Smiley face
Smiley face
Smiley face

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان: ئەگەر یاسا سەروەربێت دەبێت پارتی بدرێتە دادگا

2017-05-10 10:06:08



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، کە ئەگەر لە هەرێمدا یاسا سەروەر بوایە و داداگاکان کاری خۆیان بکردایە، لەبەرامبەر کارەکانیدا دەبوو ئێستا پارتی بدرایەتە دادگا، دەشڵێت: گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان داواکاریی پارتییە و لە ئەگەرێکیشدا ئەگەر ببێتە داوای فەرمی یەکێتی، ئەوە بێگومان کە ئێمە قبوڵی ناکەین.


لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، برزۆ مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، باس لە دۆخی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بانگەشەکان بۆڕیفراندۆم دەکات، هەروەها وەڵامی چەندین پرسیار دەداتەوە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا و هێرشەکانی ئەم دوایی تورکیا بۆ شەنگال و ئازادی ڕادەربڕین لە هەولێردا، وەک خۆشی دەڵێت گۆڕان هیچ مەرجێکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان نییەو ئەوەی هەیە تەنها پارتییە و دەبێت هەڵەو کارە نایاساییەکانی ڕاستبکاتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-دۆخی سیاسی هەرێم بۆ چی بە ئەمڕۆ گەشت؟

 

"یاسا هەبوایە دەبوو پارتی بدرایەتە دادگا"

 

برۆز مەجید: ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویدا ئەوەبوو، کە پارتی کودەتای کرد بەسەر پەرلەماندا، لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە حزبێک بتوانێت پێشێلکارییەکی وابکات و بەو شێوەیە سومعەی هەرێم یان وڵاتەکەی لەکەدار بکات و بەرزترین دەزگای یاسادانان کە پەرلەمانە دابخات لە پێناو مەرامی حزبی خۆیدا، خۆ ئەگەر لە هەرێمدا یاسا سەروەر بوایە و داداگاکان کاری خۆیان بکردایە، دەبوو ئێستا پارتی بدرایەتە دادگا.

 

-داخستنی پەرلەمان چەند زیانی هەبووە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم؟

 

"بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێت پارتی هەڵەکانی ڕاستبکاتەوە"

 

برۆز مەجید: کە پەرلەمان پەکخراوە دەبینین کۆمەڵێک ڕووداو هەبووە لە هەرێمی کوردستان کە زۆر پێویستیان بە پەرلەمان هەبووە، بۆنمونە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، وەک دەبینین لەگەڵ ڕۆشتنی ئەو هەموو نەوتەدا بژێوی هاوڵاتیان چەندە خراپبووە، ئەمەش کە ئێستا باسی ڕیفراندۆم دەکرێت هەر پەرلەمانی پێویستە، هەربۆیە دەبێت پەرلەمان کارابکرێتەوە، ئەویش بەوەی ئەو کارە نا یاساییانەی پارتی کردوونی چاکبکرێتەوە و سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەرکارەکەی و وەزیرەکانی گۆڕانیش بچنەوە سەر کارەکانیان، بۆئەوەی هیچ نەبێت تا ڕادەیەک دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان ئاسایی بێتەوە.

 

-کەوایە بۆچی پەرلەمان کاراناکرێتەوە؟

 

"گۆڕان هیچ مەرجێکی نییە"

 

برۆز مەجید: هەندێک جار پارتی یان چەند لایەنێکی تریش دەڵێن گوایە گۆڕانیش مەرجی هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، نەخێر ئێمە هیچ مەرجێکمان نییە و ئەوە جۆرێکە لە پڕوپاگەندە دژی گۆڕان دەکرێت، تەنها وتومانە کە کۆمەڵێک کاری نا یاسایی کراوە و پەرلەمان پەکخراوە، با وەک خۆی چاکبکرێتەوە و دۆخی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا دەبینین پارتی لەگەڵ ئەو هەموو کارە نایاساییەدا کە کردوویەتی، ئەو دێت و مەرج دادەنێت و دەڵێت با گۆڕان سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕێت، ئێ سەرۆکی پەرلەمان کە بە شەرعی هەڵبژێردراوە بۆ بیگۆڕین؟.

 

-بە بۆچوونی گۆڕان پەرلەمان چۆن کارا دەکرێتەوە؟

 

"کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنها دوو خاڵە"

 

برزۆ مەجید: کاراکردنەوەی پەرلەمان لای بزوتنەوەی گۆڕان تەنها دوو خاڵە، یەکەم گەڕانەوەی ستافی سەرۆکایەتی پەرلەمانە و دووەمیش پێشنیارەکەی بارزانی خۆی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە لەماوەی ڕابردوو وەک دەستپێشخەرییەک ڕایگەیاند، ئەوەیش ئەوەبوو گۆڕانکاری پێکەوە لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمدا بکرێت، کاتی خۆشی وتیان گۆڕان پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییەی بارزانی ناکات، بەڵام ئێمە پێشوازیمان لە شاندەکەی پارتیش کردو وتمان فەرموون جێبەجێی بکەن.

 

-کەوایە بارزانی و پارتی لەو دەستپێشخەرییەی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە؟

 

"لە نەریتی سیاسی دنیادا نەبووە سەرۆکی حزبێک خۆی دەستپێشخەری بکات و پەشیمان بێتەوە"

 

برۆز مەجید: ئێمە پێشتریش ڕامانگەیاندووە، لە نەریتی سیاسی هەموو دنیادا نەبووە حزبێک یان سەرۆکی حزبێک خۆی دەستپێشخەری بکات و خۆشی پەشیمان بێتەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە جدی نەبوون لەو پێشنیارەدا، کە جێبەجێبەجێ بکرایە دەبوو سەرۆکی پێشوی هەرێم کە ئێستا بە ناشەرعی سەرۆکی هەرێمە، و سەرۆکی حکومەت بگۆڕدرێت کە لای پارتییە، ئێمەش باش دەزانین کە پارتی هیچ باوەڕی بە دەستاودەستی دەسەڵات نییە، کەواتە ئەو دەستپێشخەرییەی خۆیان ڕایانگەیاند خۆشیان باوەڕیان پێی نەبوو، تەنها ئامانجیان کوشتنی کاتبوو.

 

-ئێستا هەموو مەرجەکانی پارتی لابردنی سەرۆکی پەرلەمانە، ئایا لابردنی ئەو کێشەکان چارەسەردەکات؟

 

"لەوانەیە شەخس لای پارتی گرنگبێت، بەڵام بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕاستنییە"

 

برۆز مەجید: پارتی دەیەوێت شتەکان بکاتە کەسیی"شەخسی"، لەوانەیە لای ئەوان پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ سەرۆکی پارتی بە شەخسی کرابێت و بڵێن جگە لە کاک مەسعود نابێت کەسبێت، بەڵام  بە کەسیی کردنی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە ڕاستنییە، بەڵکو پارتی پەرلەمانی پەکخستووە بۆ ئەوەی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم لەبیری خەڵک بباتەوە، بۆیە ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە کێشەو قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم کێشەی سەرەکین، ئەوەی پەرلەمان تەنها ئەوەیە کە پارتی بەرامبەر یاسا وەستاوەتەوە و هاتووە پەرلەمانی پەکخستووە.

 

-دەنگۆی ئەوە هەیە  کە یەکێتی داوای گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانی کردبێت، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

 

"ئەگەر ڕاستبێت ئەوە قبوڵی ناکەین"

 

برۆز مەجید: ئێمە تەنها لە میدیا بیستوومانە و هیوادارین ئەوەی لە میدیا باس دەکریتە ڕاست نەبێت، ئەوە باسنەکرابێت کە پۆستی بارازنی وەک خۆی بێت و تەنها گۆڕینی سەرکی پەرلەمان بێت، ئەوەش جۆرێکە لە داوای پارتی، چونکە پارتیش هەرداوای ئەوەی کردووە کە ئێمە رازی نەبووین، لە ئەگەرێکیشدا ئەگەر ببێتە داوای فەرمی یەکێتی، ئەوە بێگومان کە ئێمە قبوڵی ناکەین.

 

-هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم لە ئێستادا چییە؟

 

"ڕێگا نادەین یاری بەهاوڵاتیان و دەنگیانەوە بکرێت"

 

برۆز مەجید: گەلی ئێمە قوربانی زۆریداوە، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان مافی ڕیفراندۆمیش هەیە، گۆڕانیش لە دروستبوونەوە باسی سەربەخۆیی کردووە، بەڵام ئەمە دەبێت دامودەزگا شەرعییەکان بیکەن، نەوەک لە ساڵی ١٩٩٢وەوە کە حکومڕانییەکی فاشیل هەبووە لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە حزب لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا بوونی هەبووە، ناکرێت مەسەلەی ڕیفراندۆم-یش کە لای ئێمە پیرۆزە، بکرێتە کەرەستەیەکی ململانێ و حیزبی، ئێمە وتومان پشتیوانی دەکەین، بەڵام دەبێت دەزگا نیشتیمانییەکانی وەک پەرلەمان بیکەن، لەڕابردوودا هەموو شتەکان بەحزبی کراون، بۆ دەبێت ئەمجارە ڕێگا نەدەین چ ڕیفراندۆم یان هەر پرۆسەیەک بکرێت مۆرکی حزبی پێوەبێت، چونکە نابێت ئەمجارە یاری بە پیرۆزی و دەنگی گەلی کوردسستان بکرێت، ئێمەش ڕێگا نادەین کەس یاری بەو پرسەوە بکات.

 

وتیشی:"ڕیفراندۆ بکرێت یان نا، هەرشتێک بێتە پێشەوە، بەپێی یاسا و هەروەها دۆخی سیاسیش، ئەوە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ون ناکرێت، لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥وە سەرۆکی هەرێمی ئەو کاتە ماوەکەی بەسەرچووە".

 

-چەند مانگێکی ماوە بۆ کاتی هەڵبژارنی پەرلەمانی هەرێم، ئایا بە بڕوای ئێوە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچیێت؟

 

"ئێمە هەمووکاتێک ئامادەین"

 

برۆز مەجید: هەڵبژاردن لای ئێمە پرۆسەیەکە بۆ بە دیموکراتیزەبوون و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بۆیە ئێمە داواکارین بە بێ هەبوونی هیچ بیانوویەک هەڵبژاردنەکان دوانەخرێت و لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئێمەش هەمووکات ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، ئەو بانگەشانەی پارتی ڕەتدەکەینەوە کە پارتی دەیکات گوایە گۆڕان دەنگ کەم دەکات، بەڵکو پێچەوانەکەیەتی و ئەو پارتییە ئەو هەموو گرفتەی درووستکردووە، ئەوانەی ساختەکارییان کردووە و نانی خەڵکیان بڕیوە و پەیوەندی ناشەفافیان لەگەڵ وڵاتاندا هەیە خەڵک تۆڵەیان لێدەکاتەوە و دەنگیان کەم دەکات.

 

بەردەوام هەولێر لەژێر ڕەخنەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندایە بۆ پێشێلکردنی بیروڕای ئازاد، ئێوە لەو ڕووەوە چی دەڵێن کە خودی خۆتان لە هەولێر دەژین؟

 

"هەموو وڵاتانمان ئاگادارکردووەتەوە"

 

برۆز مەجید: لە دوای پەکخستنی پەرلەمانەوە، لەگەڵ هەموو نێردە نێودەوڵەتییەکان و ئەو وڵاتانەی کونسوڵخانەیان هەیە باسمان لە ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگرییەکان و ئازادی ڕادەربڕین، هەروەها پەکخستنی پەرلەمان و جێنەهێشتنی کورسی دەسەڵاتمان کردووە و پێمان وتوون کە ئایا ئەو پێشێلکارییانە لە هیچ وڵاتێکی ئێوەدا بکرێت قبوەڵی دەکەن، هەموویان وتوویانە ئەوە کوفری یاسایە و هەرگیز نابێت ڕووبدات، لەبەر ئەوە هەموویان ئاگادارکراونەتەوە لە هەموو شتێک.

 

-لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتاندا، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ، گۆڕان تا چەند ئاگادارە؟

 

"پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێم، کراون بە پەیوەندی حزبی و بنەماڵەیی"

 

برۆز مەجید: هەموو کارەکان بە حزبی کراون و تا ئێستاش دوو ئیدارەیی هەیە، هەموو ئەو پەیوەندیانەش هەیە، بەتایبەت نیوان تورکیا و هەرێم، کراون بە پەیوەندی حزبی و بنەماڵەیی، هەندێک جار پەیوەندییەکان بە شەخسیش کراون، ئێمە هەمیشە داوامانکردووە کە دەبێت پەیوەندییەکان شەفاف بێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنە بێت، هەروەها دەزگا فەرمییەکان ئەو پەیوەندیانەیان هەبێت نەک حزبێک، بۆیە دەبینین ئەو پەیوەندییانە زۆرینەی جارەکان زیانیان گەیاندووە، چونکە پەیوەندییەکان نیشتیمانی نەبوون.

 

-هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا چییە؟

 

"بەیاننامەمان دەکرد و ئیدانەمان کرد"

 

- کاتێک بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان چەندین پێشمەرگە و شەڕڤان شەهیدبوون، ئێمە بەیاننامەمان دەکرد و ئیدانەمان کرد، بەڵام بەداخەوە ئێمە بینیمان سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و هەتا وەزارەتی پێشمەرگەش، ئیدانەیان نەکرد، بگرە وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەکدا شەڕڤانانیشی خەتابارکرد، بۆیە تا پەیوەندییەکان نەکرێنە نیشتیمانی دۆخەکە لەمە باشتر نابێت کە کورد تێیدا زەرەر مەندە.

 

-لە شەنگال کۆمەڵێک شەڕڤانی ئیزدیی هەیە، پارتی بەهەموو شێوەیەک شەڕی دەرکردنیان دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە زیاتر لە ٢٠ساڵە هێزێکی زۆری تورکیا لە هەرێمدا ئازادن، هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم دۆخە چییە؟

 

"نازاندرێت لەڕێگەی پارتییەوە چەندە داواکاری وڵاتان جێبەجێ دەکرێت"

 

برۆز مەجید: ئەمە ڕێک دەچێتە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییانەوە کە ناشەفاف بوون و کەس نازانێت ئاست و جۆری پەیوەندییەکان چۆنن و تاکوێن و چەندە داواکاری ئەو دەوڵەتانە لە ڕێگای پارتییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش هۆکاری پەیوەندییە حزبییەکانە.

 

-ئەی لە دۆسییەی نەوتدا گۆڕان تاچەند ئاگاداربووە لە ڕابردوو ئێستادا؟

 

"دەبێت حزبەکان لە پارتی قبوڵی نەکەن"

 

برۆز مەجید: نەک تەنیا دۆسییەی نەوت، بۆسەرجەم دۆخە یاسیایی و سیاسییەکان دەبێت حزبەکان بێنە دەنگ، ناکرێت چیتر بێدەنگبن، ئەگەر نایەنەوێت پارتی ببێتە حزبی یەکەم و هەموو شتەکان بێت، چ ئێمە و چ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیان پێ قبوڵ نییە، چونکە ئەوە بەرەو دیکتاتۆربوونمان دەبات، بۆیە وەک وتم دەبێت هەموو لایەنەکان کارە خراپەکانی پارتی قبوڵ نەکەن، هەموو لایەک لەوو ڕووەوە بەرپرسیارییەتی لەسەرشانە، چونکە ئەوە قوت و داهاتی هاوڵاتیانە.

 

-لەسەر مووچە و دەستکارییەکانی مووچە هیچ بەرەو پێشچونێک هەیە وەک ئێوە ئاگاداربن؟

 

"دەبێت پارتی و یەکێتی وەڵام بدەنەوە"


برۆز مەجید: ئەوە دەبێت پارتی و یەکێتی کە حکومەت بەڕێوەدەبەن وەڵام بدەنەوە، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش بەشێک بووبێت لە قەیرانی دارایی، ئەوە ئێمە دڵنیاین کە بەشێک لەو قەیرانانە دروستکراون، زاڵبوونی پارتی لەناو حکومەتدا ئەم قەیرانەی درووستکردووە، کە نەدەبوایە ویژدانیان ئاسودەیان بکات و ڕێگا بەوە بدات کە بۆشاردنەوەی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەبکەن، بۆ چاککردنی ئەمەش لەگەڵ یەکێتیدا لە ڕێککەوتنەکەماندا باسمانکردووە، بەڵام دەبێت پارتی وەڵامی هاوڵاتیان بداتەوە.

 

-بەڵام پارتی و یەکێتیش دەڵێن کە گۆڕانیش بەشدارە لەهەموو کەمووکورتییەکاندا؟

 

"زۆر ناڕاستە"

 

برۆز مەجید: ئەوە زۆر زۆر ناڕاستە، ئێمە چوینە حکومەتەوە، مووچەخۆران تەنها دوو مووچەیان دواکەوتبوو، تا وەزارەتی دارایی لای ئێمەبوو هەر ئەو دوومەچەیە دواکەوتبوو، کە ئێمە بە کودەتای پارتی لە حکومەت نەماین دۆخەکە وای لێهات، بۆیە گۆڕان هیچی ناکەوێتە سەرشان، بەڵکو لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیدایە.

 

-بۆچی پەیوەندی هەرێم و بەغدا بەم ئاستە خراپە گەیشت؟

 

"لەبەرئەوەی پەیوەندییەکان حزبی بوون"

 

برۆز مەجید: لەبەرئەوەی پەیوەندییەکان حزبی بوون و هەندێک جار بنەماڵەییش بووە لەگەڵ بەغدادا لەلایەن پارتییەوە، ئەوە خەتای یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەغدا و هەولێر لەگەڵ لایەنە دامەزارەییەکاندا نەبووە و وەک وتم حزبی بووە.

 


ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin