Smiley face
Smiley face
Smiley face

تاڵی ژیانی ژنێک لە زاری خۆیەوە

2017-02-13 10:15:01



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی ڕۆژ تێدەپەڕێنێت و شەوانیش لە پارکەکاندا ڕۆژ دەکاتەوە، ئەو ژنە چیرۆکە تاڵەکانی ژیانی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە، کە لەتەمەنێکی منداڵی و دوای کۆچی دوایی دایکییەوە تاریکی باڵی بەسەر ژیانیدا کێشاوە.

 

ئیمان فاروق، لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٤-ە لە شارۆچکەی کۆیە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دایکی کۆچی دوای کردووە، باوکی ئیمان دووبارە هاوسەرگیری کردووەتەوە و ئیمانی ڕادەستی منداڵپارێزی سلێمانی کردووە و لەوێ گەورە بووە و سەختیەکانی ژیانیشی لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا گەورەتربووە.

 

"باوکم منی فرۆشت بە پیاوێک تەمەنی ٧٥ ساڵ بوو"

 

ئیمان فاروق، چیرۆکی ژیانی بۆ ڕۆژنیوز گێرایەوە و وتی:"من هەر لە منداڵییەوە دایکم کۆچی دوایی کردووە و باوکم باوکم هاوسەرگیری کردەوە، ئیتر باوکم منی لە منداڵپارێزی سلێمانی دانا، هەر لەوێ گەورە بووم تا بووم بە ١١ ساڵ".

 

 

وتیشی:"پاشان تا تەمەنی ١٣ ساڵی لە ماڵی پورم ژیام، دواتر هاتمە نەوجەوانانی سلێمانی، ئینجا کە بووم بە ١٥ ساڵ باوکم منی بردەوە و منی دا بە شوو بە پیاوێکی پیری تەمەن ٧٥ ساڵ، بە ١٠ وەرەقە، پاش دوو مانگ هاوسەرەکەم کۆچی دوایی کرد، ئیتر چوومەوە بۆ ماڵی باوکم".

 

"خۆم سوتاند ئاگام لە خۆم نەبوو"

 

 ئیمان فاروق، باسی لە ژیانی خۆی کرد لە ماڵی باوکیدا و وتی:"من باوەژنم هەبوو ئەوان زۆر خراپ بوون لەگەڵ مندا، باوەژنەکەم دەرمانی بێ هۆشی دەدامێ، ئیتر منیش بەهۆی ئەو بێ هۆشییەوە خۆم سوتاند، کە هەتا ئێستا نازانم چۆن خۆم سوتاند دەموچاو و مل و سەرسنگم و قۆڵم سوتاوە، نۆ مانگ لە نەخۆشخانە بووم کەس نەهات بۆلام نە باوک نە برا نە خزمێک، کە لە نەخۆشخانەش دەرچووم کەس منی نەگرتەخۆی، بۆیە لەسەر شەقام دەمامەوە".

 

"باوکم دووبارە فرۆشتمییەوە"

 

کاتێک ئیمان تەمەنی بووە بە ١٩ ساڵ، باوکی بردوویەتی بۆ شاری بەغدا و بۆ ئەوەی لە شوێنی تایبەت بە ئەو کەسانە بمێنێتەوە کە نەخۆشی دەرونی-یان هەیە و خێزانەکانیان لەخۆیانیان ناگرن، بەڵام ئیمان وتی: دوای ماوەیەک هاتمەوە ماڵی باوکم، باوکم دیسان منی دایەوە بە شوو واتە دیسان منی فرۆشتەوە بە بڕی دەفتەرێک بە کوڕێکی تەمەنی ٢٥ ساڵ، کە  خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

 

"هاوسەری دووەمم داوای کاری لەشفرۆشی لێکردم"

 

چیرۆکە تاڵەکانی ئیمان بەردەوامی هەیە، کە لەلایەن باوکییەوە سەودا و مامەڵەی پێوەکراوە و هاوسەری دووەمیشی دەیویست بۆ کاری لەشفرۆشی بەکاری بهێنێت و وتی:"ماوەی ساڵێک لەگەڵ هاوسەرە تازەکەم بووم، هاوسەرەکەم داوای لەشفرۆشی لێکردم وتم نایکەم وتی دەبێت ئەو پارەمان بۆ پەیدا بکەیتەوە کە تۆمان پێکڕیووە، ئیتر منیش ڕازی نەبووم و چووم بۆ دادگا کە داوای جیابوونەوە بکەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی دووگیان بووم دادگا جیای نەکردینەوە پاش ئەوەی کە منداڵم بوو جیابووینەوە و منداڵەکەی لێسەندم لای خۆیەتی".

 

ئیمان، بۆ جاری سێیەم بە ڕەزامەندی خۆی هاوسەرگیری کردووەتەوە و منداڵێکی بووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هاوسەری سێیەمیشی کۆچی دوایی کردووە و ئەویش منداڵەکەی ڕادەستی کەسوکاری هاوسەرکەی کردووە و لەوکاتەوە هەتا ئێستا هیج یەک لە منداڵەکانی نەبینیوەتەوە.

 

ئیمان فاروق، لەبەر نەبوونی شوێنی مانەوە ڕووی لە شاری سلێمانی کردووە و چووتە شەڵتەر(شوێنی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو) و وتی:"ماوەیەک لە شەڵتەر مامەوە، بەڵام لەناو شەڵتەر ئیسراحەت نەبوو، خەو نەبوو، تەلەفزیۆنیان دادەگیرساند تاوەکو بەری بەیانی وە چەند شتێکی تریش، ئیتر منیش شەڵتەرم جێهێشت".

 

ئەو ژنە گەنجە، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لەسەر شەقەمەکانی شاری سلێمانی دەمێنێتەوە و وتی:"لەسەر شەقامەکانم هیچ کەسێک لێی نەپرسیومەتەوە کە ئایا ماوم مردووم لە برسان و لە سەرما چی دەکەم چۆن دەژیم، شەوان لە پارکەکان دەمێنمەوە، هیچ کارێکیش ناکەم چاوەڕێی دەستی خەڵکم کە شتێکم بۆ بکڕن یان پارەیەکم بدەنێ".

 

سەبارەت بەو شوێنانەی کە پەنای بۆ بردووە ئیمان وتی:"بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەم پەنام بۆ مافی ئافرەتانی سلێمانی برد، بەڵام ڕەوانەی هەولێریان کردم لەوێش هیچیان بۆ نەکردم و پەنام بۆ پارێزەرەکان برد، بەڵام کەسیان هیچیان بۆ نەکردم، وتیان باوکت قسەکانی تۆ بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت کە تۆ نەخۆشی دەروونیت هەیە، بۆیە هیچ شوێنێک بەدەم داوای منەوە نەهاتوون".

 

ئەو ژنە بێ دەرەتانە، چەند داواکاریەکی ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کرد و وتی:"داواکاریم ئەوەیە کە ڕێگام بدەن من تەسکەرەکەم دەربکەمەوە کە سێ ساڵە لێم ونبووە، وە شوێنێکم بۆ دابین بکەن و بڕێک پارەم بدەنێ کە جوانکاریەک تەنها بۆ دەموچاو و ملم بکەم، چونکە ئێستا کە دەچم بۆ شوێنێک دەڵێم دەمەوێت کار بکەم دەڵێن تۆ سوتاویت کارت نادەینێ".

 

عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لە باری وتەکانی ئیمان بە ڕۆژنیوزی وت:"کەیسی ئیمان ماوەیەک لای شەڵتەری داڵدەدانی ژنان بوو، وە شەڵتەر واتە شوێنی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراوە نەک شوێنی لانەی بێ کەسان، کەیسی ئیمانیش هەڕەشەلێکراو نیە بۆیە ناتوانێت لە شەڵتەر بمێنێتەوە وە ناشتوانێت لە هیچ خانەیەکی ترمان بمێنێتەوە بەهۆی ئەوەی تەمەنی شمولی ناکات".

 

 

عومەر گوڵپی، زیاتر ڕوونیکردەوە:" تەمەنی ئەو کەسانەی، کە لە خانەکانی ئێمە دەمێنێننەوە دەبێت لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و تەمەنی سەروو ٥٥ ساڵ زیاتر بێت، واتە خانەکانمان جێگەی ئەو کەسانە نابێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٥٥ ساڵیدایە، کە دەبوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و حکومەت ئەوکاتە کە قەیران نەبوو کاری بکردایە بۆ ئەو کەسە بێ خانە و لانانە".

 

بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، وتی:"بەشی یاسایی ڕادەسپێرین تا لە جۆری کێشەکەی تێبگەین، ئەگەر هاوکاریەکە بە ڕاوێژی یاسایی یان بە داکۆکی بێت لە ڕێگەی دادگاوە بەدڵنیاییەوە لەو ڕوەوە هاوکاری دەکەین".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin