Smiley face
Smiley face
Smiley face

پانێڵی ئەزموونی سەرکردەی ژن لە پرۆسەی سیاسی و ئاستەنگیەکاندا بەڕێوەچوو

2017-04-20 11:49:56



ڕۆژنیوز - ڕێزان محەمەد

 

یەکەم پانێڵی یەکەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی ئەنستیوتی ۆورک لەژێر ناوی"ئەزموونی سەرکردەی ژن لە پرۆسەی ژیانی سیاسی و ئاستەنگیەکانی کارکردنیان"، بەڕێوەچوو.

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ئەنستیوتی وۆرک یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە ژێر ناوی"ڕۆڵی سەرکردەی ژن لە کوردستان" لە ھۆڵی تەواری شاری سلێمانی دەستپێکرد، کەمێک پێش ئێستا، یەکەم پانێڵی یەکەمی کۆنفرانسەکە بەڕێوەچوو.

 

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پانێڵەکەدا وتی: من تەنھا سەرۆکی فراکسیۆنم لە پەرلەمانی عێراق لە ناو ١٥ سەرۆک فراکسیۆنی تردا، ئەگەر چاوەڕێ بکەین ھەموو دەرگاکانمان بۆ بکەنەوە ئەوا نایکەنەوە، دەبێت خۆمان ھەوڵ بدەین، چونکە ھەمیشە ئاستەنگیەکان بۆ ژنان دروست دەبێت، ئەگەر سیستەمی کۆتا نەبوایە ئەوا کەمترین ژمارەی ژنان دەبینرا لەناو سەرکردایەتیدا.

 

ئاڵا تاڵەبانی، وتیشی: حزبەکانی ئێمە لە کوردستان لە دوای ساڵی نەوەدەکانیشەوە نەمبینی ژنان بنێرن بۆ ناوەندە ئەکادیمیەکان و دەزگای وڵاتان، کە تاوەکو دەرفەتێک بدەن بە ژنان و خۆیان دروست بکەن ئەوە جێگەی داخە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە کە خۆمان خۆمان دروست بکەین.

 

نارین ئەنگیزەک ، ئەندامی کوردیناسۆنی پارتی ئازادی ژنی کوردستان- پاژک، نوێنەری باکوری کوردستان، وتی: پێویستە باسی ئەوە بکەین کە جیاوازی تێکۆشینی ژنان چییە، وە پێشکەوتنی ژنان چییە، پێویستە جیاوازی سیاسەتی ژنان ھەبێت، ئێستا لە دونیادا سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت ئەوەیە کە ژن ناتوانێت شرۆڤەی ئەو سیاسەتە بکات، دەبێت ژن بە بەڕێوەبەرێکی ئازاد ژیان بکات و دۆی بەڕێوەببات، کە ژن ئازاد بوو ئەوا دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد بەڕێوەببرێت، ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەو دەکرێت باوک سالارییە، کە ئەم سیاسەتە ھەموو ڕۆژ پەیڕەو دەکرێت.

 

نارین، وتیشی: ژنان لە کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا خۆیان ئیسپات کردووە، لە باکوری کوردستان زۆر ژنی ئازا و بەرخودێر ھەیە، کە پێویستە ئەوە بھێنرێتە پێش، پێویستە ژنان خۆیان لە سیستەمی پیاوسالاری ڕزگار بکەن تا کۆمەڵگایەکی ئازاد دروستبکەن، چونکە ژنان دەتوانێت فەرمانداری بکەن و شەڕ بکەن و سیاسەت بکەن ، کە ئەمە لە باکوری کوردستان دەنگی داوەتەوە، وە شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن ژنانەوە سەریھەڵدا، ئەم ئاستەی کە پێی گەیشتوین بە چەندین ئاستەنگدا تێپەڕیووین ئینجا گەیشتوینەتە ئەم ئاستە، کەسێک یاخود ژنێک دەتوانێت بەرخودانیەک ڕێک بخات نمونە وەک لەیلا قاسم و ساکینە جانسز و چەندان نمونەی دیکە کە ژنانی بەرخودێر بوو.

 

 

نارین وتیشی: کاتێک کۆنگرەی یەکەمی ژنانی ناو پەکەکە دروستبوو ڕێبەر ئاپۆ ڕەخنەی کرد کە نابێت تەنانەت سێبەری پیاو لەناو کۆنگرەکەدا بێت، تاوەکو ژنان خۆیان بڕیار بدەن.

 

ھانا سەیدۆ، ئەندامی دبلۆماسی کۆنگرەستار، لە پانێڵەکەدا وتی: ئەو ھێرشەی کە بۆ ڕۆژئاوا ئەنجامدرا لەلایەن ژنانەوە بڕیاردرا کە وەڵامی ئەو ھێرشانە بدەنەوەو سەربکەون، ژنانی کورد لە لایەنی سەربازییەوە خۆی بە ڕێکخستن کردووەو تێدەکۆشێت، وە ژنانی عەرەب دەیانەوێت کە ئەزمونی ژنانی کورد دووبارە بکەنەوە، بەھۆی سەرسامبونیان بە ئەزموونی ژنانی ڕۆژئاوا، ئەو بیرکردنەوەیە گۆڕا و تێکشکێندرا کە ژنان نیوەی کۆمەڵگان، لە ڕۆژئاوا کاتێک ژنان و پیاوان بڕیارێک دەردەکەن و قسەی لەسەر دەکەن بڕیارێکی دروست دەردەچێت.

 

ھانا سەیدۆ، وتیشی: لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ژنان خودا ھێزێکی پێداون کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاستی بەڕێوەببەن، ژنان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازی و یاسایی بڕیار لە شتەکان دەدەن، وە ھەموو شتێکیش بە تێکۆشان دەستدەکەوێت کە دەبێت لەبەرامبەر بە داخوازیەکانمان و بەدەستھێنانیان تێبکۆشین.

 

وتیشی: لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێبەر ئۆجالان ئەلفا بێی ئازادی دایە ئێمە، لەبەر ئەوە ئێستا ژنان لە ڕۆژئاوا لەھەر بوارێکدا خۆیان بەڕێوە دەبەن.

 

گوڵان فەھیم، ئەندامی کوردیناسیۆنی ژنانی ڕۆژھەڵات-یش لەو پانێڵەدا وتی: ژنان دەتوانن لە سیاسەت و لە ھەموو بوارەکاندا جێگەی خۆیان بگرن، لە کوردستان لە ھەر چوار پارچەدا خەبات لە ئاستێکی بەرزدا ھەیە، ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشاندا جێگەی خۆیان گرتووە توشی چەندین ئاستەنگ بونەتەوە، ئەگەر بتەوێت کە ڕۆڵت ھەبێت ئەوا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و زەحمەتی دەبیتەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە کە گوێ بە ئاستەنگیەکان نەدەین، پێویستە لە ئاستی سەرکردایەتی ژنان جێگە بگرن، ئەگەر ژنان نەبن ئەوا سەرکەوتنێک بەو جۆرە دەرناکەوێت، وە کێشەکان بەو جۆرە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی تێکۆشان و کۆمەژایەتی پارچەبوون دروست دەبێت، پێویستە ئاستەنگی و کێشەکان دەستنیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin