Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەرەی دیموکراسی گەل: کۆنگرەی نەتەوەیی زامنی بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتییە

2017-01-11 13:57:30



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

بەرەی دیموکراسی گەل ڕایدەگەیەنێت: بانگەوازییەکەی کەجەکە بەرز دەنرخێنین کە لە خەمخۆری بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد سەرچاوە دەگرێت، بێگومان کۆنگرەی نەتەوەیی دەبێتە زامنێکیش بۆ زیاتر بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتییە.

 

دوای ئەوەی لە ٨-١٢-٢٠١٦دا کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە بەیاننامەیەکدا دوای لە هەموو لایەنەسیاسی و ڕێکخراوەکان کرد کە کار بۆ کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی بکەن، وەک وەڵامێک، ئەمڕۆ بەرەی دیموکراسی گەل نامەیەکیان بۆ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە نارد.

 

لە نامەکەدا هاتووە: لە ئێستادا هەلومەرجی لەبار ڕەخساوە بۆ چارەسەرییەکی دادپەروەرانە و یەکجارەکی، بەڵام لەهەمانکاتدا مەترسی گەورەی پاشەکشەکردن و لەدەستدانی ئەم دەرفەتانەش لە ئارادایە.

 

ئەوەشهاتووە: واقیعی پارچە بوونی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و ئامادەنەبوونیان بۆ پێکەوە دانیشتن و گەڵاڵەکردنی ستراتیجێکی نەتەوەیی گشتگیر بۆ سەرجەم پارچەکانی کوردستان و دابیننەکردنی سەوابتی نەتەوەیی هاوبەش و نەگۆڕ هۆکاری سەرەکیە لەهەر ئەگەرێکی لەدەستدانی ئەم دەرفەتانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوین بە سوودی گەلی کورد هاتۆتەپێش. 

 

لەو بەیاننامەدا باسلەوە: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەتوانێت ئەو ئامڕازە بەهێزە بێت بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو جێگەیە بێت بۆ گەڵاڵەکردنی ئەو ستراتیجیە نەتەوەییەی کە پێویستە هەمانبێت بۆ ئەوەی ببینە فاکتەرێکی کاریگەر لەو پێشهاتانەی کە پێشبینی دەکرێن ڕووبدەن و گەلی کورد تیایدا سوودمەند بێت.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئێمە وایدەبینین لەگەڵ بوونی ستراتیجی نەتەوەیی گشتگیر، ستراتیجی لۆکاڵیش هەبێت بۆ هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان بەو شێوەیەی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەو پارچەیە بە شایستەی دەزانێت بەپێی بارودۆخی خۆیان، هەبوونی قەوارەیەکی لەم جۆرە دەتوانێ ئامڕازێکی کاریگەربێت لە یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکی و جیاوازییانەی لە نێوان هەرپارچەیەکی کوردستان رووبدات، بەمشێوەیە دەبینە خاوەن مەرجەعیەتێکی دامەزراوەیی کە یەکخەری هەوڵی لایەنەکان بێت بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد و ئامرازی چارەسەرکردنی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان لەکاتی سەرهەڵدانیدا.

 

بەرەی دیموکراسی گەل لەو نامەیەدا دەشڵێت: بێگومانین لەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی نەک تەنیا ڕێکخەر و ئاڕاستەی هێزی کورد دەبێت بەرەو سەرکەوتن، بەڵکو دەبێتە زامنێکیش بۆ زیاتر بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ داوا ڕەواکانی گەلەکەمان لە چوارپارچەی کوردستاندا، دەبێت ئەوەش بوترێت لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە گەلی کوردستان وەک یەک یەکەی نەتەوەیی دەنرخێندرێت هەر سەرکەوتن یان شکستێکی گەلی کوردستان لەهەر پارچەیەک بە سەرکەوتن یا شکستی سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان هەژمار دەکرێت.

 

لە کۆتای نامەکەشدا هاتووە: لەکاتی ئێستادا ئەگەر ڕێگری یا دەرفەتی سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی نەبێت، ئێمە لای خۆمانەوە پێشنیاری ئەوە دەکەین هێزە سەرەکیەکانی بزووتنەوەی گەلی کوردستان پێکەوە ئامادەی دانیشتن و دانوستابن بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کاتی و پابەندبوون پێیەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی ئێستا دووچاری هاتووین، تا هەلومەرجی لەبار دەڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin