Smiley face
Smiley face
Smiley face

جەمیل بایک: کورد کۆنگرەی نەتەوەیی نەبەستێت دەرفەتێکی مێژوویی لەدەستدەدات

2016-12-28 11:14:33



ڕۆژنیوز – سەدا حسێن

 

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە لە جەنگی جیهانی سێیەمدا دەرفەتێکی مێژوویی کەوتووەتە بەر دەستی گەلی کورد، بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان چارەسەربکات، کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستێت و یەکێتی نەتەوەیی پێکبێنێت، ئەگەر ئەو یەکێتییە پێکنەهێنێت، ئەوا دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست دەچێت.  

 

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە جاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوزدا بە وردی تیشک دەخاتە سەر گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و چۆنێتی تێکشکاندنی بەردەبەستەکانی بەردەم کۆنگرەکە، هەروەها باس لە چۆنێتی بەدەنگەوەچوونی پارتە کوردستانییەکان دەکات بۆ ئەو بانگەوازییەی لەماوەی ڕابردوودا کەجەکە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کردبووی.


دەقی چاوپێکەوتنەکە:


-ئێوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بانگەوازیتان کرد، پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە چ شێوەیەک وەڵامی ئەو بانگەوازییەی ئێوەیان دایەوە؟

 

جەمیل بایک: بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە دەبێت بڵێم، کە خەریکە ئەمساڵمان کۆتایی دێت و دەچین بەرەو ساڵێکی دیکە، ساڵی نوێ لە هەموو مرۆڤایەتی، لە ڕێبەر ئاپۆ، لە گەریلاکان و لە گەلی کورد پیرۆزدەکەم، هەموو ساڵی نوێیەک بۆ گەلی کورد ساڵی تێکۆشان و بەرخۆدانە، بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ش ببێتە ساڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد، پێویستە زیاتر لە هەمیشە خۆ لە ئامانجەکانمان نزیک بکەینەوە، بەم بۆنەیەوە سڵاو دەنێرم و ڕێزم هەیە بۆ هەموو گەلی کورد.

 

ئێمە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ڕاگەیەندراوێکمان نارد بۆ هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەبەرئەوەی شەڕێکی سەخت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکە بەڕێوەدەچێت و گەلی کورد لەم نێوانەدا تووشی سەختییەکی زۆر بووە، ئێمە بەم شەڕە دەڵێین جەنگی جیهانی سێیەم، ئەم شەڕە بۆچی ڕوویداوە؟ ئەو دەنگانەی لە جیهان بونیاتنرابوون و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتبوون، پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت لەناوچوون، پێویست بوو پاش ئەوان دەنگ و هەڵوێستی نوێ دابهێنرێن، لەبەر ئەوەیە، کە جەنگی جیهانی سێیەم لێرە بەڕێوەدەچێت، ئێستا هەموو لایەنەکان دەیانەوێت دەنگیان سەربکەوێت و بەپێی ئامانج و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا جێبگرن، بۆیە لەم سەردەمەدا ئەگەر هێزێک نەتوانێت لە هاوسەنگییە سیاسیەکانی ناوچەکەدا جێبگرێت ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەت بەڕێوەببات و ناتوانێت ئامانج و بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت، بۆیە ئێستا هەموو لایەنەکان لە جەنگی جیهانی سێیەمدا جێیان گرتووە، هێزە جیاکان ڕێکدەکەون، ڕێککەوتنەکان تێکدەچن و شتی نوێ دێنەئاراوە، لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا گەلی کورد نەیتوانی دەنگی خۆی دەربخات و ڕێگا بە گەلی کورد نەدرا جێ بگرن لە هاوسەنگییەکاندا و گەلی کوردیان پارچەپارچە کرد، سیاسەتی لەناوبردنی و تواندنەوەی گەلی کوردیان گرتە بەر، بەڵام گەلی کور ئەم سیاسەتانەی قبوڵنەکرد و دژی وەستانەوە، تێکۆشانیان کرد و لە ڕێگای ئەو تێکۆشانەشدا بە دەستکەوتی زۆر گەورە گەیشتن.

 

" بێ گەلی کورد سیاسەت لە ناوچەکەدا بوونی نیە"

 

لەناوچوونی دەنگە جیاوازەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە خزمەتی سیاسەتی گەلی کوردەوە، چونکە گەلی کورد لەم نێوانەدا دەنگ و هەڵوێستێکی نوێی سیاسیان هێنایە ئاراوە و بە تێکۆشانی خۆیان سیاسەتێکی نوێیان بەڕێوەبرد، بە لەناوچونی دەنگە سیاسیەکانی دیکە تەڤگەری کورد هەم لە بواری سەربازی و هەم لە بواری هزر و بیرکردنەوەدا پێشکەوت، ئەمە کاریگەریەکی زۆری لەسەر جیهان دانا و هەمووان بینیان گەلی کورد هێزێکی بنەمایین، جیهان تێگەیشت کە بێ گەلی کورد سیاسەت لە ناوچەکەدا ئەگەری هەبوونی نیە و هیچ دەنگ و هەڵوێستێکی نوێی سیاسی پێکنایەت، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی دیموکراسی تایبەتمەندی سەرەکی تێکۆشانی گەلی کوردە، چونکە تێکۆشانی گەلی کورد لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادیە، ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندیدارە بە ئازادی ژنانەوە، چونکە ژن لە شۆڕشی گەلی کورددا ڕۆڵی چالاکی هەیە، لەلایەکی دیکەوە گەلی کورد بۆ ئەوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی چارەسەرببن هەنگاوی جدی لە پراتیکدا ناوە، سیستمێکی نوێیان دامەزراندووە و بۆ چارەسەری کێشەکان تێدەکۆشن، هاوکات گەلی کورد دژی داعش شەڕ دەکات و گورزی سەختی لێدەدات، داعش نەک تەنیا بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بۆ هەموو جیهان بەڵا بوو، هەموو جیهان بینیان، کە گەلی کورد زیاتر لە هەمووان دژی ئەو بەڵایە وەستا و بۆ ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتی تێکۆشانی کرد، ئەمە کاریگەریەکی زۆری لەسەر هەموو جیهان هەبوو، تەڤگەری گەلی کورد لە هەموو بوارەکاندا پێشکەوت، خۆی وەکو پێشەنگ پیشاندا و بوو بە هیوایەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ڕوانگە خراپەکان لەبارەی گەلی کوردەوە گۆڕان و ڕوانگە باشەکان جێگای ئەوانیان گرتەوە، ئەمانە هێزە داگیرکارەکانی ترساند، چونکە تێگەیشتن، کە ئەگەر ڕێگری لەم پێشکەوتنانە نەکەن، مەترسیەکی گەورە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، داگیرکەرەکان دژی گەلی کورد و دژی دیموکراسی، فاشیزم ودیکتاتۆری بەرفراوان دەکەن، لەلایەکی دیکەوە لە جەنگی جیهانی سێیەمدا دەرفەتێکی مێژوویی کەوتووەتە بەر دەستی گەلی کورد، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانن کێشەکانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان چارەسەربکەن، بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە ئەرکی مێژووییان بەجێبێنن، دەرفەتێک کە گەلی کورد لەم نێوانەدا دەستی کەوتووە ئەنجامی گەورەی ببێت.

 

" ئەگەر ئەو دەرفەتە لەدەستبدات ئەگەری لەنوجوونی گەلی کورد دێتە ئاراوە"

 

ئەگەر گەلی کورد یەکێتی خۆی پێک نەیەنێت، ئەگەر ئەو پارچەپارچەبوونە چارەسەرنەکەن، مەترسیەکانیش لەسەر ڕێگای گەلی کورد دەمێننەوە، ئەو کاتە ئەم دەرفەتە مێژووییەش لە دەست دەچێت، ئەگەر جارێکی دیکە کورد ئەم دەرفەتە لەدەست بدات ئەگەری ئەوە هەیە کە لەناوچوونی گەلی کورد بێتە ئاراوە، ئێستا گەلی کورد دەتوانن بە ئەنجامی زۆر گەورە بگەن، لەبەر ئەوەی دەرفەتێکیان دەست کەوتووە، بۆیە نابێت گەلی کورد دەستبەرداری ئەو دەرفەتە بن، ئەمانەش بە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی پێکدێن، بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەم دەستی هێرشکەری دوژمن لە کورد دوور دەکەوێتەوە و هەم گەلی کورد لەم پارچە پارچەبوونە ڕزگاردەبن، ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە تاکتیکێکی هاوبەش بۆ گەلی کورد پێکدێنێت، پێشتریش بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەندێک کار کرابوو و تا ئاستی باشیش بەڕێوەچووبوون، ئەنجامی باشیشیان هەبوو، ئێستا لەبەرامبەر ئەم پێشکەوتنانە و ئەم مەترسیانە چی پێویستە؟ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی.

 

بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی داواکاری گەلی کوردیشە، داواکاری پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانیشە، داواکاری ڕۆشنبیرەکان، هونەرمەندەکان و نووسەرانیشە، هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا داواکاری چەندین لایەنە، ئەگەر هەموو ئەوانە بێنینە بەر چاومان لە ئاستی گرنگی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی تێدەگەین، ئێمە لەبەر ئەمانە بانگەوازیمان کرد.

 

-هەڵوێستی لایەن و پارتە سیاسیەکانی دیکە بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی کەجەکە چۆن دەنرخێنن، لەم بارەیەوە هەڵوێستێکی ئەرێنی هەیە یان نا؟

 

" زۆربەی لایەنە سیاسیەکان وەڵامی ئەرێنیان بووە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی"

 

جەمیل بایک: تا ئێستا زۆر لایەن و پارتی سیاسی وەڵامی بانگەوازی کەجەکەیان داوەتەوە، ئەو وەڵامانەی دەگەن زۆر باشن، وەڵامەکان داواکاری گەل، داواکاری پارتەکان و ڕێکخراوە نێوودەوڵەتیەکانیان تێدابوو، هەموو ئەوانەی لەبەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوەدا خۆیان بە بەرپرس زانی پشتگیری ڕاگەیەندراوەکەیان کردووە، لە کوردستان کەم لایەن هەیە وەڵامی نەدابێتەوە، زۆربەی وەڵامەکانیش باش بوون، وەڵامەکان ئەرێنی بوون، ئەمە ورەمان دەداتێ، کە بەورەوە هەنگاوی پراکتیک بنێین بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، من لەسەر ئەو باوەڕەم، کە ئەوانەی پشتگیری بانگەوازییەکە دەکەن پێویستە هەنگاوی پراتیکیشی بۆ بنێن، چونکە کەس ناتوانێت دژی داواکاری گەلی کوردستان، پارتە سیاسیەکان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و هێزە نێودەوڵەتیەکان بوەستێتەوە، کەسێک کە دژی ئەم داواکاریە بوەستێتەوە لە مەیدانی سیاسەتدا ون دەبێت و ئەوانەی پشتگیری داواکاری گەل بکەن لەناو مێژوودا و لەناو دڵی گەلی کوردستاندا دەچنە شوێنێکی تایبەت و بەڕێزەوە.

 

" هەندێک نایەنەوێت لە ئاستی پراتیک هەنگاوبنرێت"

 

پێویستە هەڵوێستەکان تەنیا لە ئاستی ڕاگەیەندراوێکدا نەمێنێت، بەڵکو دەبێت لە پراکتیکدا هەڵوێستیان هەبێت و کاربکەن، بەڕای ئێمە هەندێک لەوانەی لەبەرامبەر بانگەوازیەکەدا هەڵوێستی ئەرێنیان هەبووە، بەڵام نایانەوێت لە ئاستی پراتیک هەنگاوبنرێت، ناتوانن دژی بوەستنەوە، چونکە وەستان دژی کۆنگرەی نەتەوەیی بەواتای ونبوونیانە لە مێژوودا، هەندێکیش لەبەر ئەوەی ناویان لە نێوان گەلدا خراپ نەبێت و لە مێژوودا ناویان ڕەش نەبێتەوە بانگەوازیەکەیان قبوڵکردووە، بەڵام کاتێک سەیری پراکتیکی ئەوان دەکەین، دەبینین کە پراکتیکەکەیان لە قسەکانیان ناچێت، ئەمەش زیاتر لە باشور دەبینرێت، بەشێکی دیکە نە وەڵامی ئەرێنی دەدەنەوە و نە پشتگیری بانگەوازییەکە دەکەن، بەڵام لە باشور بەم شێوەیە نیە، تا ئێستا لە باشور ژمارەیەکی کەم هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە، هەندێکی دیکە هەن کە هەڵوێستیان ڕاگەیاندووە، بەڵام دەڵێن هەنگاوی پراتیک نانێن، کاتێکیش قسەیان لەگەڵ دەکەین هەندێک بەهانە بە قسەکانیانەوە دیارە، دەڵێن پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستبەجێ باس لە بەربەستەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن و نایانەوێت بەربەستەکان لەسەر ڕێگا لاببەن.

 

" ئەم کارە بەترسەوە ناکرێت"

 

من دەڵێم ئەم کارە بە ترسەوە ناکرێت، لەم بارەیەدا پرس تەنیا حزبایەتی نیە، حزبەکان بۆ ئەوەن، کە کێشە کۆمەڵایەتیەکان چارەسەربکەن، بەڵام پێویستە حزبەکان بەرژەوەندی نەتەوەییش بە بنەما بگرن، نابێت پرسی نەتەوەیی بکەنە قوربانی بەرژەوەندیەکانی حزبی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت بەم شێوەیە لە پرسی کورد نزیک ببنەوە هیچ چارەسەر ناکرێت، ئەوانەی خۆیان بە بنەما دەگرن لە گەل دوور دەکەونەوە، هەروەها ئەوانەی داواکاری گەل، داواکاری مێژوو و مرۆڤایەتی لەبەر چاوناگرن و بە گرنگیان نازانن لە مێژوودا ون دەبن، بۆیە دەمەوێت بەو پارتانە بڵێم، کە نابێت شتەکان بەم شێوەیەی بچوک و تەسک ببینن، نابێت بە ترسەوە بژین و پێویستە بەورە و بڕیاردەر بن و ئەرکەکانیان بەجێبێنن، لەلایەکەوە بۆ ئەوەی لە بەر چاوی گەل خراپ نەبن هەڵوێستی ئەرێنی ڕادەگەیەنن و لە لایەکی دیکەوە نایانەوێت کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت، ئایا دەیانەوێت بەردەوام بن لەم دووڕووییەدا؟ ئەوانەی لەم دووڕییەدا دەمێننەوە زیانیان پێدەگات، ئێمە ئەوەمان ناوێت، بەڵکو دەمانەوێت قازانج بە هەموو لایەنەکان بگات، کاتێک هەموو لایەنەکان پرسی نەتەوەییان بە بنەما زانی و کێشەکانیان چارەسەرکرد سەردەکەون، ئەگەر بەم مەبەستە خەبات نەکەن دڵنیا بن زیانیان پێدەگات.

 

- دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و جیهان تا چ ڕادەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە گونجاو دەزانن؟

 

" بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەموو ئەگەر و مەرجەکان گونجاون"

 

جەمیل بایک:هەموو ئەگەر و مەرجەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، چ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاستی کوردستاندا و چ لەبواری دۆخی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکەوە گونجاون، ئێمە دەتوانین بڵێین ئەگەرەکان و مەرجەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و دۆخی دەوڵەتە داگیرکەرەکان ڕێگا بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی نادەن، ڕاستە کە بەربەست و کێشە هەیە و ئێمە ئەو کێشانە بە ئاشکرا دەبینین، بەڵام بینینی بەربەستەکان بەواتای پێکنەهاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی نیە، ئەگەر مەرجەکان گونجاونەبن بشمانەوێت ناتوانین کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەببەین، بەڵام مەرجەکانی ئێستا زۆر گونجاون، بۆیە نابێت گەلی کورد ئەم دەرفەتە گونجاوە لەدەست بدات، ئەگەر گەلی کورد ئەم دۆخە بە دەرفەت نەزانێت و بەباشی سودی لێوەرنەگرێت، ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی پێکنەیەنێت و کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەنەبات، ئیتر قەت دەرفەتی بەم شێوەیە دەستی گەلەکەمان ناکەوێتەوە، لەکاتێکدا هەموو ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، گەلی کورد، ڕێکخراوەکان و پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگای جیهانی داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن، ئەوانەی دژی ئەم کۆنگرەیە دەوەستنەوە ناتوانن سەربکەون و بە دڵنیاییەوە شکست دێنن، هەرچەندیش ئەگەرەکان و مەرجەکان گونجاو بن، ئەگەر گەلی کورد نەیەوێت ناتوانین سودی لێوەربگرین.

 

" نابێت کورد چارەنووسی خۆی بداتە دەست هێزەکانی دەروە"

 

 گەلی کورد دەبێت باش لەمە تێبگەن، کە نابێت چارەنووسی خۆیان بدەنە دەستی هێزەکانی دەرەوە، ڕاستە پێویستە دەرەوەش ببینرێت، بەڵام ئەوەی بنەمابێت گەلی کورد خۆیەتی، ئەگەر گەلی کورد دەیەوێت پرسی نەتەوەییەکەی چارەسەربکات و کێشە و قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانی تێپەربکات و لەبواری سەربازیەوە گەورە ببێتەوە هیچ هێزێک ناتوانێت دژی بوەستێتەوە، لە هێزی کورد گەورەتر و بەهێزتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیە، چارەنووسی هەمووان ئێستا کەوتووەتە دەستی گەلی کوردەوە، کورد دەتوانێت چارەنووسی هەموو پێکهاتەکان دیاری بکات، جگە لە کوردەکان هیچ لایەن و پێکهاتەیەک ناتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەت بکات، هیچ هێزێک توانای ئەوەی نیە دەنگی نوێ و سیستمی نوێ دامەزرێنێت، سەردەمێک بوو کە تەنیا سیاسەتی لەناوبردن لەبارەی کوردەکانەوە بەڕێوەدەچوو، ئەو سەردەمە کۆتاییهات، گەلی کورد چەرخێکی نوێی دەستپێکردووە، بۆ گەیشتن بەمەش ژیانی خۆی گۆڕیوە، گەلی کورد بۆ پێکهێنانی گۆڕان زیاتر لە هەمووان هەوڵیداوە و تێکۆشانی کردووە، چونکە کورد دەیەوێت ببێتە خاوەن پێگەیەکی سەقامگیر، لەبەر ئەوەی کورد ئێش و ئازار و کۆمەڵکوژی زۆر قورسی تێپەڕکردووە، بۆیەش ئێستا دەتوانن زیاتر لە هەموو ئەوانی دیکە ببنە خاوەنی هەڵوێستی نوێ، دەنگی نوێ و پێگەی نوێ، بەم توانایەشەوە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد سەخت نیە، پێویستە پێش هەموو شت کۆبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت و هەموو لایەنەکانی تێیدا ئامادەبن، پێویستە هەموو لایەنەکان لەبارەی چۆنیەتی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییەوە گوفتوگۆ و مشتومڕ بکەن، بڕیاربدەن و کۆنگرەکە بەڕێوەببەن، نابێت ڕێگا بدەین درەنگ بکەوین و زیانمان پێبگات، گەلی کورد دەتوانێت بە بەستنی ئەم کۆنگرەیە سودی گەورە وەربگرێت، هەرچی زووتر ئەمانە ڕووبدەن باشترە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو ڕۆژێک شتەکان دەگۆڕێن، ڕێککەوتنی نوێ پێکدێت، پیلانی نوێ دادەڕێژرێت، لەبەر ئەوەی کاتێک دەنگی نوێ دادەهێنرێت بەدوایدا شەڕ دروستدەبێت و ڕێککەوتنەکان نوێ دەکرێنەوە، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەنگیان لە هاوسەنگیە نوێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ڕێکدەکەون، لەم نێوانەدا گەلی کورد زیاتر لە هەمووان پێویستی بە ڕێککەوتن و جێگرتن لەو دەنگە نوێیانەدا هەیە. 

 

- دەوڵەتە داگیرکەرەکان سیاسەتی لەناوبردن و تواندنەوەی گەلی کوردیان گرتووەتە بەر، ئەو سیاسەتانە تا چ ڕادەیەک دەبنە بەربەست بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی؟

 

" هەندێک دەڵێن کۆنگرەی نەتەوەیی ڕێگانادات دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت"

 


جەمیل بایک: بەشێکی کەمی گەلی کورد بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە پێویست نازانن، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی بە مەترسیەک بۆخۆیان دەزانن، ئەوان دەڵێن" ئێمە بەرنامەی خۆمان هەیە و بەرنامەی خۆمان بەڕێوەدەبەین، ئێمە کۆنگرەی نەتەوەیی پێشدەخەین، بەڵام خزمەت بە بەرنامەکانی ئێمە ناکات، خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئێمە ناکات، بۆیە نابێت کۆنگرەی نەتەوەیی ئێستا ببەسترێت"، هەندێکی دیکە دەڵێن"ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی کوردی دامەزرێنین، ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەبچێت بەرنامەی ئێمە دەکەوێتە مەترسیەوە، کۆنگرەی نەتەوەیی ڕێگانادات دەوڵەت دامەزرێنین، نایەڵێت ئێمە خاوەن دەسەڵات بمێنینەوە بۆیە باشترە کۆنگرەی نەتەوەیی نەبەسترێت"، ئەو کۆنگرەیەی پێشتر بەنیازبووین بەڕێوەببەین سەری نەگرت، هەندێک لایەن بوونە بەربەست بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیە، ئەوان وتیان"ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت دەوڵەتانی داگیرکەر و دەوڵەتانی دراوسێ عاجزدەبن، ئەوکات ئێمە ناتوانین دەوڵەتی کوردی دامەزرێنین، بۆیە نابێت کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت"، دەستێوەردانیان کرد و ڕێگایان نەدا کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەبچێت، ئەگەر ئەم کارانەیان نەکردایە، کۆنگرەکە بەڕێوەدەچوو، لەبەر ئەوەی چەند دەوڵەتی داگیرکەر عاجزنەبن نەیانهێشت کۆنگرە ببەسترێت، ئەوان دژی دیموکراسین، چونکە ئەگەر یەکێتی کوردەکان پێکبێت دیموکراسی پێشدەکەوێت و دەوڵەتانی داگیرکەر گەورەترین زیان-یان پێدەگات، ئەوان بەم شێوە لەناودەچن و بۆیەش ئەمەیان ناوێت، بەتایبەت ئێران و تورکیا کە سیستمی نەتەوە-دەوڵەت بۆ بەڕێوەبەری خۆیان بە بنەما دەزانن، لەبەر ئەوەشە سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کوردیان گرتووەتە بەر، دژایەتی ئەوان لەبەرامبەر گەلی کورد بەواتای دژایەتیانە لەبەرامبەر دیموکراسیدا، دوژمنی گەلی کورد و دیموکراسی دەبێتە ڕێککەوتنی هێزە کۆنەپەرستەکان، دیکتاتۆرەکان و فاشیستەکان، ئەگەر ئەوان پێداگرن لەسەر مەزهەب، فاشیزم یان دیکتاتۆری تەنیا لەبەر دژایەتی گەلی کورد و دیموکراسیە، ئەگەر گەلی کورد یەکێتی پێکبێنن دەبنە هێز و ئیرادەیەکی زۆر گەورە و ئەوان ئەمەیان ناوێت، لەلایەکی دیکەوە لە ئەگەری پێشکەوتنی دیموکراسی، گەلی کورد لە هەمووان زیاتر سودی لێوەردەگرن.

 

" دوژمن لەناوچونی گەلی کوردی دەوێت"

 

دوژمن لەناوچونی گەلی کوردی دەوێت نەک گۆڕینی، بۆیە پێکهێنانی دیموکراسی بۆ گەلی کورد وەکو دوژمنێکی گەورە بۆخۆیان لەبەرچاودەگرن، ئەوە دەبێتە هۆی مردنی ئەوان، بۆ ئەوەی گەلی کورد یەکنەگرن و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەن و بە ئەنجام نەگەن دەستێوەردانی کاروباری گەلی کورددەکەن، هێرش دەکەن، بەتایبەت تورکیا زیاتر لە هەمووان ئەم کارە دەکات، ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپەیان پێکهناوە و بوون بە دەسەڵاتدار، نەژادپەرسی و مەزهەبپەرستی وەکو بنەماکانی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا یەکیانگرتووە، هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، هێرش دەکەنە سەر هێزە دیموکراتیەکان، هەدەپە لە پەرلەمان دەردەکەن، پەرلەمانتارانی هەدەپە دەگرن، دەست بەسەر شارەوانیەکاندا دەگرن و قایمقام و پارێزگار وەکو خۆسەپێنەر لەجێگای هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان دادەنێن، شارەکان هەڵدەوەشێننەوە، تۆپباران دەکەن، هاوڵاتیەکان ئاوارەدەکەن، دەست بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکدا دەگرن، تاڵانیان دەکەن، بریندارەکان دەکوژن، دەیانەوێت دیموگرافی کوردستان بگۆڕن، دەڵێن ئێمە " سەفەربەری بەڕێوەدەبەین" و هەمووان دژی گەلی کورد هاندەدەین.

 

" نایانەوێت باشور پێگەی بەهێزتربێت"

 

ئەوان دژی هێزە دیموکراتیەکان هەموو ئەم کارانە دەکەن، نەتەنیا هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان بەڵکو دەستێوەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکەن، دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان لێبستێننەوە، دەست لە کاروباری باشوری کوردستان وەردەدەن، نایانەوێت پێگەی ئەوێ لەوەی کە هەیە بەهێزتر ببێت، تەنانەت ناکۆکیەکانی نێوان هێزەکانی باشوری کوردستان قوڵتردەکەنەوە، دەیانەوێت بە هەموو هێزیانەوە ڕێگانەدەن کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەبچێت، نایانەوێت کورد دەرفەتە مێژووییەکانی بەکاربێنێت و سودیان لێوەربگرێت.

 

ڕۆژنیوز: دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیکەی ناوچەکە تا چ ئاستێک دەتوانن بەربەست بن بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی؟ 

 

" گەلی کورد نایانەوێت لەم پارچەبوونەدا بژین"

 

جەمیل بایک: دەوڵەتی تورک هەم لە باکور هەم لە باشور و هەم لە ڕۆژئاوا دژایەتی گەلی کورد دەکات، ئەم کارەش بەئاشکرا ئەنجامدەدا و هیچ ناشارێتەوە، هەروەها دژایەتی هێزە دیموکراتیەکانی ناوچەکە دەکات، نایەوێت لە هیچ شوێنێک دیموکراسی پێش بکەوێت و گەلی کورد سودی لێوەربگرێت، چونکە گەلی کورد لە سیستمێکی دیموکراتیدا زیاتر لە هەمووان سود وەردەگرن، ئەوان باش دەزانن ئەگەر سیستمی دیموکراسی بەهێز بێتەوە گەلی کوردیش بەهێز دەبنەوە، لەبەر ئەوەش دیموکراسی بە ئامانج دەگرن و هێرش دەکەنە سەری، نایانەوێت یەکێتی گەلی کورد پێکبێت، بۆ ئەمانە پیلانیان هەیە، ئێستاش هێرش بۆسەر گەلی کورد بە هەموو هێزیانەوە و لەسەرناوی "سەفەربەری" ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی گەلی کورد لەناوببەن هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، لەبەر ئەوەی پەکەکە ورە دەدات بە گەلی کورد، هێزدەدات بە گەل بۆ یەکێتی، گەڵ هاندەدات بۆ ڕاپەڕین، بۆیە دەیانەوێت هەموو هێزیان بەکاربێنن بۆ ئەوەی پەکەکە لەناوببەن، تا کاتێکیش پەکەکە لەناونەبەن ناتوانن سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد بەتەواوی ئەنجامبدەن، بە هەموو هێزی سەربازی، سیخوڕی و هەواڵگریانەوە هێرش دەکەن، دەیانەوێت بە گرتن و کوشتن پەکەکە لەناوببەن، هەندێک لە کوردەکان لە خۆیان کۆدەکەنەوە و پێیان دەڵێن "ئەم دەرفەتەتان دەدەینێ کە لەگەڵ ئێمە ڕێککەون"، بەم شێوەیە دەیانتوێننەوە و لەناویان دەبەن، دەیانەوێت لەنێوان کوردەکاندا شەڕ و ناکۆکی دروست بکەن، ئازادی گەل و بەرژەوەندی نەتەوەییەکان لەبیرببەنەوە، گەلی کورد باش لەمانە تێدەگەن، بەڵام هەندێک هەن کە بەباشی تێنەگەیشتوون، بۆیەش داگیرکەر بە ئاسانی دەستێوەردانی پەیوەندیەکانی نێوان کوردەکان دەکات، گەلی کورد پارچە دەکات، گەلی کورد نایانەوێت لەم پارچەبوونەدا بژین، چونکە ئەوەی بیەوێت درێژە بە پارچەبوونەکە بدات بەنیازی شەڕە و دەیەوێت شەڕ بکات، گەلی کورد لە باشوری کوردستان زۆر باش ئەمەیان ئەزمون کردووە و تێیگەیشتوون، ئەوان ئیتر قبوڵی ناکەن کە لە نێوان پارتەکانی باشور ناکۆکی دروست بێت، نایانەوێت پارچەبوونێکی دیکە ئەزمون بکەن، گەلی کورد لە باشور دژی ئەو سیاسەتانە دەوەستنەوە، گەل شەڕی کورد و کورد قبوڵ ناکات، گەل یەکێتی کوردەکان و تێکۆشانی هاوبەشی دەوێت.

 

" سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ بەدوای چارەسەرکردنی پرسی کوردستانە"

 

گەلی کورد باش دەزانن چ بە قازانجیانە و چی بە زیانیان، هەموو پارچەکانی کوردستان پەکەکە وەکو هێزی بەرگری دەناسن، سیاسەتێک کە ڕێبەر ئاپۆ دایڕشتووە هێز و ورە و باوەڕ دەدات بە خەڵک، چونکە سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ بەدوای چارەسەرکردنی پرسی کوردستانە، سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ بەدوای یەکێتی نەتەوەیی و دیموکراسی و ئازادی و یەکسانیەوەیە، گەلی کورد پشتگیری پەکەکە دەکات چونکە پەکەکە بە هێزی پاراستنی خۆی دەزانێت، گەل دژی داگیرکەرەکان دەوەستنەوە و ئەمە هێز  دەدات بە ئێمە، ئەگەر ئێمە کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەببەین گەلیش هەست بە هێزێکی زیاتر دەکات، لە ئەگەری بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەرامبەر گەلی کورددا بوەستێت، هەر کەس بیەوێت بوەستێت زیانی پێدەگات.

 

- ناکۆکیەکان لەنێوان پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا، باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە بەربەست بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ب چ شێوەیەک دەکرێت ئەم بەربەستانە لەسەر ڕێگا لاببرێن، ئایا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کارێک کراوە یان نا؟

 

جەمیل بایک: ئێمە بانگەوازیمان کرد و کاتێک بانگەوازیمان کرد باش دەمانزانی کە هەندێک بەربەست لەسەر ڕێگای کۆنگرەی نەتەوەیی هەن، بەڵام بەربەستەکان لەبەرامبەر بەستنی کۆنگرەی نەتوەیی لەچاو دەرفەتەکان زۆر کەمن، ڕاستیەک هەیە لەبارەی ژیانەوە، ژیان هیچ کات نە باش دەبێت و نە خراپ، هەمیشە هەم باش دەبێت وهەم خراپ دەبێت، باشبوون و خراپبوون لە ژیاندا بەیەکەوە ڕوودەدەن، پێویستە لایەنەک کاریگەری زیاتری هەبێت، ژیان بەم شێوەیەیە، ژیان بێ کێشە و بێ زەحمەتی و بێ بەربەست واتای نیە، جوانی ژیان لەمانە دایە، ئەگەر شتێک ژیان پێش نەخات، ئەوکات ژیان جوانی نامێنێت، ئێمە بۆخۆمان واتادەدەین بە ژیان و بەو واتایەی پێیدەدەین ژیان جوان دەبێت، بەتایبەت ئێستا کە بڕیارە لە کوردستان ئازادی پێکبێت و کێشەکان چارەسەربن و سیستمی دیموکراسی دامەزرێنرێت پێویستە هەموو بەربەست و زەحمەت و سەختیەکان لەسەر ڕێگا لاببەین، ئەگەر بەم جۆرە بیربکەینەوە دەتوانین یەکێتی نەتەوەیی پێکبێنین، ئەو کاتە ژیان لە کوردستان دەگاتە ئامانجەکانی، ژیان واتای خۆی دەدۆزێتەوە، لەبەر ئەوەی هێزە داگیرکەرەکان ژیانیان لەناو کۆمەڵگادا کوشتووە، ژیانیان بێ واتا کردووە بەناوی ژیان ڕۆژانە کورد دەکوژرێن و پێشی دەوترێت ژیان، ئەمە بۆ گەلی کورد نابێتە ژیان، شتێکیش نەبێتە ژیان بەواتای مردنە، هەرچی بکەوێتە خزمەتی گەلی کوردەوە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی گەلی کورد و ئازادی و دیموکراسی پێشدەخات، کەسێک لەمە تێگەیشتبێت هەموو بەربەست و زەحمەت و سەختیەکان لەسەر ڕێگا لادەبات، ئێمە ڕێکخستنی خۆمان لەسەر ئەم بنەمایە پێکهێنا.

 

"ئەگەر چارەسەرکردن بە بنەما بگرین سەردەکەوین"

 

گەلێک کە بتوانێت ئاستەنگی و سەختیەکان لەسەر ڕێگا لاببات دەتوانێت خۆی لە مردن ڕزگاربکات، ئەمە بۆ داهاتووی گەلی کورد دەبێتە گەرەنتیەک بۆ ئازادی، ئەگەر بەربەست و سەختی و کێشەکان بە بنەما بگرین ئەو کات ناتوانین هیچ کارێک ئەنجامبدەین، بەڵام ئەگەر چارەسەرکردنیان بە بنەما بگرین ئەو کات چارەسەر دەکرێن و سەردەکەوین، ئەوکات دەرفەتەکان بۆ گەلی کورد دێنە ئاراوە، ئێستا گەلی کورد، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەران و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و پارتەکان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن، بەم شێوەیە دەتوانین بە ئەنجام بگەین، هاوکات هەندێکیش دژی کۆنگرەی نەتەوەیین، هەرکات بتوانین بەربەست و سەختیەکان لەسەر ڕێگامان لاببەین دەتوانین کۆنگرەکەش بەڕێوەببەین.


"پەکەکە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێت"


ئێستا پەکەکە چون بانگەوازی کۆنگرەی نەوەیی کردووە، پشتگیریشی دەکات، هەموو بەرپرسیارێتیەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت، واتە پەکەکە بەربەستەکان لەسەر ڕێگا لادەبات، پەکەکە هیچ کات ناڵێت کە سەختی و زەحمەتی و بەربەستەکان لەسەر ڕێگا لاناچن، فەلسەفەی ڕێکخستنی ئێمە بەم شێوەیە نیە، لە ڕێکخستنی ئێمەدا کاتێک بڕیارێک درا و بۆ جێبەجێکردنی کار کرا ئەو کات ئەو کارە ئەنجامنەدرانی بۆ نیە، درەنگ یان زوو ئەنجامدەدرێت، ئەگەر کورد باوەڕی بە خۆی نەبێت، ئەو کات تێناکۆشێت، هەر دەڵێت ناکرێت، لەبەر ئەوەی داگیرکەر پێی وتووە ناکرێت، کورد کاتێک سەردەکەوێت کە ڕێک ئەو دەمەی دوژمن دەڵێت ناکرێت، کورد بڵێت دەکرێت، بەم شێوەیە پاشەکشە بە داگیرکەردەکات، ئێمە بەم میتۆدە لە هەموو کێشەکان نزیک دەبینەوە و پرسی کۆنگرەی نەتەوەییش لەسەر ئەم بنەمایانە بەڕێوەدەبەین.

 

- پارتە سیاسیەکانی دیکە چۆن دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەونە تێکۆشانەوە و هەوڵبدەن؟

 

-داواکاری ئێمە لە هەموو ئەو لایەنانەی کۆنگرەی نەتەوەییان قبوڵکردووە ئەمەیە، کە هەڵوێستەکەیان لە ئاستی قسەدا نەمێنێتەوە، خەڵک هەڵنەخەڵەتێنن و داواکاری مێژوویی گەل بەجێبێنن، داواکاری ئەندامەکانی خۆیان بەجێبێنن، من پێموایە ئەو لایەنانەی کۆنگرەی نەتەوەیی بەباش نانرخێنن، ئەندامەکانیان حەز دەکەن بەشداری کۆنگرەی نەتەوەیی بن، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک پشتگیری ڕاگەیەندراوەکە بکەن، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە لە ئاستی پراکتیکدا پێش بکەوێت، پێویستە هەمووان بەرپرسایەتیان بەجێبێنن، گەلی کورد و بەتایبەت هونەرمەندان، ڕۆشنبیران نووسەران و ئەوانەی کاری کلتوری و هونەری دەکەن ئەرکی مێژوویی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بەجێبێنن، ئەرکی ئەوان چیە؟ وشیارکردن و ڕێککەوتن و وتنەوەی داواکاریەکانی گەل، ئەوەی زیان بە گەل بگەیەنێت بە گەل ڕابگەیەنن، ئەوەی خزمەت بە خەڵک دەکات پێشی بخەن، پپێشەنگی کۆمەڵگا بن، ئەگەر ئەوان بەم شێوەیە ئەرکەکانیان بەجێبێنن، پێموایە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی پێشدەکەوێت و بە پێشکەوتنی کۆنگرەکەش قازانجێکی گەورە بە گەلی کورد دەگات.

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin