Smiley face
Smiley face
Smiley face

باقر داودی: ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێن شەرمە بەسەر دەسەڵاتی كوردییەوە

2017-04-21 11:52:05



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا لەپەیمانگای تەكنیكی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات، ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێن، شەرمێكە بەسەر دەسەڵاتی كوردیەوە، دەشڵێت: ئازادی ڕۆژنامەگەری لە كوردستاندا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.

 

لەیادی 119 یەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری كوردییەوە، لەدوای 26 ساڵ لە حكومڕانی كوردی لەباشوری كوردستاندا، كەسانی شارەزا و ئەكادیمی لەبواری ڕاگەیاندن نیگەرانن لە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان.

 

باقر داودی، سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا، لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی، لەبارەی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت:" ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکرێن، شەرمە بەسەر دەسەڵاتی كوردییەوە و دەسەڵاتێك كەخۆی بە دەسەڵاتێكی دیموكراتی بزانێت، لەم هەرێمەدا ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەكرێت و پێشێلكاری بەرامبەر دەكرێت، هیچ كەس لەسەری ناگیرێت، یان كەس سزا نادرێت لەسەری".

 

ناوبراو وتیشی:" لە وڵاتە دیموكراتییەكاندا پێشێلكاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەكرێت، بەڵام ڕاستەو خۆ تاوانبارەكان دەدرێنە دادگا، لێرە جارێك ورچێك تاوانبار دەكەن و جارێكی تر تاوانبارەكە دیار نییە، ئەمە پرسیار لەسەر دەسەڵاتی كوردی دروست دەكات كە ئایا دەسەڵاتێكی دیموكراتییە یان نا".

 

سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا لە پەیمانگای تەكنكی سلێمانی نیگەرانی زیاتری لە بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەربڕی و وتی:" دڵمان خۆش بوو كە ئێمە لە دیكتاتۆریەت ڕزگارمان بووە و بەرەو كۆمەڵگایەكی مەدەنی دەڕۆین، بەڵام ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەرمان دەكرێت ئەوە دەردەخەن كە ئێمە بەرەو دوادە دەگەڕێینەوە نەك بەرەو پێشەوە".

 

هەروەها وتیشی:" یەكەم كۆڵەكەی كۆمەڵگای مەدەنی ئازادی ڕۆژنامەنووسییە، ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا ڕوودەدات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان زەنگێكی مەترسیدارە بۆ ئەوەی بەرەو بەرتەسكبونەوەی دیموكراتیەت بڕۆین".

 

باقر داودی تیشكی خستە سەر ئاستی ڕاگەیاندنەكان لە هەرێمی كوردستاندا و وتی:"ڕۆژنامەنووسی كوردی بەشێوەیەكی گشتی پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەئاستی خواستی ئێمەدا نییە وەك هاوڵاتی و كەسانی ئەكادیمی، ئێمە هەندێك میدیای ئازادمان هەیە، كە ئەوانیش تێبینیان لەسەرە، بەڵام زۆربەی میدیاكان لەلایەن حزبەكانەوە بەڕێوە دەبرێن و پارەیان بۆ دابین دەكرێت، دەتوانین بڵێین ئەوانە وتەبێژن، میدیا نین، چونكە ئەركی خۆیان بەجێ‌ ناهێنن، ڕاگەیاندن ئەو كاتە دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم كە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام لە ڕاگەیاندنی كوردیدا ئەوە بەدی ناكرێت".

 

لەكۆتایی قسەكانیدا باقر داودی، وتی: لەیادی 119 یەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری كوردیدا یەك شت بە دەسەڵات دەڵێم، ئەویش ئەوەیە كە دەسەڵات دەبێت بزانێت ڕاگەیاندن لە خزمەتی خەڵكدایە، واتە لە خزمەتی دەسەڵاتیشدایە، دەسەڵات دەبێت لەو ڕووە وە سەیری ڕاگەیاند نەكات كە دوژمنیەتی، بەڵكو دەبێت وەك كەناڵێك بۆ ڕادەڕبڕین و چارەسەری كێشەكان و بۆ گەیاندنی داواكارییەكانی جەماوەر بە دەسەڵات سەیری بكات.

 

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin