Smiley face
Smiley face
Smiley face

حەلاوە هۆکاری ئەشکەنجەدانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرادەکات

2017-02-09 13:31:53



ڕۆژنیوز – شنا فایەق

 

حەلاوە، ئەوژنەی شاری سلێمانی کە دوومانگ پێش ئیستا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئەشکنجەدرا و ١٦ پەراسوی و سێ بڕبڕەی ملی و قەفەزەی سنگی شکاند، نهێنی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەکەی و هۆکاری سەرەکی ئەشکەنجەدانەکەی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرادەکات.

 

دوو مانگ پێش ئێستا و حەلاوە.م، کە ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵی دانیشتووی گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی-یە و دایکی پێنج منداڵە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە خراپترین شێوە ئەشکەنجە درا و ١٦ پەراسوی و سێ بڕبڕەی ملی و قەفەزەی سنگی شکێنرا، ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار، حەلاوە نهێنی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ (ڕ.ئ)ی هاوسەری و هۆکاری سەرەکی ئەشکەنجەدانەکەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد.

 

حەلاوە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە لەنەخۆشخانە دەرچووە و لەماڵی باوکی لەسەر جێگا کەوتووە، خوشکەکەی براکانی خزمەتی دەکەن و دەرمانەکانی بۆ بەکاردەهێنن، بەهۆی ئەوەی کەسوکاری ڕازی نەبوون کە ڤیدیۆ تۆمارکەین، تەنیا دەنگەکەمان تۆمارکرد و لە حەلاوەمان پرسی، بۆچی (ڕ)، بەم ڕادەیە ئەشکەنجەی دایت، لە وەڵامدا وتی:"ویستی منداڵە چوار مانگەکەم بفرۆشێت، منیش نەمهێشت، ئەویش ئاوای لێکردم".

 

حەلاوە، تەنیا ئەوەندە دەزانێت، کە هاوسەرەکەی خشتێکی کێشاوە بەسەریدا، ئیتر نازانێت دواتر چۆن ئەشکەنجەی داوە و وتی:"خشتێکی کێشا بەسەرمدا و ڕایکێشامە حەمامەکە".

 

سەبارەت بە هۆکاری فرۆشتنی منداڵە چوار مانگەکە، کە لە ڕەگەزی کوڕە و ناوی (هـ.ڕ)، ئێستا تەمەنی بووە بە شەش مانگ، حەلاوە، وتی:"ڕقی لە منداڵەکە نەبوو، ڕقی لە شیر و دایبی کڕین بوو".

 

ڕۆژنیوز پرسیاری باری دارایی خێزانەکەی کرد، لەوەڵامدا حەلاوە، وتی:"باری دارییمان باش بوو، خانوویەکی دوو نهۆم-مان هەبوو، دوو ئۆتۆمبێلمان هەبوو، پارجە زەوییەکمان هەبوو، (ڕ)، مانگی ٨٠٠ هەزار دیناری وەردەگرت، کە ٥٠٠ هەزاریان مووچەی زیندانیی سیاسی بوو، ٣٠٠ هەزاریشیان کرێ خانووی نهۆمی دووەمی خانووەکەمان بوو، دەیویست منداڵەکە بفرۆشێت و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی پێبکڕێت".

 

ئەو ژنە ئەشکەنجەدراوە، وردەکاری زیاتری لەسەر فرۆشتنی منداڵەکە ئاشکراکرد و وتی:"(ڕ)، لەگەڵ خێزانێک رێککەوتبوو، ئەوان منداڵیان نەبوو، تەمەنیان لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٥ ساڵ دەبوو، هاتن بۆ ماڵمان منداڵەکە ببەن و ٩٠ وەرەقە(نۆ هەزار دۆلار)، بدەنە بدەن بە هاوسەرەکەم، ژن و پیاوەکە منداڵەکەیان لە باوەش کرد و بردیانە هەتا بەردەرگاکە، منیش زۆر گریام و دوایانکەوتم وتم نابێت بیبەن، ئیتر ژنەکە منداڵەکەی دانایەوە، وتی دایکی نابەدڵ بێت من نامەوێت".

 

ناوبراو، وتیشی:"کە ئەم منداڵەم بوو هەموو شەوێک کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر دەیبردمە دەروە و پێی دەوتم "بۆیە بە تەنیا دەتبەمەدەروە دەڵێم بەشکو سەیارەکە وەرگەرێت و بمریت"، دەشیوت"یان منداڵەکە دەخەمە تەشتێک ئاوەوە یان دەیفرۆشم".

 

لەکاتتێکدا، کە (ڕ)، منداڵەکەی خۆی نەویستووە و ویستویەتی بیفرۆشێت، بەڵام ڕێگاشی نەداوە حەلاوەی هاوسەری هیچ ڕێگایەکی رێگریکردن لە منداڵبوون بەکاربێنێت وەک حەلاوە دەیگێڕێتەوە، پێیوتووە:"حەب لەو سەلاجەدا ببینم دەتکوژم".

 

پاش ئەوەی، کە (ڕ)، خشتەکەی کێشاوە بەسەری حەلاوەدا و ڕایکێشاوەتە حەمامەکەوە، بەوتەی کەسوکارەکەی، لەوێش بە شەق لێیداوە و بۆ ماوەی شەش ڕۆژ دەرگای حەمامەکەی بە زنجیر داخستووە، وەک منداڵەکان دواتر گێڕاویانەتەوە لەترسی باوکی نەیانوێراوە هیچ کەس لە ڕووداوەکە ئاگاداربکەنەوە.

 

پاش شەش ڕۆژ، ئیدی (ڕ)، نائومێدبووە لەوەی حەلاوە بەئاگابێتەوە، لە حەمامەکە دەریهێناوە و بردوویەتییە ژوورەوە و تەلەفۆنی بۆ دایکی حەلاوە کردووە، وتویەتی حەلاوە کەوتووە دەستی شکاوە، کاتێک دایکەکە حەلاوەی بینیوە، وتویەتی دەیبەم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام، (ڕ)، ڕازی نەبووە، ئەویش تەلەفۆنی بۆ ئامبوڵانس و پۆلیس کردووە و حەلاوەیان بردووە بۆ نەخۆشخانە، پۆلیس منداڵەکانی بردووە بۆ خانەی نەوجەوانان و (ڕ)یشیان دەستگیرکردووە.

 

هەرچەندە حەلاوە بەردەوام کیشەی لەگەڵ (ڕ)دا هەبووە، بەڵام هیچ کەسی لە کێشەکانی خۆی ئاگادارنەکردووەتەوە و وتی:"کەسم ئاگادارنەکردەوە، (ڕ)، قسەی لەگەڵ کەسوکارەکەی خۆیدا نەدەکرد، ڕقی لە کەسوکاری منیش بوو، منیش لەبەر منداڵەکانم باسی کێشەکانم بۆ کەس نەدەکرد".

 

ئەو ژنە، باسی لە هەست و تێڕوانینی منداڵەکانی کرد لە بەرامبەر درندەیی باکویاندا و وتی، کە منداڵەکان دەیانوت"دایکە خوایە باوکم بمرێت".

 

یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی حەلاوە، بەناوی باجی نەسرین ئاگاداری کێشەکانی نیوان حەلاوە و( ڕ)بوو، زۆر جار ئامۆژگاری (ڕ)ی کردووە، بەڵام (ڕ)، گوێی بۆ نەگرتووە.

 

(ڕ)، تەنیا لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی نەبووە، لەگەڵ دراوسێکانیشیدا کێشەی هەبووە و بۆ ئەوەی ماڵە دراوسێکەیان ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەرگای ماڵیی ئەوان ڕانەگرێت، ئۆتۆمبێلی دووەمی کڕیوە.

 

منداڵەکانی حەلاوە، دوانیان کچە و سیانیان کوڕن، کچە گەورەکەی ١١ ساڵ، کچەکەی دیکەی ١٠ ساڵ، کوڕەکانیش هەشت ساڵ، ساڵ و نیو و شەش مانگە و لە ئیستادا لە خانەی کچان، خانەی کوڕان و خانەی سفر-ن، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی.

 

بە وتەی حەلاوە و خوشکەکەی، (ڕ)، لەناو زیندانیشدا هەڕەشەی  لە منداڵەکانی کردووە، ئەگەر ئیفادە لە دژی ئەو بدەن، وتوشیەتی"ئەگەر حەلاوە بەئاگابێتەوە ئازادم دەکات، ئەگەر ئەویش ئازادی نەکردم دەفتەرێک دۆلار دەدەم بە پارێزەر، تەنیا یەک کاتژمێر لە زیندان بچمە دەروە خۆم سەرنوگم دەکەم و کەس دەستی پێم ناگات".

 

حەلاوە ڕەتیدەکاتەوە، کە هەرگیز لێی خۆش ببێت و وتی:"جیادەبمەوە لێی، بەڵام منداڵەکانم دەوێت، ئەگەر چاک ببمەوە منداڵەکانم لە خانە وەردەگرمەوە، بەڵام لە ئێستاد ناتوانم وەریانبگرمەوە، چونکە کەس نییە ئاگای لێیان بێت، دایکم بەتەمەنە، خوشکەکەم هاوسەرگیری کردووە و دەوامیشی هەیە، سێ برای پیشمەرگەم هەیە، ئەوان تەنیا دەتوانن خزمەتی من بکەن".

 

ئێستا لای ڕاستی حەلاوە کارناکات و بەردەوامیش ئازاری هەیە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە لە نەخۆشخانە دەرکراوە، پزیشک پێیوتووە، کە پێویستە ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێریدا بێت.

 

(ڕ.ئ)، تەمەنی ٥٠ ساڵە و پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ حەلاوە بکات دوو جاری دیکە هاوسەرگیری کردووە و جیابووەتەوە، ماوەی چوار ساڵ لە وڵاتی بەریتانیا ژیاوە و پاش گەڕانەوەی لە مانگی شەشی ٢٠٠٣ لەگەڵ حەلاوە هاوسەرگیری کردووە، بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی لەگەڵ حەلاوە، لە ساڵی ٢٠١٣ حەلاوە چووەتەوە ماڵی باوکی، کە ئەو کاتە دوو کچ و کوڕێکی هەبووە، وەک خوشکەکەی حەلاوە گێڕایەوە"ئەوکاتەش (ڕ)، هەر سێ منداڵەکەی بردووە لە هەولێر فڕێی یاون و ژنێک هەڵیگرتوونەتەوە، کاتێک حەلاوە بەم ڕووداوەی زانیوە ناچاربووە، کە بچێتەوە بۆ لای (ڕ) و پاش ١٠ ڕۆژ منداڵەکانی وەرگرتووەتەوە".

 

ڕۆژنیوز لە ڕۆژانی داهاتوودا بەدواداچوونی ورد دەکات بۆ کەیسی حەلاوە لە دادگا.

 

حەلاوە

 

 

دەرمانەکانی حەلاوە

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin