Smiley face
Smiley face
Smiley face

مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە.. دۆسییە

2017-04-19 09:10:57



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 
دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٨٣وە تا ئێستا ٢٦ جار ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دژی پەکەکە و کورد ئەنجامداوە، لە هەمووشیان شکستیان هێناوە، هەر لەو چوارچێوانەشدا حکومەتی ئاکەپە بەنیازە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دەرەوەی سنوور دژی قەندیل و شەنگال ئەنجامدات.

 

یەکەم ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ساڵی ١٩٨٣ ئەنجامدرا، دوایین ئۆپەراسیۆنیش لە ساڵی ٢٠٠٨دا بوو، لە زۆرینەی ئۆپەراسیۆنەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، پشتیوانی تورکیا بووە، ڕۆژنیوز لەم دۆسییەدا مێژووی ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەخاتەڕوو.
 

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٨٣وە بەدوا لە باشوری کوردستان دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات، دەیان ئۆپەراسیۆن لە ئاستی بچوک و ٢٦ ئۆپەراسیۆنی گەورەی دەرەوەی سنووری دژی پەکەکە ئەنجامداوە، تورکیا بەنیازە ئەم جار هێرش بکاتە سەر شەنگال و هاوڵاتیانی ئێزدی، دەوڵەتی تورک ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە "قەڵغانی دیجلە" ناوناوەو بۆ ئەنجامدانیشی هەم لە هێڵی باشوری کوردستانەوە، هەم لە هێڵە سنوورییەکانی خۆیەوە هێزی سەربازی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.

 
یەکەم ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە، ساڵی ١٩٨٣ ئەنجامدراو دوایین ئۆپەراسیۆنیش لە ساڵی ٢٠٠٨دا، جێگای ئاماژەیە، کە لە هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، هاوکاری دەوڵەتی تورکی کردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەر جارە و بە شێوەیەکی جیاواز ئەنجامدراون و خاڵی هاوبەشی هەمووشیان ئەمەیە، کە هەموویان شکستیان هێناوە، ئێستاش ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی دژی شەنگال و قەندیل لەلایەن مدیا تورکەکانەوە بەردەوام ڕادەگەیەنرێت و شەڕی تایبەتی پێش ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردوو.

 

ساڵی ١٩٨٣ ئۆپەراسیۆنێک بە بەهانەی "پەیمانی ئاسایشی سنوورەکان" بە فەرماندەیی کەنعان ئەڤران، ڕێبەری کودەتای ١٢ی ئەیلول و سەرۆکی پاش کودەتای تورکیا و هاوکاریی حکومەتی بەغدا دەستیپێکرد، حەوت هەزارە سەربازی تورک ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ساڵی ١٩٨٣ هاتنە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە.
 
پاش ئەوەی پەکەکە چالاکییە چەکدارییەکانی لە باکوری کوردستان دەستپێکرد، لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٤دا دووەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە دەستیپێکرد، هەر لەو مانگەشدا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات، ١٢ی ئابی ساڵی ١٩٨٦ سێیەم ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک دژی پەکەکە دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێرش کرایە سەر کامپەکانی پەکەکە و هاوکات هێرشیانکردە سەر کامپەکانی پارتیش، پاشان لە ڕۆژی ٤ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧دا ئۆپەراسیۆنێک بە هاوکاری هێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورک دژی پەکەکە ئەنجامدرا.
 

ساڵی ١٩٩١ و لە سەردەمی سەرۆککۆماری تورگوت ئۆزالدا، سێ جار دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجامدرا، یەکەم ئۆپەراسیۆن لە نیسانی ١٩٩١دا پێکهات و ناویان نا "ملکس"، دووەمین ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٥ی ئابدا دەستیپێکردو دژی گەریلاکانی ئەرتەشی ڕزگاری گەلی کورد (ئارگەکە) هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدرا، گەریلاکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ماوەی ١٥ رۆژ شەڕیان کرد، دواتر کە چالاکییەکانی گەریلاکان لە ناو خاکی باکوری کوردستان زیادیان کرد، ئۆزال پەیامی "شەڕ بوەستێنن"ی نارد بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە.

 

دوایی ئۆپەراسیۆنی ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی ١١ مانگی ١٠وە بۆ ٢٥ی مانگ ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا پارتی و یەکێتی هاوکاری سوپای تورکیان کرد، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوورەکەی بەڕێوەببات، پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دهۆک، زاخۆ و هەولێر و هێڵەکانی نێوانیان بنکەی سیخوڕی میتی تورک دامەزرا.
 

ڕۆژی ٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورک بۆ هەشتەم جار چانسی خۆی تاقی کردەوەو ئۆپەراسیۆنی "ڤەدیزی" دەستپێکرد، ڕۆژی ١٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ بە ١٥ هەزار سەربازی پیادەو بە تانک و هێزە ئاسمانییەکانیانەوە بۆ نۆیەم جار لە باشوری کوردستانەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پەکەکە و ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئەو ئۆپەراسیۆنە درێژەی هەبوو، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش ئەنجامێکی نەبوو، و هێزەکانی سوپای تورک پاشەکشەیان کرد.

 

ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٣ و ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٩٤ دوو ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان دژی کامپی "زەلێ" کرا و پاشان لە ڕۆژی ٦ی شوباتی ١٩٩٤دا ناوچەکانی "مەزرێ" و "کاریەدەرێ"یان بە ئامانج گرت، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤دا پێنج هەزار سەرباز ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دەرەوەی سنووریان دژی هێزەکانی پەکەکە ئەنجامدا.
 

لە بەهاری ساڵی ١٩٩٥دا سوپای تورک گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دژی هێزەکانی پەکەکە ئەنجامدا، سوپای تورک بە ١٥هەزار سەربازەوەو بە فەرماندەیی ١٣ ژەنەراڵەوە ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد، ڕۆژی ٢٠ی ئازار ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد کە ناویان نابوو "چەلیک"، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش بێ ئەنجام بوو، تورکیا لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا هێرشێکی دیکەی کردە سەر هەرێمەکانی تامپۆن، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە هاوکاری پارتی ماوەی ٤٥ ڕۆژی خایەندو سوپای تورک دواتر ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنەنکە بودجەیەکی ٦٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.

 

ساڵی ١٩٩٦ دوو ئۆپەراسیۆن لە هێڵی سنهەت، هەفتانین و کەلاڕەشەوە ئەنجامدرا، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان نا "ئاتماجا تۆکات" و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا خەڵکی مەدەنیان بە ئامانج گرت، لە مانگی کانونی هەمان ساڵدا سوپای توک بە هاوکاری پارتی جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری دژی پەکەکە ئەنجامدا لە باشوری کوردستانەوە.
 

ساڵی ١٩٩٧ ئۆپەراسیۆنێکی دیەکەیان ئەنجامدا کە ناویان نا "باڵیۆز"، ئەو ئۆپەراسیۆنە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ دەستیپێکردو ٥٠ هەزار سەرباز بەشداری بوون، پاش ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە توانیان دوو هەلیکۆپتەری سوپای تورک بخەنە خوارەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەش کۆتایی هات بێ ئەوەی ئەنجامێکی لێبکەوێتەوە.

 

پاش ئۆپەراسیۆنی گەورەی "باڵیۆز" سوپای تورک ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دژی پەکەکە لە خاکی باشوری کوردستانەوە دەستپێکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٧دا بە بەشداربوونی ١٠ هەزار سەرباز و ١٠٠ تانک دەستیپێکردو ناوی نرا "چەکوش" و لە چوارچێوەیدا دەڤەری خواکورک بە ئامانج گیرا، ئۆپەراسیۆنی چاکوچ کە دیسانەوە بە پشتگیری پارتی ئەنجامدرا هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە.

 

پاش ئەو ئۆپەراسیۆنەش وەکو ساڵی ١٩٩٢ بنکەی سەربازی و سیخوڕی تورک لە زاخۆ دامەزرا، ساڵی ١٩٩٧ بڕیارگەیەکی گەورەی سەربازی لەو هێڵەدا دامەزرا کە تانک و تۆپ و هەموو کەرەسە سەربازییەکانی شەڕی تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری سەرباز لە ناوچەکانی باتووفا، کانیماسی و بامەڕنێ و شیلادزێ جێگرکران.

 

سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنێکی دژی پەکەکە دەستپێکردو ناوی نا "موراد" ئەو هێرشەش لە باشوری کوردستانەوە ئەنجامدرا، ٢٤ەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٩دا پێکهات، ئەو ئۆپەراسیۆنە ناوی "ساندویچ" بوو، هەروەها لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠دا بە هاوکاری پارتی دژی ناوچەی هەفتانین ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا، بەڵام ڕۆژی ٨ی ئایار ناچاربوون پاشەکشەبکەن، سوپای تورک هەوڵیدا لە رێگای ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوان بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی کانوونی ٢٠٠٧دا هێرشێکی قورسی ئاسمانیکردە سەر پەکەکە، کە دیسانەوە بە ئەنجام نەگەیشت.

 

سوپای تورک لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ ئەوەی ئەو هەموو شکستانەی قەرەبوو بکاتەوە، بە هەموو هێزەوە هاتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوەو ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژ" بەڕێوەبردو بەرەو ناوچەی زاپ بەڕێکەوت، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی گەورە بووەوەو لە ڕۆژی ٢٩ی شوباتدا ناچاربوو پاشەکشە بکات.

 

پاش ئەوەی سوپای تورک لە زاپ ڕووبەڕووی ئەو شکستە گەورەیە بووەوە، سوپای تورک دەستیکرد بە تەسفییەکردنی سوپاکەی، سەدان سەربازی تورک خرانە زیندانەوە، ئەو سەربازانە بەتۆمەتی "پاشەکشە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی زاپ"دا دادگاییکران.
 

 

موراد قەرەیلان، فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل ڕۆژی ٢٦ی شوباتی ساڵی ٢٠١٧ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات و وتبووی:"پاش ئۆپەراسیۆنەکەی زاپ، بەڕێز مام جەلال، سەرۆککۆماری عێراق لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا سەردانی تورکیای کردبوو، پاش ئەو سەردانە، ئێمە لەگەڵ مام جەلال کۆبووینەوە، مام جەلال پێی وتین:'ئەردۆغان و عەبدوڵا گوڵ لێیان پرسیم پەکەکە لە زاپ چۆن بەم شێوەیە شەڕی کرد؟ چۆن توانیان بەو شێوەیە سوپا تێکبشکێنن!؟".
 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin