Smiley face
Smiley face
Smiley face

"وێنەی تۆمەتبارێکی تیرۆری وەدات بڵاوبوویەوە و پارتیش هەوڵی سوڵح دەدات"

2017-04-06 10:50:43



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

لەسەر دواین زانیاریی لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە دهۆک وەدات حسێن، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، برایەکی دەڵێت:ڕاستە ئەو وێنەیەی وەک تۆمەتبارێکی تیرۆری وەدات بڵاوبووەتەوە لە ڤیدیۆیەک گیراوەو هەمان شوێنی ڕفاندنی وەداتەوە، ئەوانەشی ڤیدیۆکەیان لایە پاراستن دەستگیریکردوون، دەشڵێت:"پارتی هەوڵی سوڵح دەدات و ئێمە قبوڵی ناکەین".

 

سەدات حسێن، برای وەدات حسێن، لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەو ناوی کەسێک و دواین ڕەوتی کەیسی وەدات، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوەو زانیارییەکی ڕۆژنیوزیش پشتڕاست دەکاتەوە، کە لەسەر ئەو تۆمەتبارەی وێنەی بڵاوبووەتەوە، پەرلەمانتاری پارتی دڵشاد شەعبان چووەتە لای بنەماڵەی شەهید وەدات و وتوویەتی تۆمەتبار بێبەرییە.

 

دەقی تەواوی چاوپێکەوتنەکە:

 

-کەیسی شەهید بە کوێ گەیشتووە؟

 

"هیچ بۆ پێشەوە نەچووە"

 

سەدات حسێن: ئەوە نزیک بە هەشت مانگە هیچ زانیارییەکی درووست و فەرمی لەسەر کەیسی شەهید وەدات لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئێمە نەدراوەو هیچ بەرەوپێشچوونێکی نەبووە.

 

-ئێوە بۆ نەچوونەتە لای دەزگا ئەمنییەکان و داوای ڕوونکردنەوە بکەن؟

 

"هیچ وەڵاممان نادەنەوە"

 

سەدات حسێن: ئێمە زیاد لە جارێک سەردانی لایەنە ئەمنییەکانمان کردووەو پرسیمانە چ بەرەو پێشچوونێک لە کەیسەکەدا هەیە، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێکی ئێمەیان نەداوەتەوەو هیچ زانیارییەکیان پێنەداوین.

 

-بۆچی زانیارییتان پێنادەن؟

 

"چونکە ئاشکرایە و نایانەوێت ئاشکرایبکەن"

 

سەدات حسێن: خۆی ئاشکراو ڕوونە، زانیاریی هەیە و هەموو شتێک دەزانن، بەڵام ئەوان نایانەوێت زانیارییەکان نە بۆ ئێمە و نە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.

(سەدات حسێن)

 

-دەوترێت لە سنووری ڕفاندنەکەی وەدات کامێرایەکی زۆر هەبووە، تا ئێستا هەوڵتان نەداوە لەو ڕووەوە زابیاری بەدەستبخەن؟

 

"تەنها وەڵامی بێمانا دەدەنەوە"

 

سەدات حسێن: لە یەکەم ڕۆژی تیرۆری وەداتەوە ئێمە ئەو پرسیارە لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەین، بەڵام دیسان هیچ وەڵامێکیان نییە، تەنها وەڵامێکی بێمانامان دەدەنەوەو دەڵێن کامێراکان سوتاون، بەڵام ئەگەر کامێرایەکیش سوتابێت دەبێت سەد کامێرایتر کاربکەن، چونکە لەو ڕێگایەوە تا کۆتاییەکەی زیاتر لە سەد کامێرا هەیە، بۆیە کارنەکردنی کامێرا درۆیەکی ڕوون و ئاشکرایە.

 

-لە وەڵامی ڕەخنەی ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکاندا، دیندار زێباری بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە وتی پێنج کەس لەسەر کەیسی وەدات دەستگیرکراوە، تا چەند ئاگاداری کەسن کە دەستگیرکرابێت؟

 

"درۆیەکی ئاشکرایەو ئەوانەی وەداتیان تیرۆرکردووە لە زێباری باڵادەسترن"

 

-سەدات حسێن: ئەوە هەواڵە درۆیەکی ئاشکرایە، چونکە تا ئەمکاتە هیچ کەسێک لەسەر ئەو تاوانە دەستگیرنەکراوە، دیندار زێباری وای وتووە، بەڵام هیچ بنەمایەکی نییە، ئەو کەسە بۆخۆی هیچ ئاگاداری کەیسی تیرۆری وەدات نییە، ئەوانەی ئەو تیرۆرەیان کردووە لە زێباری باڵادەسترن و زانیاری بە ئەو نادەن، لەبەر ئەوە لە خۆیەوە قسە دەکات و هەموو زانیارییەکانی هەڵەیە.

 

-بۆ لێکۆڵینەوەش کەس بانگهێشتی دەزگا ئەمنییەکان نەکراوە؟

 

"تەنها ماڵی ئێمە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە!"

 

سەدات حسێن: لێکۆڵینەوەی ڕۆتین هەبووە، هەموو کەس و هاوڕێکانی وەدات بوون، خۆم یەکێکبووم لەوانە، ماڵی ئێمە زۆرینەمان لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ کراوە، وەکوتر لەگەڵ کەسی بێگانەدا لێکۆڵینەوە نەکراوە.

 

-چەند وێنەیەک دەست ڕۆژنیوز کەوتوون، کە وای پیشاندەدات لە ڤیدیۆی کامێرایەکی سەر شەقام وەرگیرابێت، زانیاریتان لەسەر ئەو وێنانە چییە؟

 

"لەلایەن پاراستنی دهۆکەوە دەستگیرکران"

 

سەدات حسێن: ڕاستە، لەم چەند ڕۆژەدا چەند زانیارییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوەو گەیشتنە ئێمەش، بە ئێمە وترا ڤیدیۆ لای چەند کەسێک هەیە، بەڵام بڵاونەکرانەوە، تەنها چەند وێنەیەک بڵاوکرانەوە کە لە ڤیدیۆکان گیراون، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکان ئەوکەسانەی کە ڤیدۆکەیان لابوو لە لایەن پاراستنی دهۆکەوە دەستگیرکران ئەوەش لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوبوونەوە.

(یەکێک لە وێنەکان)

 

-لە وێنەکاندا شوێنەکەو ئۆتۆمبێلێکیش ڕوون دەرکەوتوون، ئایا هەمان شوێنی دهۆکە کە وەدات-ی تێدا ڕفێندرا؟

 

"ڕێک ئەوشوێنەیە"

 

(لەکاتی ڕفاندنی وەدات)

 

سەدات حسێن: زۆر ڕاستە و ڕێک ئەو شوێنەیە کە وەداتی تێدا ڕفێندرا، لە داهاتوودا وێنەکانیش دەبەینە لای دەزگا ئەمنییەکان.

 

-کەسێک بەناوی (ن – ت)، بە تاوانی تیرۆری وەدات تۆمەتبار دەکرێت، تا چەند ئاگاداری ئەو کەسەن؟

 

"کەسەکە لە وێنەکەشدا دەردەکەوێت"

 

سەدات حسێن: ئەوەش لەگەڵ وێنەکاندا بڵاوبوونەوە، کەسەکەش لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، بەڵام تەنها گومانەو لێی دەگەڕێین یاسا یەکلای بکاتەوە.

 

(ن - ت، لەکاتی ڕووداوەکەدا، ناوبراو ئەفسەری باڵایە لە دهۆک)

 

-زانیاری بە ئێمە گەیشتووە، دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری پارتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو تۆمەتبارە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئێوەوە کردووە، وەڵامتان چیبووە بۆ ئەو؟

 

"هاتەلامان و وتی ئەوکەسە بێبەرییە، بۆ ئەوەی ئەو تاوانە بشارنەوە"

 

سەدات حسێن: بەڵێ ئەوە شتێکی ڕاستە، پەیوەندی بەئێمەوە کردو وتی، کە ئەو کەسەی تۆمەتبارە بەو تاوانە ڕاستنییە و بێبەرییە لەو کارە، لەم بارەیەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئێمەدا قسەیکرد.

 

(دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی هەرێم)

 

وتیشی: کاتێک وەدات تیرۆرکرا، هەموو پەرلەمانتارەکانی پارتی خۆیان لە کەیسەکە بە دوور گرت، تەنانەت کەسیان سەرخۆشییەکیان لە ئێمە نەکرد، ئەمڕۆ دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە دێنە لای ئێمە و خۆیان دەکەنە خاوەنی کەیسەکە، ئەوە خاوەنداریکردن نییە، تەنها بۆ ئەوەیە ئەنجامی ئەو تیرۆرە بشاردرێتەوەو ئاشکرا نەبێت.

 

-پێتان وایە کاری پەرلەمانتارە یان دادگا؟

 

"بێگومان وتمان با دادگا بڕیار بدات"

 

سەدات حسێن: بەڵی وتمان با دادگا بڕیار بدات، وتمان ئێمە هەرکەسێک تۆمەتباربێت لە کەیسەکەدا لێی دەگەڕێین بۆ دادگا، ئەبێت بە دادگا چارەسەر بکرێت، ئەم کەیسە بە دانیشتن و ڕێگای عەشایەری چارەسەرنابێت.

 

-کەوایە پارتی جگە لەو پەرلەمانتارە، هەوڵ دەدات بە عەشایەری کەیسەکە دابخات؟

 

"بەڵی هەوڵدەدات و ئێمە قبوڵی ناکەین"

 

سەدات حسێن: بەڵێ هەوڵی بۆداوە، بەڵام ئێمە ڕێگریمان لێکردووەو لێشی دەکەین، چونکە نابێت ئەوەی ئەو تاوانەی کردووە بە بێ سزا دەربازی بێت.

 

-زۆرجار حکومەت ولایەنە ئەمنییەکان دەڵێن ئێوە تا ئێستا سکاڵاتان تۆمارنەکردووە، وەڵامتان لەم ڕووەوە چییە؟

 

"با بچن سەردانێکی دادگا بکەن"

 

سەدات حسێن: ئەوە ڕاستنین، ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە، وەک وتم کەسانی وەک دیندار زێباری قسەی تێدادەکەن هێچ ئاگایان لە کەیسەکە نییە، ئەوانەی وادەڵێن با بچن سەردانێکی دادگا بکەن، دەزانن سکاڵامان تۆمارکردووە یاخودنا، جگە لەوە پارێزەری خۆبەش لە کەیسەکەدا کاردەکەن، ئەوانیش لە دهۆکدا سنوورێکیان هەیە بۆکارکردن و ئاسانکارییان بۆ ناکرێت.

 

-ئێوە دوای ئەم ماوەیە، تا چەند متمانەتان بە هیزە ئەمنییەکانی دهۆک هەیە؟

 

"نەک وەدات زۆر گەنجیتر کوژراون"

 

سەدات حسێن: بەداخەوە هیچ باوەڕییەکی ئێمە بە دەزگا ئەمنییەکان نەماوە، نەک تەنها بۆ ئاشکرا نەبوونی تیرۆری وەدات، بەڵکو زۆر کەسیتر کوژراون.

 

-ئەی داواکاری گشتی بۆ تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە؟

 

"کەیسەکە بووە بە سیاسی"

 

سەدات حسێن: کەیسەکە بووە بە کەیسێکی سیاسی، دیارە سیاسەتیش زاڵە بەسەر سیستمی دادوەریدا، هەربۆیە ئەوانیش نەیانتوانییوە بێنەسەرخەت بۆ ئەم تیرۆرە.

 

دوای تیرۆری وەدات، ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین لە بادیناندا لە چ ئاستێکدایە؟

 

"نییەو تا ئاستی تیرۆر ڕێگریی هەیە"

 

سەدات حسێن: ئازادی ڕادەربڕین لە بادینان نییە، مەگەر بۆ ئەوانەی لەگەڵ لایەنێکی سیاسی دەڤەری پارتیدا کاردەکەن، وەکوتر ڕێگریی لە هەموو ئازادییەک دەکرێت تا ئاستی تیرۆرکردن.

 

لەم چاوپێکەوتنەدا سەدات حسێن بانگی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە خاوەنداری لە کەیسی وەدات بکەن و کەیسەکە بەکراوەیی بهێڵنەوە، تا ئاشکراکردنی تاوانباران.

 

وەدات حسێن عەلی، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ڕۆژنیوز لە دهۆک، لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە ناو شاری دهۆک-دا ڕفێندراو پاش چەند کاتژمێرێک بە برینێکی سەختەوە دۆزرایەوە، کە جگە لە تەقاندنی پشت سەرو چاوەکانی، هەموو پەنجەو ددانەکانیشی شکێندرابوون.

(وەدات دوای شەهیدبوونی)

 

پاش چەند خولەکێک مانەوە لە نەخۆشخانە بە بێهۆشی، بەهۆی دڕندەیی ئەشکەنجەکان و سەختی برینەکەیەوە ژیانی لەدەستدا، ئەوکات و ئێستاش چەندین کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوادا هات.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin