Smiley face
Smiley face
Smiley face

"هەڵسوکەوتی پارتی لەگەڵ ڕۆحیەتی دانوستاندا ناگونجێت"

2017-01-11 12:20:23



ڕۆژنیوز - ڕێزان محەمەد

 

لە دوای ڕێگریکردنیان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لە بازگەی پردێ عەلی حەمە ساڵح ڕایدەگەیەنێت، کە ھەڵسوکەوتەی پارتی ھیچ لەگەڵ ڕۆحیەتی دانوستاندندا ناگونجێت و ئەگەر شەڕی ناوخۆش دروستببێت ئەوا خەتای پارتی بووە، سۆران عومەریش دەڵێت:" سکاڵا تۆماردەکەین".

 

ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی ڕێگریکردنیەکەی شەوی ڕابردوویان کرد لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە لە بازگەی شێراوە لە ناوچەی پردێ، کە بە بازگەی پردێ ناسراوە.

 

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی:" شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٨:٣٠ خولەک لە بازگەی پردێ ڕێگریمان لێکرا کە بچینە ھەولێر، و لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لەو بازگەیە ڕێگریمان لێکرا ، کە ئەم ھەڵسوکەوتەی پارتی ھیچ لەگەڵ ڕۆحیەتی دانوستاندندا ناگونجێت".

 

 

عەلی حەمەساڵح، وتیشی:" ئەگەر لە داھاتووشدا شەڕی ناوخۆ ڕووبدات ئەوا خەتای پارتیە، چونکە ئەگەر ئێمە بەشێوەیەکی ئاسایی توانیمان خۆمان ڕابگرین، بەڵام ئەگەر کەسانی تر بە توندوتیژی وەڵامی ئاسایشیان دایەوە، لە شوێنێک کەسێک کوژرا و لە شوێنێک بارەگای حزبێک سوتێنرا، ئەوا شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت".

 

ھەر لە کۆنگرەکەدا، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی وتی:" بەداخەوە لەو بازگەیە کە دوای ئەوەی وتیان ناتناسین داوای ھەوێیان لێکردم منیش پێمدان، بێ ئەوەی سەیری بکەن وتیان کاک سۆران بۆتان نییە بچنە ھەولێر و قسەی زیاتر مەکەن".

 

 

سۆران عومەر، وتیشی:" ئاسایشی پردێ وتی " ھەولێر پیسە مەچنە ھەولێر"، نەخێر ھەولێر پیس نیە، ھەولێر پایتەختی کوردستانە و شەرعیترین دامەزراوە لەوێیە کە پەرلەمانە".

 

باسی لەوەشکرد:" ئەمەی ڕوویدا پیلان بۆ داڕێژراو بوو، وە ئەو بڕیارەی کە نەچینە ھەولێر بڕیارێکی حزبی بوو، ھەر بۆیە ھەتا ھەرێمی کوردستان ھێزەکانی بەدەستی حزبەوە بێت ئەوا دۆخی وا دەبێت و ڕێگری دەکرێت".

 

سەبارەت بە هۆکاری ڕێگریلێکردنیان، سۆران عومەر، ڕایگەیاند:" ئێمە نازانین ھۆکاری چی بوو ڕێگریمان لێکرا دەبێت پرسیار لە پارتی بکرێت کە ئەو ڕێگریانە بۆ چی بوو، وە سکاڵاش تۆمار دەکەین".

 

پاشان، شێرکۆ حەمە ئەمین، نوێنەری نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی ھەرێمی کودرستان، ھەر لەھەمان کۆنگرەدا وتی:" ئیدانەی ئەو کارە دەکەین، کارێکی خراپە و پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە، ئەمە حەڵقەیەکیترە لەو حەڵقانەی کە بەرامبەر بە دامەزراوە شەرعیەکان کرا وەک پەکخستنی پەرلەمان، ھەر بۆیە ھەتا ھێز و پارە لەلای حزبەکان بێت، ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بەرەو  دیموکراسی نانێت".

 

 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ ش لەهەمان بازگە ڕێگری لە یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، کە بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و لەو کاتەوە بە ئێستاشەوە پەرلەمانی هەرێم لەلایەن پارتی-یەوە پەکخراوە.

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin