ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
ئەنجامی توێژینەوەک سەبارەت بە هاوسەگیری پێشوەختی کچانی هەردوو کەمپی ئاشتی و عەربەت، بۆ ساڵی ٢٠١٦ خرایەڕوو.
ئەمڕۆ لە بینای ڕێکخراوی CDO ی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شاری سلێمانی، ئەنجامی توێژینەوەیەک ڕاگەیەندرا لەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە کە لە هەردوو کەمپی عەربەت و ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی کرابوو.
توێژینەوەکە لەلایەن هەردوو دکتۆر لوقمان سیوەیلی و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ئامادەکرابوو بە هاوکاری ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت – CDO بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی Minority Rights Group ئەنجامدراوە و لە ژێر ناوی ( هاوسەرگیری پێشوەخت لە هەردوو کەمپی عەربەت و ئاشتی-دا ).
لە توێژینەوەکەدا هاتبوو: لە کەمپی عەربەت نزیکەی ٤١٣ خێزان هەیە کە دەکاتە دوو هەزار و ٦٧ کەس، کە ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانی تێدایە، لە کەمپەکەدا بە ڕێژەی %٣٧ هاوەسەرگیری پێشوەخت ئەنجامدراوە و %٦٣ هاوسەرگیری یاسای هەبووە، ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیری پێش وەختیان ئەنجامداوە تەمەنیان لە ١٠ ساڵەوە دەستپێدەکات هەتا ١٦ ساڵی.
هەروەها باسکرابوو: لە کەمپی ئاشتی نزیکەی دوو هەزار و ٨٤٠ خێزان هەیە کە دەکاتە ١٤ هەزار کەس، کە پێکهاتوون لە ئاوارەی عەرەب و تورک و ئێزدی، وە بە ڕێژەی %٣٧ هاوسەرگیری پێشوەخت هەبووەو % ٦٣ هاوسەرگیری یاسایی هەبووە.
لە توێژینەوەکەدا باری خێزانی ئافرەتانی کەمپی عەربەت و ئاشتی، خرابویە ڕوو، کە بریتیە لە: (هاوسەردار %٨٩ و جیابوەوە بە ڕێژەی %٠٢ و بێوەژن %٩).
باس لەوەشکرابوو: ساڵی ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەخت لە هەردوو کەمپەکە لە ( ساڵی ٢٠١٤ بە ڕێژەی %٣١ بووە و لە ساڵی ٢٠١٥ بە ڕێژەی %٤٠ بووە و لە ساڵی ٢٠١٦دا %٢٩ بووە)
هەر لە توێژینەوەکەدا پرسیار لەو کەسانە کراوە کە هاوسەرگیری پێشوەختیان ئەنجامداوە، کە ئایا تاچەند بەختەوەرن، بە ڕێژەی %٩٣ وەڵامی بەڵێیان داوەتەوە کە بەختەوەرن و بە ڕێژەی %٧ وەڵامی نەخێریان داوەتەوە.
وە بە ڕێژەی %٨٩ ئەو کچانەی کە هاوسەرگیریان کردووە ژنی یەکەم بوون و %٩ بوون بە ژنی دووەمی پیاوێک و بە ڕێژەی %٢ ژنی سێهەمی پیاوێک بوون.
لە توێژینەوەکەدا هۆکارەکانی هاوسەرگیری پێشوەخت خرابوونە ڕوو، کە بریتیبوون لە:
١- کلتور و داب و نەریت.
٢- ژینگەی جوگرافی.
٣- شێوازی ژیان و پیشە.
٤- هەستکردن بە شەرم یاخود ترسان لە شەرەف.
هۆکاری ئاینی.
٥- هۆکاری ئابوری ( تا ئاستی بژێوی خێزان نزمتر بێت، ئەوا قەبارەی بەشودانی کچانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ زیاتر دەبێت).
س.ح