Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوا لە مامۆستایانی ئاینی کراوە زیانەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە لە سەر مینبەر باس بکرێت

2017-04-18 11:20:37



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار

 

بەرپرسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لەگەرمیان ئاشکرای دەکات کە داوایان لەمامۆستایانی ئاینی كردوە لەڕێگای مینبەری مزگەوتەكانەوە خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە هاوسەرگریی خوار تەمەنی یاسیی.

 

لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەگەرمیان لە لێدوانێکیدا گرتنەبەری هەندێک رێوشێنی هۆشیارکردنەوەی ئاشکرا کرد بۆ ئەو کەسانەی هاتوچۆی مزگەوت دەکەن.

 

لەبارەی بەشوودانی خوار تەمەنی یاسایی لەمیعە بە رۆژنیوزی وت: دیاردەی بەشودانی منداڵ ڕووی لە زیادبوون كردووە و هۆكارەكەشی ئابوری و ناسەقامگیری باری سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستانە، هەروەها هاتنی ئاوارەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان هۆكارێكی ترە، ئەم دیاردەیە پێشینەیەكی مێژوویی هەیە لەناو كۆمەڵگا وەك داب و نەریت، كۆی هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ زیاتر بوونی ڕێژەی بەشودانی مندال، كچان و كوڕان خۆشیان هەندێك جار حەز دەكەن زووتر هاوسەرگیری بكەن.

 

لەمیعە محەمەد وتیشی: زۆرینەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان و ژنان چ لۆكاڵی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی باشیان هەبووە لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوە یا ڕێگیریكردن لە بەشودانی كچانی تەمەن منداڵ یان هۆشیاركردنەوەی ژنان لەزیانەكانی بەشودانی كچانی منداڵ یان هاوسەرگیری پێشوەخت، هەڵبەت هەموو ڕێكخراوەكانیش وەك یەك نەبوونە لەكاركردنیان، دەكرێ بڵیم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زیاتر لەسەر ئەم پرسە وەستاون و كاری جدییان كردووە، ڕێكخراوەكانی ژنانیش هەندێكیان لەسەر ئەم پرسە كاروچالاكییان كردووەو هەندێكیشیان نەیانكردووە.

 

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ئاماژەی بەوەشدا: بەشودانی كچانی منداڵ، لە ئێستادا لە زۆربەی شوێنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە, بەڵام ئەم دیاردەییە بەشێوەیەكی بەرفراوان لە ناوچەكانی خوراووی عێراق و لە ناو ئەو ئاوارانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە هەیە، لە ئاوارەكانی سنوری گەرمیانیش بوونی هەیە و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێژەی جیابوونەوەش زۆر زیادی كردووە و زۆرینەی جیابونەوەكان لە نێوان ئەو هاوسەرانەن، كە لە خوار تەمەن 18 ساڵ هاوسەرگیرییان كردوە.

 

هەروەها ناوبراو ئەوەشی وت: ئەو هاوسەرگیرییانەی ئەنجام دەدرێن لە دادگاكان بە پێی یاسایی ژمارە هەشتی ساڵی 2011 ی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە حاڵەتی زەروری 15 ساڵ ئەتوانێت هاوسەرگیری ئەنجام بدات، هاوسەرگیری تەمەن 16 سالیش بە ڕەزامەندی كەس و كاری، بەداخەوە هەندێك حاڵەت هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی 15 ساڵ ئەنجام دەدرێت لە دەرەوەی دادگاش ئەمە زەرەر و زیانی زۆرترە، ئەوەی هاوسەرگیرییەی لە خوار تەمەن 18 ساڵ و ئەنجام بدرێت (ناكام)ە، واتە لە ڕووی جەستەیی و فیكرییەوە پێنەگەیشتووە.

 

لەمیعە محەمەد ئەوەشی خستەڕوو: داوامان لە مامۆستایانی ئاینی كرد لەڕێگای مینبەری مزگەوتەكانەوە زەرەر و زیانی هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ بۆ ئە كەسانەی هاتوچۆی مزگەوتەكان دەكەن شیبكەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگیری لەم دیاردەیە بكرێت، هەروەها بتوانن پرۆژەییان هەبێت بۆ پەرلەمان تا ڕێكخستنەوە بكرێت لە یاسایی باری كەسێتی، كە ڕێگای داوە تەمەنی 15 ساڵ هاوسەرگیری بكات، بتوانین تەمەنێكی گەورەتر بۆ هاوسەرگیری دیاری بكەن، كارێكی زۆر باش دەبێت.

 

لەمیعە زیاتر دوا و وتی: بەپێی وتەی مامۆستایانی ئاینی، شەریعەتی ئیسلام رێگەی بەوەداوە ئەگەر دیاردەیەك پێشووتر ئاسایی بووە لەناو دینەكەدا، بەڵام ئێستا بوەتە هۆی زەرەر و زیان بۆ تاك و كۆمەڵگا، ئەتوانین ئێمە هەمواری بكەینەوە، تەنانەت دەتوانین لەڕێگای (فیقهە)ەوە، دەتوانین لە یاساكانیش ئەو کارە بكەین.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin