئه‌م وه‌رزشه‌ن به‌بێ گوێ دانه‌ قسه ‌و تانه‌ی تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگا به‌شدارى له‌ ڕاهێنانى فێرگه‌که‌مان بکه‌ن".

 

کاڵێ به‌کر، وه‌رزشکارى فێرگه‌که‌ به‌ ڕۆژنیوزى وت: به‌ده‌ر له‌ وه‌رزشى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین پێم باشه‌ بۆ وەرزشەکانی دیکەش بەشی تایبه‌ت بە کچان بکرێتەوە، چونکە بەهۆی ڕێگریى کۆمەڵگا، ڕۆڵى کچان له‌ناو وه‌رزشدا که‌مڕه‌نگه‌.

 

کاڵێ به‌کر

 

کاڵێ، بەپێویستیشی زانی، کە کچان ڕۆڵیان هەبێت لە تێگەیاندنی کۆمەڵگا لەوەی وەرزش تەنیا هی کوڕ نییە و هەردوو ڕەگەز دەتوانن وەرزش بکەن.


 
ڕێناس حه‌سه‌ن، خویندکارێکی بەشی وەرزشی زانکۆیە و یەکەم فێرخوازی بەشی کچانی فێرگەکەش بووە، سەبارەت بە گرنگی وەرزشی ووشۆ کۆنگ فۆشاولین، وتی:"وه‌ک خوێندکارێکى زانکۆ له‌ به‌شى وه‌رزش که‌ به‌رده‌وام پێویسته‌ ڕاهێنانى جه‌سته‌یى بکه‌م، ئه‌م وه‌رزشه‌م به‌باشتر زانى و به‌کردنه‌وه‌ى فێرگه‌که‌ش ئه‌م هه‌له‌م قۆستوه‌ته‌وه‌ که‌ یه‌که‌م یاریزان بم بۆ فێربونى کۆنگ فۆ شاولین".

 

ڕێناس حه‌سه‌ن
 
ڕێناس، وتیشی:"ئەم وەرزشە هەم بۆ ته‌ندروستى جه‌سته‌یى که‌سه‌که‌ به‌سوده‌ و هه‌م وه‌ک خولیایه‌ک بۆ نمایش کردن و ده‌رخستنى توانا جه‌سته‌ییه‌کانى که‌سه‌کان".


 
خوێندکارێکى قۆناغى سه‌ره‌تایى و فێرخوازی فێرگه‌که‌ به ‌ناوى دیمه‌ن موختار، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئامانجم له‌به‌شدارى کردنى ئه‌م فێرگه‌یه‌ بۆ ده‌رخستنى توانا جه‌سته‌ییه‌کانى خۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ده‌وروبه‌ره‌که‌م ڕابگه‌یه‌نم که‌ که‌سێکى بێ هێز نیم".

 

دیمه‌ن موختار


فێرخوازانی بەشی کوڕانی فێرگه‌ى ووشۆ کۆنگ فۆشاولین له ‌هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌ى نزیکه‌ى سێ ساڵه‌ لە شوێنی جیاواز جیاواز دەستیان به‌ڕاهێنه‌کانیان کردووه‌، ماوەی سێ مانگیشە بینای تایبەت بە فێرگەکەیان کردووەتەوە و هەردوو بەسی کوڕان و کچانی تێدایە.

 

ووشۆ کۆنگ فۆشاولین، وەرزشێکی کۆنی وڵاتی چینە، کە زیاتر لە پەرستگاکاندا لەلایەن کەسانی تایبەتەوە، بۆ نمایشکردنی توانای جەستەیی و تەرکیزی مێشک ئەنجامدەدرا، پاش شۆڕشی چین لە ساڵی ١٩٤٩ گرنگی زیاتر بەو وەرزشە درا و بوو بە وەرزشێکی پرۆفیشناڵ و جیهانی.

 

لەم وەرزشەدا، وەرزشەوان زیاتر بە تەنیا یاریی دەکات و هەندێک جاریش لەگەڵ وەرزشەوانی بەرامبەردا یاریی دەکەن.

 

 

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin